چین مزگەوت‌و شوێنە ئاینییەكانی مسوڵمانان دەڕووخێنێت

جیهان

09/05/2019‌ 1737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵانە لەم كاتانەدا ژمارەیەكی زۆری مسوڵمانی ئویگۆر ڕوویان دەكردە بیابانی تكلامكان لەهەرێمی شینگیانگ لە رۆژئاوای چین بۆ زیارەتی ئارامگای "ئیمام عاسم".

زیارەتكاران پێیان وابوو، كە ئەوەی لەناو گۆرەكەدایە یەكێكە لەجەنگاوەرە ئاینییە دێرینەكان ، بۆیە واراهاتبوون بەهەزاران كەس لەسەری كۆببنەوە و  گەرەترین رێورەسمی سۆفیگەرانەی لەناوچەكە لەسەر بەڕێوە ببەن.

بەڵام ئەمساڵ، گۆڕەكە هیچ سەردانكەرێكی لەسەر نییە و مزگەوتەكەی دراوسێشی لەگەڵ زەوی تەخت كراوە ، بۆیە ئەمساڵ هیچ چالاكییەكی سۆفیگەرانە لەو جێگایە بەرچاو ناكەوێت .

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی و پێگەی بیلینگكات لەئەنجامی لێكۆڵینەوەیكیان گەیشتوونەتە ئەوەی، كە پێگەكە یەكێكە لەو ٢٤ پێگە ئیسلامییەی دەسەڵاتدارانی چین لەوەتی ساڵی ٢٠١٦ وە لەهەرێمی شینگیانگ وێرانیان كردوون ، ئەوەش لەچوارچێوەی لابردنی هەموو ئەو مزگەوتانەی لەو هەرێمەدا هەن و كەمینەی ئویگۆر تێیدا زۆرینەی هەرێمەكەن .
ب
ەپێی ئەو لیكۆڵینەوەی بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستكردەكان كراون ، دەركەوتووە ٣١ پێگەی ئیسلامی لەكۆی ٩١ پێگە، كە شیكردنەوەیان بۆ كراوە وێران كراون.

هەر بەپێی لێكۆڵینەوەكە، لەنێوانیاندا ١٥ مزگەوت و دوو گڵكۆ  بەتەواوەتی تێكدراون، ئەوەش بەپاساوی دژایەتیكردنی پەڕگیری چین بەشێوەیەكی زۆر توند چاودێری كەمینەی ئویگۆر لە وڵاتەكەی دەكات ، بەجۆرێك نزیكەی یەك ملیۆن كەسی لێدەستگیر كردوون‌و خستوونییەتە ناوەندەكانی دووبارە شیاندنەوە .

لەوەتەی لەساڵی ١٩٤٩ وە چین دەستی بەسەر هەرێمی شینگیانگدا گرتووە ، بەردەوام هەوڵیداوە ناسنامەی خەڵكی ئویگۆر بسڕیتەوە.

راپۆرتەكەی گاردیان و بیلینگكات باس لەوەش دەكات، كە دەسەڵاتدارانی چین ماوەیەكە دەستی كردووە بە تێكدانی گڵكۆ و مەقەدەكان ، ئەوەش لەبەر ئەوەی جێگایەكن زۆرترین ژمارەی مسوڵمانی ئویگۆری تێدا كۆدەبێتەوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان مزگەوتی كارگلیك كە گەورەترین مزگەوتی ناوچەكە بووە لەساڵی ٢٠١٨ بەتەواوەتی تێكدراوە.

چالاكان پێیان وایە چین دەیەوێت لەرێگای تێكدانی مزگەوت و مەرقەد و ئارامگە ئاینییەكان نەوەی نوێی ئویگۆرییەكان لە مێژوو ی خۆیان داببڕێت ، ئەوەش وەك رێگایەك بۆ زاڵبوون بەسەر تووندرەویدا .

وەرگیران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی