تاران لەبەردەم ناڕەحەتیدا.. ترامپ 3 بژاردە دەخاتە بەردەم ئێران

جیهان

13/05/2019‌ 9078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوە، وتارێكی بڵاوكردووەتەوە سەبارەت بە بژاردە سەخت و دژوارەكانی بەردەم ئێران، كە ئەمریكا بۆی دیاری كردوو‌و لەوانەشە ببنە هۆی بەرەنگاربوونەوەیەكی سەراپاگیر لەنێوان هەردوولادا لەناوچەكە.

ڕۆژنامەكە بەدەسەڵاتخواز و سەركوتكەر‌ وەسفی سیاسییە ئێرانییەكانی كردووەو بڵاویكردووەتەوە، كە پێویستە ڕەفتاری خۆیان بگۆڕن، كەچی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا و ڕاوێژكارەكانی مكوڕن لەسەر ئەوەی ئێران هەموو ئەو شتانە بكات ، كە واشنتۆن داوایان دەكات و لە بەرژەوە‌ندی خۆیدان، بەدیاریكراویش كۆشكی سپی داوای ئەوە دەكات كۆتایی بە 40 ساڵەی بەرەنگاربوونەوەی ئێرانی بهێندرێت، كە لە ساتەوەختی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئێرانییەوە دەستیپێكردووە، واتە ئەوەی ئەمریكا داوای دەكات گۆڕینی ڕژێمەكەیە.

ڕۆژنامەكە پێیوایە سەركردایەتی ئێرانی تەنها 3 بژاردەی لەبەردەستن، خۆڕادەستكردن، چاوەڕوانی یان بەرەنگاربوونەوە، ڕۆژنامەكە وایدەبینێت بژاردەی خۆرادەستكردن هەرگیز بژاردەیەكی ڕاستەقینە نییە، چونكە حەسەن ڕۆحانی وەك سەرۆكێكی میانەڕەوو‌ ، هاوپەیمانە سەرەكییەكانی وەك محەمەد جەواد زەڕیفی وەزیری دەرەوەی، ئەو جۆرە بژاردەیان بۆ ناچێتە سەر و لەو‌ لێكەوتە ستراتیژی و هەرێمییە سەراپاگیرانەش دەربازیان نابێت، كە لە داواكارییەكانی ئەمریكییەكان دەكەونەوە.

هەر هەوڵێكیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی مامناوەند لەلایەن دامەزراوەی ئاینی بە سەرۆكایەتی ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی مورشیدی باڵا‌ و توندڕەووەكان و ڕاستڕەووەكان و پاسەوانی شۆڕشەوە دەقۆزرێتەوە بۆ لێدان لە پاشماوەی جەمسەری چاكسازی لە ئێران.

ڕۆژنامەكە هۆشداری ئەوەشیدا لە ئەگەری كۆنتڕۆڵ لەدەستدانی ئێران بەسەر كاروباری وڵاتەوە،‌ دوور نییە بە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەرینە جەماوەرییەكانی شارەكان، كە ‌پشتیوانی دەرەكییان لێدەكرێت وڵاتەكە لێكهەڵوەشێت ، بە تایبەتیش سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی كەمینە نەتەوەییە بچوك و گەورەكان.

هەر بەگوێرەی قسەكانی ڕۆژنامەی گاردیان، پیشبینی ئەوە ناكرێت ئەمریكا خاوەنی پلانێكی پێشوەخت بێت بۆ قۆناغی دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی تاران، هەروەك لەعێراقیش لە ساڵی 2003 خاوەنی پلانێك نەبوون، جا لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشینە كارەساتبارهدا،  پێویستە لەسەر جۆن بۆڵتۆنی ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندازیارەكەی داگیركردنی عێراق، زۆر بیر لەو بژاردەیە‌ بكاتەوە، پێویستە لەسەر كورتبینەكانیش لەوبارەوە ووریابن. 

هەروەها ڕۆژنامەكە پێیشوایە بژاردەی دووەم، واتە چاوەڕوانیكردنی ئێران تاوەكو  لە ڕێگەی هەڵبژاردنەكانی ئایندەی ئەمریكاوە ترامپ لەسەركار لادەچێت، بژاردەیەكی دژوارە،  لەوانەیە ترامپ گەڕی دووەمی سەرۆكایەتی بیباتەوە، شیمانەی (احتمال) ئەوەش نییە هیچ جێگرەوەیەكی دیموكراتەكان بۆ شوێنەكەی ترامپ سەر‌باری ئەوەش‌، كە بە سیاسەتەكانی ترامپ ڕازی نین،  فشارەكان لەسەر ئێران كەمبكاتەوە، بۆیە لە سایەی دۆخی سیاسی ئاڵۆزی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بژاردەی دەربازبوونی ئێران لە قولاپەكە بژاردەیەكی بەردەست نییە.

هەر بە گوێرەی ڕۆژنامەكە شیمانەی جوڵەی ئەوروپییەكان بۆ دەربازكردنی ئێران لەگۆڕێ نییە، كە ماوەی 60 ڕۆژیان بۆ ڕۆحانی دانابوو تاوەكو گیان بە بەر ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەدا بكاتەوە، چونكە سەرباری ناڕەزایی فەڕەنسا و بەریتانیا لە سیاسەتەكانی ترامپ، كەچی لە هەمان كاتدا، هەڕەشەكانی  حەسەن ڕۆحانیشیان ڕەتكردووەتەوە بە دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكانیان، ئەوان چاوەڕێی پاشەكشە لە ئێران دەكەن نەوەك لە واشنتۆن.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا، كە هەوڵەكانی هەندێك لە دەوڵەتانی یەكیەتی ئەوروپا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بۆ خۆدزینەوە لە سزا ئەمریكییە تازەكانی سەر ئێران ئاكامێكی نەبووە، ئومێدهەڵچنینیش لەسەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە پەرتوبڵاوە لە هەڵوێستەكانیدا و متمانەداری خۆشی لەدەستداوە، لەوەی لێپێچینەوە لە ئەمریكا بكات، كارێكی ناواقعییە. هەتا دیمەنەكە لە دەرەوەی سەرۆك تڕەمپیش بۆ ئێران باش نابێت، چونكە دوژمنایەتی سعودیە  و ئسڕائیل دژ بە تاران كۆتایی نایەت.

هەر بە گوێرەی قسەكانی ڕۆژنامە بەیتانییەكه،‌ دوا بژاردەی بەردەستی ئێران بەرەنگارییە، كە ئەویش شیمانەی زۆر مەترسیداری لێدەكرێت، بە تایبەتیش لێدوان و جوڵەكانی ئەم دوایەی واشنتۆن ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە مكوڕە لەسەر جەنگان دژ بە ئێران.  

سەرباری ئەوەی دەوترێت گوایە ترتمپ ئارەزووی خۆپاراستن دەكاتە لە ململانێیەكی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام باڵی هەڵۆكانی وەك پۆمپیۆ و بۆڵتۆن و مایك بینسی جێگری سەرۆك ، لەو كاتەی ترامپ خەریكی یاری گۆڵفە و لەسەر تویتەر دەجریوێنێت، ئەوان دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە بەڕێوە دەبەن، لە بەرانبەر دووبارەكردنەوەی هەڵە و دەستتێوەردانی سەربازی دەرەكیشیان تەر‌یق نابنەوە، بگرە لەوانەیە چێژیشی لێوەرگرن.

ڕۆژنامەكەی دەگاتە ئەو باوەڕەی، كە لەگەڵ هەڵكشانی هەڕەشەكانی دژ بە ئێران، شیمانەی (احتمال) وەڵامدانەوەیەكی توندی ناوەندە توندڕەووەكانی ئێران و شوێنكەوتووەكانی، ڕۆژ بە رۆژ زیاتر و زیاتر دەبن، بۆیە چ بە ئەنقەست چ بە ڕێكەوت، ئەمریكا ئیران پەلكێشی جەنگ دەكات.

سەرچاوە: RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە