شارپرێس: فڕۆكەوانی هیتلەر دوا قسەكانی هیتلەر دەگێڕێتەوە پێش ئەوەی خۆی بكوژێت ، هەروەك باسی ئەو دوا ساتانە دەكات كە پێش ئەوەی هیتلەر خۆی بكوژێت بەیەكەوە بوون چۆن گوزەراوە. بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی ، بیرەوەرییەكانی جەنەڕاڵ هانز پاوەر دووبارە لەژێر ناوی " من فرۆكەوانی هیتلەر بووم" بڵاوكراوەتەوە و گەلێك وێنەی دەگمەنی هیتلەر و ئەو قسانەی تێدا تۆمار كراوە كە هیتلەر لەدوا ساتەكانیدا لە ٣٠ ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ گوتوویەتی . جەنەڕاڵ پاوەر كە كەسێكی نزیكی هیتلەریش بووە لە تەمەنی ٩٦ ساڵی و لەساڵی ١٩٩٣ كۆچی دوایی كردووە لە بیرەوەرییەكانیدا دەڵێت " هیتلەر پێش ئەوە لەگەڵ ئیڤا بڕاون خۆی بكوژێت پێی گوتووە كە ئەمڕۆ هەموو شتێك كۆتایی دێت "، هەروەها دەڵێت " هیتلەر هاتە لام و دەستی خستە سەر دەستم و گوتی دەمەوێت ماڵئاوایت لێبكەم". ئەو جەنەراڵە ئەڵمانییە لەدرێژەی گێرانەوەكەیدا باسی لەوە كردووە كە هیتلە پێیوابووە لەلایەن جەنەراڵەكانییەوە شەرمەزار كراوە بۆیە گوتوویەتی نامەوێت چیتر بەردەوام بم . پاوەر دەڵێت "هەوڵمدا بڕوای پێبهێنم كە هێشتا فرۆكەی پیویستمان لەبەردەستە و دەتوانم بیگەیەنمە یابان یان ئەرجەنتین ، بەڵام ئەو ئەو بیرۆكەیەی رەتكردەوە ". ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هیتلەت گوتوویەتی شەڕ لەگەڵ كۆتایی بەرلین كۆتایی دێت ، من لەگەڵ بەرلین دەوەستم و لەگەڵ بەرلینیش دەكەوم. لە بیرەوەرییەكانیدا پاوەر دەڵێت چەند ساتێك پێش ئەوەی هیتلەر خۆی بكوژێت پێیگوتووە " دەبێت پیاو ئەوەندە ئازایەتی تێدابێت كە ئامادە بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی چارەنووسی خۆی ، دەزانم بەم كارەم ملیۆنان كەس لێم نیگەران دەبن ، بەڵام ئەوە چارەنووسە". پاوەر دەشڵێت ئەو رۆژەی هیتلەر خۆی كوشت ، وەك پاداشتێك بۆ ١٢ ساڵ خزمەتكردنم تابلۆیەكی هونەری كۆنی پێشكەش كردم . راپۆرتەكەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵ باسی لەوە كردووە كە پاوەر دوای خۆكوشتنی هیتلەر تەقەی لێكراوە و لەكاتی هەوڵی خۆدەربازكردنیدا قاچێكی لەدەستداوە ، دواتر دەستگیر كراوە و ١٠ ساڵ لە زیندانی سۆڤیتییەكاندا بووە ، لەو ماوەیەشدا زۆر ئازار و ئەشكەنجە دراوە بەمەبەستی ئەوەی زانیاری پەیوەست بە هیتلەر ئاشكرا بكات. وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی