كۆنگرەی نائاسایی دەبەستێت
شاسوار عەبدولواحید لەگەڕانەوەی ناڕازییەكانی نەوەی نوێ‌ بێ‌ هیوا دەبێت

کوردستان

24/04/2019‌ 4057 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاسوار عەبدولواحید لەگەڕانەوەی ناڕازییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بێ‌ هیوا دەبێت‌و بەنیازیشە كۆنگرەی نائاسایی بۆ جوڵانەوەكە ببەستێت.

"چاوەڕوان بن.. دوو رۆژی تر دێمەوە خزمەتان، هەمووتان دڵنیابن، كە راستگۆیی‌و ئەخلاقی جوان‌و دڵپاكی سەردەكەوێت.. خۆفرۆشی‌و نامەردی‌و نمەك بەحەرامەكان بێبەهاترین خەڵكانن لای كۆمەڵگا"، ئەوە دواین هەڵوێستی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌-یە، كە لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستگران بڵاویكردووەتەوە.

ئەو هەڵوێستە دوای دروست بوونی ناڕازاییە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، كە چەند رۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق‌و كوردستان‌و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەكە ناڕازاییان بەرانبەر سیاسەتی شاسوار عەبدولواحید دەربڕی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، شاسوار عەبدولواحید چ لەرێگەی خۆی، چ لەرێگەی چەند كەسایەتییەك، هەوڵی ئەوەی داوە ، كە ناڕازییەكانی ناو جوڵانەكەی ئاشتبكاتەوەو بیانگێڕێتەوە بۆ ناو نەوەی نوێ‌.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاسوار لەسەرجەم هەوڵەكانی شكستیهێناوەو نەیتوانیوە ناڕازییەكان رازی بكات، بۆیە ئەو پەیامەی بڵاوكردووەتەوە، كە رەنگە ئەوە قسەی كۆتایی بێت بەرانبەر ناڕازییەكان.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەگەر هەیە شاسوار عەبدولواحید وەك سەرۆكی جوڵانەوەكە بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو ناڕازییانە بدات، ئەوەش بەئەنجامدانی كۆنگرەی نائاسایی، بۆ ئەوەی شەرعییەت بەدوورخستنەوەیان بدات‌و كەسانی تر لەشوێنیان دابنێت.

ناڕازییەكانی ناو نەوەی نوێ‌، پەیوەندی بەهەوڵەكانی شاسوار عەبدولواحید بۆ تێكەڵكردنی بازرگانی‌و سیاسەت‌و بە بنەماڵەیكردنی جوڵانەوەكە هەیە، كە بەهۆی ناڕازییەكانەوە، نەوەی نوێ‌ ئێستا بەتەواوی دابەشی دوو بەرە بووەو بەرەی ناڕازییەكان بەهێزترن.

هـ ـ ح 

بەپەلە