كڕیارەكان لەعێراقن
بازرگانی بەخێوكردنی سەگ لەسوریا پەرەدەسەنێت

عیراق

18/04/2019‌ 1852 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
لەم دوایانە لە سوریا بەخێوكردن و بازرگانیكردن بە سەگ لەناو ماڵ و كێڵگەكاندا پەرەی سەندووە، بەڵام زۆر جار دابینكردنی خۆراك‌و دەرمانی پێویست بۆ بەخێوكردنیان دەبێتە كاریكی قورس .

عەلا یەكێكە لەو كەسانەی كە سەگ پەروەردە دەكات دەڵێت كیڵگەیەكمان هەیە ، ١٨٠ سەگی تێدا لە هەموو جۆر و تەمەنێك ، ١٥ سەگیان وەك ئەمانەت لێرە دانراون لەبەر ئەوەی خاوەنەكانیان بۆ دەرەوەی سوریا گەشتیان كردووە ، گەلێك جۆر سەگی لێیە ، بەڵام هەموویان رەسەنیان بیانییە ، نرخی سەگەكان لە ١٠ هەزار لیرەوە دەستپیدەكات  تا دەگاتە سێ ملیۆن لیرە .

عەلا وتوویەتی: هاوردەكردنی خواردنی سەگەكان بەشێوەیەكی فەرمی نییە ، بەڵكو بەقاچاخ دێت ، هەندێ جار  نرخی یەك كیلۆ خواردنی سەگەكان دەگاتە ٢٠٠٠ لیرەی سوری ، بەڵام ئەو خواردنە ئاساییەی دەیاندرێتێ بریتییە لە پاشماوەی سەربرینخانەكان بەجۆریك ئیسك و سنگ و ملی  میریشكەكان دەدرێت بە توتكە سەگەكان ، وە ئەوەی تریشی وەك ئێسكەكان دەدرێت بە سەگە گەورەكان .

هەروەك محەمەد میسری ئەویش كە بەخێوكەر و بازرگانی سەگە دەڵێت " ئێستا لە كیڵگەكان سەگی بیانی بەرهەم دەهێنین ، بەجۆرێك دایكەكان لە دەرەوە دەهێنین و لێرە زاوزییان پێدەكەین و دواتر هەناردەی دەرەوەیان دەكەین ، بەتایبەت بۆ عێراق و لوبنان ".

میسری ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە هەموو خواردن و دەرمان و دەرزی كوتان پێویستییەكانی تری بەخێوكردنی سەگ لە دەرەوە بە شێوەی قاچاخ هاوردە دەكرێت ، یاخود بەڕێگای تایبەتی و لەلایەن یەك كەسەوە دەهێنرێتە ناو سوریا ، ئەمەش وایكردووە نرخەكەی زۆر بەرز بێت .

خواردنی تایبەتی سەگ لە خواردنی وشككراوەی سەوزە و هێلكە و ڕۆن و پرۆتینات پێكدێت ،دواتر بەشێوەیەك هونەری ئامادە دەكرێت و بە كێشی جیاواز جیاواز دەخریتە ناو قوتوو ، كە نرخەكانیان لەنێوان ١٢٠٠ بۆ ٤٠٠٠ لیرەی سوری دایە بۆ یەك كیلۆ ، بەجۆرێك سەگ رۆژانە پێویستی بە ١٠٠ گرام لەو خواردنە ئامادەكراوە هەیە ، وە پشیلە پێویستی بە ٣٠ گرام هەیە ، لەبەر ئەوە خەرجی هەر سەگێك بە خواردن و چارەسەری و داودەرمان دەگاتە ٥٠ هەزار لیرەی سوری .

نرخی سەگە ناوخۆییەكانیش لەنێوان ٥٠ هەزار لیرەی سوری بۆ ٢٠٠ هەزار لیرە دەبێت ، بەڵام سەگی هاوردەكراو رەنگە نرخەكەی بگاتە سێ ملیۆن لیرەی سوری ، هەرچی سەگی پۆلیسیشە نرخەكەی لە دەوروبەری پێنج ملیۆن لیرەی سوریدایە .

حوسێن سلێمان بەڕێوەبەری تەندرووستی ئاژەڵی لە وەزارەتی كشتوكاڵی سوریا گوتوویەتی " لەماوەی ساڵی ٢٠١٧ مۆڵەت دراوەتە ٥٣ سەگ و ٤ پشیلە و كردنەوەی ٧ شوێنكار  و كێڵگەی راهێنان ، بەڵام لەساڵی ٢٠١٨ مۆڵەت بە ٢٥ سەگ و كردنەوەی ٥ شوێنكار و كێڵگەی ڕاهێنان و پەروەردەكردن دراوە ، ئەمساڵیش لە گوندەواری دیمەشق مۆڵەت بە ٣ سەگ و كیڵگەیەك دراوە ، لە سوەیداش مۆڵەت بە یەك پشیلە دراوە ، لەماوەی ساڵی رابردوو ١١ سەگ لە ئیماراتەوە هاوردە كراوە و ١٠٠ سەگیش بۆ ئەڵمانیا و ئوردن هەناردە كراوە .

وەرگیران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە