لە 121 ساڵەی یادی رۆژنامەگەری كوردی
دۆسێی‌ كوژرانی‌ رۆژنامەنووسان لەكوردستان بەهەڵپەسێردراوی‌ ماونەتەوە

کوردستان

22/04/2019‌ 961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هونەر حەمەرەشید
رۆژنامەنووسانی‌ كوردستان لەكاتێكدا یادی‌ یەكەم ئەزموونی‌ میدیای‌ چاپكراوی‌ كوردی‌ دەكەنەوە، چاویان لەسەر ئەوەیە دۆسێی‌ كوشتنی‌ هاوكارەكانیان یەكلایی‌ بكرێتەوەو ژیانی‌ ئەوانیش پارێزراوبێت.

(121) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی‌ یەكەمین رۆژنامەی‌ كوردی‌ (كوردستان)، ئەو رۆژنامەیەی‌ 22ی‌ نیسانی‌ 1898 خێزانی‌ بەدرخانییەكان لەقاهیرەی‌ پایتەختی‌ میسر دەریانكرد، بەر لەوەی‌ یادەكەی‌ ئەمساڵ بكرێتەوە زۆر رۆژنامەنووس هەن دەڵێن باشترین یادكردنەوە ئەوەیە سەلامەتی‌ گیانی‌ رۆژنامەنووسان دەستەبەر بكرێت‌و دۆسێی‌ رۆژنامەنووسە كوژراوەكان یەكلایی‌ بكرێتەوە.

دواین كەیسی‌ كوشتنی‌ رۆژنامەنووسان لەهەرێم، كەیسی‌ رۆژنامەنووس وەدات حوسێنە، كە لە13ی‌ ئابی‌ 2016 لەشاری‌ دهۆك پاش رفاندنی‌ بەكوژراوی‌ تەرمەكەی‌ دۆزرایەوە، بەڵام ئەوە چەند مانگێك بەسەر كوشتنەكەی‌ رۆشتووەو تائێستا كەیسەكەی‌ هیچ هەنگاوێك نەچووەتە پێشەوە.

وەدات حسێن ماوەیەك لەمیدیاكانی سەر بەپارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كاریكردووەو كەسوكارەكەی باس لەوە دەكەن ئەو كەیسە وەكو خۆی‌ ماوەتەوەو هیچ بڕیارێكی‌ تیا نەدراوە.

تاریق حسێن برای وەدات دەڵێت: "براكەم كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبووەو تائێستاش هیچ بەرەو پێشچوونێك لەكەیسەكەیدا رووینەداوەو هیچ كەسێكیش دەستگیرنەكراوە".

كوژرانی‌ وەدات درێژكراوەی‌ زنجیرەیەكە لەكوژرانی‌ رۆژنامەنووسان لەساڵی 2007ەوە بوو، دیارترینیان تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان (سۆرانی مامە حەمە - كەركوك)‌و (سەردەشت عوسمان - هەولێر)‌و (كاوە گەرمیانی - كەلار)‌و (وەدات حسێن - دهۆك) بوون، هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەش بەوە ناسرابوون، كە رەخنەگری دەسەڵات بوون.

دلۆڤان بەرواری سەرۆكی گروپی پارێزەرانی دۆسییەی وەدات، كە ژمارەیان 13 پارێزەرە باسی لەوەكرد پێویستە لەكەیسی وەداتدا لایەنێكی‌ سەربەخۆ لێكۆڵینەوەی بكردایە، چونكە كەسوكاری وەدات پەنجەی‌ تۆمەت بۆ دەزگا ئەمنییەكانی دهۆك درێژ دەكەن‌و ئەوانیش هەر خۆیان لێكۆڵینەوە لەو كەیسە دەكەن.

بەرواری‌ ئەوەشی وت: "تەنیا دۆزینەوەی بكوژی وەدات گرنگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە بتوانرێت ئەوە ئاشكرابكرێت، كە كێ لەپشت كوشتنی وەداتەوەیە، بەداخەوە لەكوردستان بكوژی رۆژنامەنووسان نادۆزرێنەوە، بەهیواین ئێمە بتوانین بكوژی وەدات بدۆزینەوەو هۆكارەكانی كوشتنەكەی بۆ خەڵكی ئاشكرا بكەین".

یەكێك لەو رێكخراوانەی‌ كە لەعێراق‌و هەرێمی‌ كوردستان بەدواداچوون بۆ كەیسی‌ رۆژنامەنووسان دەكات، كۆمیتەی‌ بەرگری لەرۆژنامەنووسان  (CPJ)ی‌ ئەمریكییە، ئەو رێكخراوە لەراپۆرتەكانیدا بەدواداچوونی‌ بۆ كەیسی‌ رۆژنامەنووسە كوژراوەكان كردووەو تیشكی‌ خستووەتە سەر ئەوەی‌ كەیسەكان نە لەبواری‌ لێكۆڵینەوەدا، نە لەبواری‌ دادگایكردن هیچ بەرەو پێشچوونێكی‌ بەخۆوە نەبینیوە، ئەوەش بەقسەی‌ شەریف مەنسور.

شەریف مەنسور، بەرپرسی‌ بەشی‌ رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست‌و باكووری‌ ئەفریقای‌ (CPJ) وتی: "بەدواداچوونی تایبەتمان هەبووە بەكەیسی‌ ئەو رۆژنامەنووسانەی‌ تیرۆركراون، یان توندوتیژییان بەرانبەر كراوە، بەڵام بەداخەوە كەیسەكان هیچ بەرەو پێشچوونێكیان بەخۆوە نەبینیوە".

كەیسی‌ كوشتنی‌ رۆژنامەنووسان لەكوردستان یا ناگەنە ئەنجام، یاخود كاتێك ئەنجامەكەیان بڵاودەكرێتەوە بۆ كەسوكارو هاوكارەكانیان جێی‌ باوەڕ نین.

بۆ نموونە دەزگا ئەمنییەكان بكوژی‌ رۆژنامەنووسان سەردەشت عوسمان‌و كاوە گەرمیانیان راگەیاندووە، كەچی‌ كەسە نزیكەكانیان‌و رێكخراوەكانی‌ داكۆكی‌ لەرۆژنامەنووسان دڵیان بەو ئەنجامانە ئاو ناخواتەوە.

رەحمان غەریب چالاك لەسەنتەری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ لەمافی‌ رۆژنامەنووسان لەهەرێم دەڵێت: "چەند كەیسێكی‌ رۆژنامەنووسمان هەیە لەهەرێم، كە لەلایەن دادگاوە یەكلاكراونەتەوە، ئەنجامەكانیان هیچ جێگەی‌ باوەڕ نین".

رەحمان وتیشی‌ "راستە كەیسی‌ رۆژنامەنووسان كاوە‌و سەردەشت یەكلاكراونەتەوە، بەڵام باوەڕكردن بەئەنجامەكانیان زۆر ئەستەمەو بەتەواوی‌ جێگەی‌ گومانن، ئەو كەسانەشی‌ بەتاوانی‌ كوشتنەكە دادگایی كراون، گومانمان نییە، ئەو كارەیان پێكراوە".

كاوە گەرمیانی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ 2013، لەنێو ماڵەكەی‌ خۆیدا دەستڕێژی‌ گوللەی‌ لێكراو كوژرا،  سەردەشت عوسمانیش لەئایاری ٢٠١٠ لەبەردەم كۆلیژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین لەهەولێر رفێنراو پاش دوو ڕۆژ تەرمەكەی بەقۆڵبەستراوی لەنزیك موسڵ دۆزرایەوە.

كاروان ئەحمەد، برای‌ رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی‌ وتی‌ "ئەنجامی‌ كەیسی‌ كاوە گەرمیانی‌‌و رۆژنامەنووسە هاوڕێ‌ شەهیدكراوەكانی‌ وەك، سەردەشت عوسمان‌و سۆرانی‌ مامە حەمە، نە بۆ ئێمە، نە بۆ رای‌ گشتی‌ جێگەی‌ باوەڕ نین".

نەك كەسوكارەكان، تەنانەت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش زۆر دڵیان بەو ئەنجامانە خۆش نییە، كە رادەگەیەنرێت، شەریف مەنسور، بەرپرسی‌ كۆمیتەی‌ بەرگری‌ لەرۆژنامەنووسان دەڵێت "ئێمە بەو ئەنجامە گەیشتووین دادگا زۆر كەمتەرخەمە لەیەكلاكردنەوەی‌ دۆسیەی‌ تیرۆكردنی‌ رۆژنامەنووسان‌و دەشزانین، كەیسەكان بەلارێدا براون‌و بكوژی‌ سەرەكی‌ تیرۆركردنەكان نەدۆزراوەتەوە".

دەشڵێت "لەگەڵ بەرپرسانی‌ هەرێم‌و دادگاكانیش لەو بارەوە چەند جارێك گفتوگۆمان كردووە، بەڵام لەهەموو جارەكاندا وەڵامێكی‌ باوەڕپێكەریان نەداوەتەوە بەئێمە".

ئەو كاتەی‌ رەوتی‌ لێكۆڵینەوەو دادگایی‌ بكوژانی‌ كاوە گەرمیانی‌ بەڕێوە دەچوو، پارێزەرەكانی‌ لەمیدیاكانەوە دەیانوت هیچ متمانەیان بەئەنجامەكان نییەو بەلاڕێدا دەبرێن، بەڵام سەرەنجام دۆسێكە بەو شێوەیە كۆتایی‌ هات كە خۆیان گومانیان لێی‌ هەبوو.

كاوە لەتیف یەكێك بوو لەو پارێزەرانەی‌ لەكەیسی‌ رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی‌ كاریكردووە، وتی "زۆر بەڕوونی‌ دیارە كەیسی‌ رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی‌ بەلارێدا براوە، ئەوەش بەهۆی‌ ئەوەی‌ بكوژەكە چەند جارێك لەبەردەم دادوەر وتەی‌ خۆی‌ گۆڕی‌‌و دواتر لەوتەكانی‌ پەشیمان بووەوە".

كاوە لەتیف وتیشی‌ "لایەنی‌ لێكۆڵینەوەكان‌و دادگا لەو بارەوە كەمتەرخەمن‌و كەمتەرخەمییەكەشیان لەوەوە سەرچاوەی‌ گرتووە، كە ئەو لایەنانە لەژێر هەیمەنەی‌ حیزب‌و دەسەڵاتدان‌و ناتوانن كەیسەكان وەك خۆی‌ یەكلابكەنەوە، كە كاتێك بكوژەكەش دەدۆزنەوە، هاندەری‌ كەیسی‌ كوشتنەكە نادۆزنەوەو بەوەش كەیسەكە دادەخەن".

لەناو بۆچوون‌و هەڵوێستی‌ ناچوونیەكی‌ لایەنە جیاوازەكان، ئەوەی‌ رۆژنامەنووسان چاوەڕێی‌ دەكەن ئەوەیە كاتێك ساڵی‌ داهاتوو یادی‌ رۆژنامەگەری‌ كوردی‌ دەكەنەوە، لانی‌ كەم دۆسێی‌ كوژرانی‌ هاوەڵەكانیان گەیشتبێتە ئەنجام بۆ ئەوەی‌ ئەو مەترسییە لەسەر ئەوانیش دووبارە نەبێتەوە.