كۆمەڵكوژی دارفورو چارەنووسی عومەر حەسەن بەشیر

جیهان

20/04/2019‌ 1125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی لەكارخراوی سودان (عومەر حەسەن بەشیر) یەكەمین سەرۆكی وڵاتێكە لەدنیادا، كە لەبەرانبەر تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی فەرمانی دەتسگیركردنی درابێت، بەڵام ئەو فەرمانە تا ئێستا جێبەجێنەكراوە و لە ڕابردوودا بەشیر توانیویەتی بێ سەرئێشە بە دوروبەرەكەیدا گەشت بكات و بجوڵێ و چاوی بە هاورێكانی لەسەركردەی وڵاتان بكەوێت.

پارساڵیش بێ هیچ ڕێگریەك سەردانی خولی جیهانی یارییەكانی لە مۆسكۆ كرد، تەنانەت ساڵی ڕابردوو وا دەردەكەوت ئەمریكی و ئەوروپیەكانیش كەمتر خۆیان لەقەرەی فەرمانی دەستگیركردنەكە بدەن.

هێدی هێدی ئەمریكا سزا ئابوورییەكانی لەسەر سودان خاوكردەوە و حكومەتەكانی ئەوروپاش دەستی دۆستایەتیان بۆ خەرتوم درێژكرد لەبەر ئەوەی سودان دەكەوتە سەر ئەو ڕاڕەوە ئاویەی ڕوباری نیل كە ئاوارەكانی خۆرهەڵاتی  ئەفێریكا (ئەفریقیا) دەیانگرتەبەر.

بەو ئامانجەی ئاوارەكان لە نزیك وڵاتەكانی خۆیان ڕابگرن یان ڕێگەی گەیشتنە ئەروپایان لێبگرن پێویستبوو پەیوەندیەكانیان لەگەڵ سوداندا بپارێزن.

بەوەش جینۆسایدی دارفور هێدی هێدی لەبیركرا، دوای ئەوەی پرۆسەیەكی هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەفیریقا لە ناوچەیەكی تری ئەفیریقا پرۆسەیەكی ئاشتی بەدوادا هات و بەوەش كەیسی دارفور لە ناوچەكە پاشەكشەیكرد.

لەڕاستیدا كەیسی دارفور سەربە سەردەمێكی تر بوو، ئەو سەردەمەی مافەكانی مرۆڤ ڕەگەزێكی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا بوو، بەردەوامیش پێداگیری لە پابەندبون و جێبەجێكردنی ئەو مافانە دەكرد.

ئەمڕۆ كۆی بارودۆخەكە جۆرێكی تر سەیردەكرێت، بۆ وڵاتانی ئەوروپای یەكگرتووEU  مەسەلەی سەقامگیری لە ڕیزی پێشەوەی ئەولەویەتەكانە و بەر لە هەموو شتێك نایانەوێت لەگەڵ لێشاوێكی تری پەناهەندە سەروكاریان هەبێت، بۆ ئەمریكاش ، كە بەڵگەنامەی دادگای نێودەوڵەتی ئیمزا نەكردووە ئەو بابەتە ئاڕاستەیەكی تری وەرگرتووە و  تاوانگەلێك كە لە ئەفریقا ئەنجامدەدرێت لای حكومەتی ئێستای واشنتۆن بەراورد بە حكومەتەكەی پێشخۆی جیگەی بایەخ نییەو بەو مانایای دەرەنجام كۆمەڵكوژیەكەی پێشوو لەڕواندا و دواتر ئەوەی سودانیش ڕێگەپێدراو دەبێت.   

لەم ساتەوەختەدا ئەگەری زۆرە كەعومەر بەشیر ڕاپێچی دادگای نێودەوڵەتی نەكرێت و دەسەڵاتی ئێستای سودان  بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە ڕادەستكردن بە دادگای دانهاخ ڕوونادات،و هاوشێوەی ئەوەش كە لە عێراق دەرهەق بە سەدام حسێن ئەنجامدرا بەرەوڕووی دادگایەكی ناوخۆیی بكرێتەوە و لە وێدا لەمەڕ كەیسی دارفوریش لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێ هێشتا جێگای پرسیارە، لانیكەم تا ئەو كاتەی سوپا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە چونكە لە ڕیزەكانی سوپادا ژمارەیەكی زۆری ئەفسەر هەن كە دەستیان لەو خوێنەدا سوورە و خۆیان لەقەرەی دادگایكردنێكی كراوە و شەفاف نادەن. 

لێرەدا كاتێكی گونجاوە كە جارێكیتر كورتەی تۆماری تاوانە دڕندانەكانی سوپای سودان و میلیشیاكانی سەر بە حكومەت كە دەرهەق بە خەڵكی دارفور ئەنجامیاندا وەبیربێنینەوە:

دوو ملیۆن و هەشتسەد هەزار كەس لە شوێنی نیشتەجێبونیان دەرپەڕێنران و تا ئەمڕۆش بەشێكی زۆریان وەك ئاوارەی ناوخۆ ژیان بەسەر دەبەن.

هەزاران گوند بە تەواوی وێرانكران.

 ژمارەی كوژراوان بە زیاتر لە چوارسەد هەزار و برینداربوانی بەیەكدادانەكانیش بە هەمان ژمارە مەزندە دەكرێت.

 تا ئێستاش ژمارەی ئەو ژن و كچانەی بوونە قوربانی توندوتیژی و لاقەكردنی سێكسی نازانرێت بە تەواوەتی چەندە،كە بەلایەنی كەمەوە بە دەیان هەزار كەس مەزەندە دەكرێت.

لەو ژمارانەوە دەردەكەوێت كە هاوشێوەی ڕژێمی بەعس لە عێراق و سوریا ڕژێمی سودانیش بە سەرۆكایەتی عومەر بەشیر دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری توندوتیژ و دڕندەی ناوچەكە بووە و دواجار سەدام حسێن لەڕێی پرۆسەیەكی سەربازیەوە ڕوخینرا و بەشار ئەسەدیش بەهۆی پشتیوانی و هاوكاری ڕوسیا و ئێرانەوە تا ئێستا لە دەسەڵاتدا ماوە،و لە هەمووی دەلالەت ئامێز و گرنگتر ئەوەیە كە كۆمەڵكوژێكی وەك بەشیر لەڕێی بەرەنگاربونەوەیەكی  ئاشتیانەوە لە كاردەخرێ و خۆپیشاندەران لە خەرتوم و شارەكانی تر لە ئەزمونی سوریاوە تێگەیشتبون كە ناتوانن ئومێد لەسەر پشتیوانی دەرەكی هەڵبچنن،چونكەماوەیەكی زۆر بوو ووڵاتانی خۆرئاوا لەگەڵ بەشیردا پێكهاتبون كە چیتر باس لە گۆڕینی ڕژێم نەكەن و جێگای شەرمیشە بۆ بەناو(كۆمەڵگای نێودەوڵەتی)كە خەریكبون هێدی هێدی جارێكیتر سەرۆكی سودان لە ڕیزەكانیاندا جێبكەنەوە،بەڵام خۆپیشاندەرانی سەر شەقامەكانی سودان ئەو كەینوبەینەیان لێتێكدان و حیساباتەكەیان هەڵوەشاندنەوە . 

سەرچاوە: Mena-Watch
وەرگێڕان لەئەڵمانییەوە: بەرزان حەمەخورشید