چیرۆكی ئەو ژنە ئێزیدیانەی منداڵیان لە چەكدارانی داعش هەیە

عیراق

18/04/2019‌ 3169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەیەكی ئەمەریكی لەراپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە، كە ئیزیدییەكان مەرجی ئەوەیان بۆ ئافرەتە ئیزیدییە رفێنراوەكانی لای داعش داناوە ئەگەر بێت‌و بیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناو كەس و كاریان ئەوە دەبێت دەستبەرداری ئەو منداڵانە ببن، كە لە چەكدارانی داعش بوویانە .

پێگەی NPR ی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، لە هۆڵێكی كۆنكرێتی لە یەكێك لە گوندە كوردنشینەكانی كوردستانی سوریا كۆمەڵێك ئافرەتی ئیزیدی ڕزگاربووی دەستی داعشی لێكۆكراوەتەوە، كە لەگەڵ منداڵەكانیانن ، دوای حەوت ساڵ لەكۆیلایەتی سێكسی چاوەڕی ئەوە دەكەن سنووری عێراق ببڕن‌و بگەڕێنەوە بۆ ناو كەسوكاری خۆیان لەكوردستانی عێراق ، بەڵام بۆ هەندێكیان كارەكە بەو ئاسانییە نییە. 

بۆ نموونە ئیبراهیمی تەمەن دوو ساڵ ناتوانێت لەگەڵ دایكی و خوشكە پێنج ساڵانەكەی بێت، كە لە دوو باوكی جیاوازن ، باوكی ئیبراهیم چەكدارێكی مەغرینی داعش بووە ، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر ناوچەی شنگالدا گرت و سەدان و هەزاران كچ و ژنی ئیزیدیان رفاند ، دایكیشی یەكێك بوو لە ئافرەتە ئیزیدییانەی لەگەڵ كچە بچووكەكەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنرا و بەزۆری لە باوكی ئیبراهیم مارە كرا .

پێگەكە بڵاویشیكردەوە، كە بە دایكی ئیبراهیم وتراوە ئەگەر دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ شنگال و بۆ ناو خیزانەكەی ، ئەوە دەبێت دەستبەرداری كورەكەی ببێت.

پێگەكە لەبەر هەستیاری بابەتەكە بێئەوەی ناوی بهێنێت هەروەها بڵاویكردووەتەوە، دایكەكە وتوویەتی "كورەكەم وەك كچەكەم خۆش دەوێت ، بەڵام دایكم و باوكم رازی نین لەگەڵ خۆم بیهێنم، ، شتەكە لە دەسەڵاتی مندا نییە ".

كۆمەڵێك كەس ، كە یاوەری دایكە ئیزیدییەكەیان دەكرد و دەیانەویست لەسنوور بپەڕنەوە ، بەڵام ئیبراهیمیان لەدوای خۆیان و لەكەمپەكە بەجیهێشت ، تەنانەت كچە پێنج ساڵانەكەش بۆ ئیبراهیمی برای دەگریا و دەیوت بۆچی ئەو لەگەڵمان نایەت ، دەمەوێت بۆلای ئیبراهیم بگەڕێمەوە ، بەدرێژایی رۆژ بۆ ئیبراهیم دەگریا .

دایكە ئیزیدییەكە ئەوەشی وتووە: چەند ساڵ دەبێت بۆ یەك ساتیش لێم دانەبڕاوە ، ئیستا لە ناكاو بۆ هەتاهەتاوتە لێم دادەبرێت ، ئەوە گەلێك سەختە بۆ من ".

فەهیمە سلێمان ، ئافرەتێكی ئیزیدییە یارمەتی ئەو ئێزیدییانە دەدات كە لەدەستی داعش ڕزگار كراون تاوەكو بگەڕێنەوە بۆ عێراق دەڵێت " لێرە هەموو دایكەكان دەگرین ، ئەوان نایانەوێت دەستبەرداری منداڵەكانیان ببن ، هەندێكیان لەتاو خەمی منداڵەكانیان سنگ و بەرۆكی خۆیان دەكوتن ، لەبەر ئەوەی ئەو منداڵانە بەشێكن لە گۆشت و خوێنی ئەوان ، بەڵام ئەگەر دایكەكە بیەوێت منداڵەكەی لەلا بمێنیتەوە ئەوە نە خێزانەكەیان وەریان دەگرێتەوە و نە كۆمەڵگەی ئیزیدیش ئەوەی پێقبووڵ دەكرێت ، تەنانەت نە كەس سەیریان دەكات و نە خواردنیان پێدەدرێت و نە كەسیش سەردانیان دەكات ، لەبەر ئەوە دایكەكان ناچارن منداڵەكانیان لێرە لە كامپەكە بەجێ بهێڵن .

شامی رامۆ یەكێكی ترە لەو ئافرەتە ئیزیدیانەی سەرپەرشتی گوستنەوەی ئەو ژنە ئیزیدییانە دەكات و دەڵێت " هەزاران حاڵەتی لەو جۆرەمان لایە ".

دایكێكی تری ئیزدیدی كە منداڵی لە چەكدارانی داعش هەیە بە پێگەكەی گوتووە كە داوای لە دایك و باوكی كردووە ڕیگەی بدەن منداڵەكەی لەگەڵ خۆی بهێنێتەوە ، بەڵام ئەوان ئەوەیان رەت كردۆتەوە ،هەروەك گوتوویەتی " زۆر ئافرەتی ئێزیدی دەناسم ، بەشێكیان دوو منداڵیان  لەگەڵ خۆیان هێناوە ، بەشێكیان سێ منداڵیان لەگەڵ خۆیان هێناوە ، بەڵام كەسوكاریان ئامادە نین پێشوازیان لێ بكەن ، خۆم كەسوكارم پییان گوتم هیچ كەسێك لەناو خیزانەكەمان ئەوەی قبووڵ نییە منداڵی چەكدارانی داعش لەگەڵ خۆت بهێنی.

ئەو دایكە ئیزیدییە رزگاركراوە لەدرێژی قسەی بۆ پێگەكە وتوویەتی" مادام چەكدارانی داعش مسوڵمانن ئەوە منداڵی ئەو چەكدارانەش هەر مسوڵمانن ، چونكە ئێزیدی ئەو كەسەیە كە لە دایك و باوكێكی ئیزیدی ببێت ، پێشیوایە هێشتا سەدان ئافرەتی ئێزیدی لەناو خیزانی چەكدارانی داعش و  لە ناو كەمپەكانی پەنابەراندا شاردراونەتەوە ، لەبەر ئەوەی دەزانن ئەگەر بگەڕێنەوە منداڵەكانیان لێدادەبڕێنن ".

پێگە ئەمەریكییەكە باسی لەوەش كردووە ، ئەو ئافرەتە ئیزیدیانەی سەرپەرشتی گەرانەوەی ژنانی رزگاركراوی ئێزیدی دەكەن باسیان لەوە كردووە كە ئیبراهیم و هەموو ئەو منداڵانەی تر كە لە چەكدارانی داعش بوون دەنێردرێن بۆ خانەی بێسەرپەرشتان و دواتر لەلایەن ئەو خێزانانەی منداڵیان نابێت لەخۆ دەگیرێن ".

پێگەكە لەكۆتاییدا ئاماژەی بەوەش كردووە، خێزانە نوێكەی ئیبراهیم ناوەكەی دەگۆڕن  تاوەكو نەزانێت منداڵی چەكدارێكی داعش بووە و دایكیشی لەیاد دەچێتەوە ، بەڵام دایكە ئیزیدییەكە هەرگیز  منداڵەكەی لەیاد ناچێتەوە لەبەر ئەوەی بەشێكە لە گۆشت و خوێنی خۆی ".

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی