توركیاو قەتەر دژی بە تیرۆرستناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانن

جیهان

20/04/2019‌ 2659 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەو كاتەوەی ئەمریكا بڕیاری پۆلێنكردنی پاسەوانی شۆرشی ئێرانی داوە وەك ڕێكخراویكی تیرۆرستی، توركیا و قەتەر دژ بەو بڕیارەی واشنتۆن وەستانەوە، چونكە دیدگای ئەنقەرەو دەوحە بەدەر نییە لە لێكەوتەكانی ئەو بڕیارەی واشنتۆن، چ لە هەڵوێستیان لەمەڕ تەنگژە هەرێمییە جۆراوجۆرەكان، یان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تاراندا كە لەمەودا سەخت و دژوار دەبن بەهۆی فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان. 

واپێدەچێت ئاكامی ئەو هەڵوێستەیان، بەڵای گەورەی پێوە بێت بۆ هەردووكیان،  ئەگەر لەسەر هەڵوێستەكەی خۆیان مكوڕبن و بچنە ڕێزی تارانەوه.

هۆكارەكانی پشت هەڵویستی توركیا و قەتەر 
چوار هۆكاری سەرەكی هەن وا لە توركیا و قەتەر دەكەن ڕووبەڕووی ئەو بڕیارەی ئەمریكا ببنەوە: 
وێكچوونی میكانیزمەكان: هەرسێك دەوڵەتەكە تا ڕادەیەكی زۆر وێكچوون لەو میكانیزمانەی بەكاری دینن بۆ برەودان بە ئامادەگیان لەسەر گۆرەپانی ناوچەكە، سڵناكەنەوە لە دەستوەردان لە كاروباری دەوڵەتانی دیكە، بە تایبەتیش لە ڕێگەی دروستكردنی  پەیوەندی لەگەڵ ئەو بكەرانەی دەوڵەت نین، یان پشتیوانی لە چەند ڕێكخراوێكی تیرۆرستی چەكدار، بەشێوەیەك كە ئەم هەڵوێستەیان لە سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن بە ڕوون و ئاشكرایی دەردەكەوێت.

خۆ ئەگەر توركیا و قەتەر پشتیوانی لەو بڕیارەی ئەمریكا بكەن وەك ئەوە وایە سیاسەتەكانی خۆیان ڕسوا بكەن كە تا ڕادەیەكی زۆر وێكچووی سیاسەتی ئێرانن.

باجی هاوپەیمانییەتی: هاوپەیمانییەتی نێوان ئەنقەرە و تاران و دەوحه، ڕووبەڕووی ‌ بژاردەی سنورداریان دەكاتەوه، ئەمەش پاڵیان پێوە دەنێت هەمیشە پشتیوانی یەكتربن. بڕیارەكەی توركیا و قەتەریش بە دژایەتی هەنگاوی پۆلێنكردنی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی وەك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی، دوا نموونەیە لەسەر ئەو هەڵوێستەیان، پێشتریش زۆر هەڵویستی لەو جۆرەیان هەبووە.  

قەتەر لە 15 ی ئۆگۆستۆسی 2018  و لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوه، ‌بە گوژمەی 15 ملیار دۆلار پشتیوانی توركیای كرد كاتێك دراوە نیشتمانییەكەی تووشی تەنگژەهات و بە هۆی دەستبەسەركردنی قەشە‌ (ئەندرۆ بڕۆنسۆن) یشەوە لەگەڵ ئەمریكاش پەیوەندییەكانی ئاڵۆز بوون پێش ئەوەی قەشەكە ئازاد بكات. 

پێشتریش هەر یەك لە ئێران و توركیا پشتیوانیان لە قەتەر كرد و دژ بە بڕیارەكەی ئەو چوار دەوڵەتە عەرەبییە وەستانەوە كە لە 5 ی یۆنیۆی 2017 دەریان كرد و داوای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵشتی سەقامگیرییان دەكرد. 

دەوحە و ئەنقەرە پەی بەوە دەبەن كە پاسەوانی شۆرشی ئێرانی هەر تەنها بەرجەستەی دامەزراوەیەكی سەربازی ناكات، بەڵكو گوزارە لەوە دەكات كە ناودارە بە ((ئیمپڕاتۆڕیەتی ئابووری))، چونكە ئەو هێزە چالاكی بەرفراوانی هەن لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، ئەمەش لە ڕێگەی باڵە ئابوورییەكانیەوە وەك كۆمپانیای ((خاتەمل ئەنبیا)) كە مەزەندەكان دەڵێن سەرپەرشتی 800 كۆمپانیای دیكە دەكات كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی پڕۆژەكان جێبەجێدەكەن، ژمارەی كارمەندانیشی دەگەنە 635 هەزار كەس، 135 هەزاریان موچەخۆری هەمیشەین و 500 هەزاریشیان موچەخۆری كاتین.

لێرەوە ئەو چالاكییە بەرفراوانانە دەتوانن گرفتی زۆر دروست بكەن، بە تایبەتیش بۆ توركیا كە ئومێدی زۆری لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران هەڵچنیووە و بە هاوبەشێكی بازرگانی سەرەكی خۆشی دەزانێت، هەردوو دەوڵەتیش نیازیان وایە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان  لە 10 ملیار دۆلاری وە بەرز بكەنەوە بۆ 30 ملیار دۆلاری ساڵانە. لە هەر سەردانێكی فەرمی هەردوو سەرۆك دەوڵەتیشدا بۆ لای یەكتری ، مامەلەی بازرگانی تازە واژۆ دەكەن بۆ گەیشتن بەو قەبارە ئاڵوگۆڕه بازرگانییەی پلانیان بۆداناوە.

بۆیە گومانی تێدا نییە كە ئەو بڕیارەی دوایی ئەمریكا كاریگەر‌ی گەورەی دەبێت لەسەر ئەرزی واقع و لەسەر ئاستی هاریكاری ئابووری، بە تایبەتیش ئاستەنگ دەخاتە بەردەم مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی سەر بە پاسەوانی شۆڕش بەوەی ئەم كارە دەچێتە خانەی هێڵە سوورەكانەوە كە ئیدارەی ئەمریكا كێشاونی و سەرۆكی ئەمریكاش بەو قسەیەی گوزارەی لێكردووە كە : ((هەر كەس و لایەنێك مامەڵە لەگەڵ پاسەوانی شۆرش بكات پشتیوانی لە تیرۆر دەكات)).

لەسەر ئەم بنەمایە، دەكرێت هۆكارەكانی بایەخدانی توركیا لێكبدرێتەوە بەوەی نایەوێت كەلێنی پشێویەكانی نێوان ئێران و هێزە نێودەوڵەتییەكان فراوانتربن، پێشتریش توركیا بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕازیل لە 17 ی مایۆی 2010 پێشنیاری یەكلاییكردنەوەی تەنگژەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیان كردبوو ، ئەمەش پێش ئەوەبوو كە ئێران و كۆمەڵەی (5+1) لە 14 ی یۆلیۆی 2015 بگەنە ڕێككەوتن. 

لە دوای كشانەوەی ئەمریكاش لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە 8 ی مایۆی 2018 ، توركیا دژ بە دووبارە سەپاندنەوەی سزا بوو بەسەر‌ ئێراندا، ڕاشیگەیاند كە پێیەوە پابەند نابێت، ئەمەش كەلێنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن فراوانتر دەكات، بە تایبەتیش ئەگەر لە مانگی مایۆی ئایندە ئەو وادەیەی بۆ تازە نەكرێتەوە كە بۆ 8 دەوڵەت فەراهەمكراوە كە نەوتی ئێرانی هاوردە دەكەن و توركیاش یەكێكە لەو دەوڵەتانە.

لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە زۆر پێنوێن (موئەشر) ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە توركیا یارمەتی ئێرانی داوە لە خۆدزینەوە و قورتوقولاپ لە سزا نێودەوڵەتییە سەپێندراوەكانی سەر تاران،  كە پێش گەیشتن بە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بەسەریدا سەپابوون، ئەمەش بە ڕوونی لە دۆسییەی سپیكردنەوەی پارەدا و لە پرسی ڕەزا زەڕابی بزنسمانی توركیدا (بە ڕەگەز ئێرانی) دەركەوت،  دوای ئەوەی بوو بە گەواهیدەری سەرەكی دۆسییەكه لەبەردەم دادگای ئەمریكادا دانی بەوەدانا ‌ كە لە كردەی نێوانگیری بازرگانی ئاڵۆز و بڵۆزی هەرێمییەوە‌ گلاوە بە ئامانجی برەودان بە كۆششەكانی خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەكان لە لە 3 ی یەنایەری  2018 و ڕێگەی بانكی ((خەلق)) ی توركییەوە، بەوەش تۆمەتبار كرا كە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2015 پێشێلی سزا ئەمریكییەكانی كردووە.

هاریكاری ئەمنی: لەوانەیە هەڵكشانی پشێوییەكانی نێوان تاران واشنتۆن لە ئاكامی دوا بڕیارەكەی ئەمریكا سەبارەت بەپاسەوانی شۆڕش، كاكە و برالەی هەریەك لە قەتەر و توركیا سەرەوژێر بكات و ئاستەنگیش بخاتە بەردەم بەردەوامی هاریكاری پەیوەندینێوانیان، بە تایبەتیش لە هەندێك تەنگژەدا لە سەرووی هەمووشیانەوە سوریا.

سەرباری ئەوەی لە ڕواڵەتدا قەتەر سیاسەتێكی دژ بە ئێرانی لە سوریا ڕایگەیاندووە، كە پشتیوانی ڕێكخراو و هێزەكانی دژ بە سوریا بوو، بەڵام هیچ سڵی لەوە نەكردۆتەوە بگاتە لێكتێگەیشتنی ئەمنی لەگەڵ ئێراندا كە ئاكامەكەی بەنهێنی واژۆكردنی مامەڵەی ئاڵۆگۆڕی دیكەكان بوو هی زۆرێك لە ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان ، كتومت وەك ئەوەی نێوان بەرەی نوسڕە و حزبوڵا.

ڕێككەوتننامەی چوار شارۆچكە و گوندەكە‌‌ (مەزایا و زبدانی و كفریا و فوعە) كە لە 12 ی ئیپڕیلی 2017 واژۆكرا دیاترین نموونەیە لەسەر ئەم ڕاستییەی سەرەوە، بەوەی مەدەنی و چەكدارانی هەردوو شارۆچكەی فەوعە و كفریای شیعە مەزب برانەدەرەوە لە بەرامبەر بردنەدەرەوەی مەدەنی و چەكدارانی هەردوو گوندی مەزایا و زبدانی سونە مەزەب. ئەو مامەڵەیە درێژكراوەی ڕێككەوتنی دیكە بوو كە لە نێوانی ئێران و قەتەر سەبارەت بە ئازادكردنی فڕێندراوە قەتەرییەكانی ناو عێراق واژۆ كرابوو.

ئەمە بۆ توركیاش هەر ڕاست دەردەچێت، چونكە دژیەكی سیاسەتەكانی توركیا و ئێران ڕێگر نەبوو لەوەی هەردوو دەوڵەت ئاستی پەیوەندییە ئەمنییەكانیان بەرزبكەنەوە، بەشێوەیەك لە بەشداری بەردەوامیان لە ڕێرەووی ئەستانە لەگەڵ ڕوسیادا ڕەنگیدایەوه. هەردوو دەوڵەتیش گەیشتنە چەند لێكتێگەیشتنێك سەبارەت بە باكوری عێراق، بە تایبەتیش لەدوای قۆناغی ئەو ڕیفرانۆمەی لە 25 ی سێبتێمبەری 2017 لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.

لەژێر رۆشنایی ئەوەی لەسەرەوە باسكرا، لە سایەی ئەو بارگرژییانەی لە نێوان تاران و واشنتۆنیشدا هەیە ،واپێدەچێت تەوەربەندی ئەو سێ دەوڵەتە (ئێران، توركیا، قەتەر) ڕووبەڕووی ئاڵێنگاری زۆر ببێتەوە. 

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر