قاسم سلێمانی بۆ گروپەکانی سەر بە ئێران: ئامادە بن بۆ جەنگ

جیهان

17/05/2019‌ 2181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكرده‌وه‌، فەرماندەیەکی سەربازی دیاری ئێرانی لە بەغدا چاوی بە فەرماندەی ئەو گرووپە چەکدارییە عێراقییانە کەوتووە، کە سەر بە ئێرانن و پێیگوتوون کەخۆیان بۆ جەنگ ئامادە بکەن.

رۆژنامەکە له‌ راپۆرتێكدا پشتی بە سەرچاوەی هەواڵگری باڵا بەستووە و دەڵێت، پێش سێ هەفتە لیوا قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران چاوی بە فەرماندەی ئەو میلیشیا چەکداریانە کەوتووە کە سەر بە ئێرانن.

ئەو جموجۆڵەی سلێمانی بۆ ئامادەکردنی هاوپەیمانە هەرێمییەکانی ئێران، ترس و دڵەراوکێی لە دڵی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیدا درووستکردووە، بەوەی رەنگە بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە، هەر ئەوەشە وای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کردووە کە داوا لە فەرمانبەرە ناپێویستەکانی بکات بەخێرایی عێراق جێبهێڵن، ئەوە جگە لەوەی بەریتانیاش ئاستی ئامادەسازی هێزەکانی و دیپلۆماتکارەکانی بەرز کردەوە.

سەرەرای ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەردەوام قاسم سلیمانی کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ میلیشیا چەکدارییەکانی سەر بە ئێران هەبووە، بەڵام بە قسەی یەکێک لە سەرچاوەکان قسەی ئەمجارەی جیاوازتر بووە لە هەموو جارەکانی تر، هەرچەندە بەئاشکرا داوای جەنگی لێنەکردوون، بەڵام لەبەرانبەردا زۆر لەو چوارچێوەیە دوور نەبووە.

بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، لەو کۆبوونەوەیدا سەرجەم فەرماندەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە بە "حەشدی شەعبی" ناسراون ئامادە بوون، ئەوەش وای لە بەرپرسێکی باڵای عێراقی کردووە کە ئاگاداری کۆبوونەوەکە بووە داوا لە ئەمەریکییەکان بکات بۆ باسکردنی ئەو بابەتە کۆببنەوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆبوونەوەی قاسم سلێمانی لەگەڵ فەرماندەی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران، مەترسی پەیوەست چالاکییەکانی ئێرانی لە عێراق زیاتر کردووە، بەتایبەت کە هەندێ راپۆرت باس لەوە دەکەن کە ئێران بەشێک لە مووشەکەکانی لە سوریاوە لەڕێگای پارێزگای ئەنبارەوە هێناوەتە ناو عێراق .

رۆژی پێنجشەمممە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەکاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی سویسرا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک کە ئایا واشنتۆن بەرەو  هەڵگیرساندنی جەنگ دەڕوات لەگەڵ ئێران، لەوەڵامدا تره‌مپ وتی، "ئومێدەوارم کە جەنگ لەگەڵ ئێران هەڵنەگیرسێت".

رۆژی چوارشەممەش رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکی باسی لەوە کردبوو کە سرووشتی ئەو زانیارییە هەواڵگرییە وای لە کۆشکی سپی کردووە کە هێزی سەربازی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بکات، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێرانی. 

بەوته‌ی رۆژنامەکە، سێ بەرپرسی ئەمەریکی وتوویانە زانیارییە هەواڵگرییەکان کە خۆی لە چەندین وێنەدا دەبینێتەوە ئەوە پیشان دەدەن کە ئێرانییەکان خەریکی جێگیرکردنی مووشەکن لەسەر بەلەمی جەنگی بچووک لە ئاوەکانی کەنداوی فارسیدا، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشێکی نزیکی ئێرانییەکان لێکدراوەتەوە.

هەموو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە کاتێک درووست بوون کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاکلایەنە لە ڕێکەوتننامەی ناوەکی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز کشایەوە و دواتر چەندین گەمارۆی قورسی خستە سەر کەرتی وزەی ئێران تا ڕێگری لە ئیران بکات دراوی قورسی دەست نەکەوێت و پارەی پێویستی نەبێت هاوکاری گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە خۆی لە دەرەوەی ئێران بکات ، کە بە قسەی واشنتۆن ئەو وڵاتە سەرچاوەی نائارامییەکانی ناوچەکەیە.

بەپەلە