گۆڕان: بەکارهێنانی ناوی کاک نەوشیروان بۆ مەبەستی شەخسی رەتدەکەینەوە

کوردستان

19/05/2019‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزوتنەوەی گۆڕان لە دووەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا بەیاننامەیەکی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "کاک نەوشیروان تەنها موڵکی یەک لایەن‌و یەک پارچەی کوردستان نیە" بەڵکو، موڵکی هەمو خەڵک‌و خاکی کوردستانە.

بزوتنەوەی گۆڕان له‌ بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاندووه‌، "کاک نەوشیروان نەک تەنها بۆ نزیکەی نیو سەدە وەک سەرکردەیەکی نیشتیمانی ‌و نەتەوەیی گەورە بەشداری کاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی کورد کردوە بەڵکو، وەک کەسایەتییەکی هەڵکەوتو لە بواری فیکری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی‌و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بووە".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "ئەم سەرکردە مەزنە وەک لاوێکی خاوەن توانا بەشداری شۆڕشی ئەیلولی کردوە و لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیش رۆڵی سەرکردەیەکی ژیرو کارای دیوەو ئەندازیاری راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بوە. لە دوای راپەڕینیش سەرکردایەتی رەوتی بنیاتنانی پایەکانی دەوڵەتی کوردستان‌ و بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم‌ و چاکسازی کردوە. شۆڕەسواری چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بوە لە گفتوگۆکانی نێوان کورد ‌و بەرامبەرەکانیدا بە نووسینەوەی دەستووری عێراقیشەوە".

ده‌قی بەیاننامەكه‌ی بزوتنەوەی گۆڕان 

هاونیشتیمانیانی کوردستان…


ئەمڕۆ دو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی ناوداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، نەوشیروان مستەفا. کاک نەوشیروان نەک تەنها بۆ نزیکەی نیو سەدە وەک سەرکردەیەکی نیشتیمانی ‌و نەتەوەیی گەورە بەشداری کاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی کورد کردوە بەڵکو، وەک کەسایەتییەکی هەڵکەوتو لە بواری فیکری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی‌و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بووە. ئەم سەرکردە مەزنە وەک لاوێکی خاوەن توانا بەشداری شۆڕشی ئەیلولی کردوە و لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیش رۆڵی سەرکردەیەکی ژیرو کارای دیوەو ئەندازیاری راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بوە. لە دوای راپەڕینیش سەرکردایەتی رەوتی بنیاتنانی پایەکانی دەوڵەتی کوردستان‌ و بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم‌ و چاکسازی کردوە. شۆڕەسواری چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بوە لە گفتوگۆکانی نێوان کورد ‌و بەرامبەرەکانیدا بە نووسینەوەی دەستووری عێراقیشەوە. دوا وێستگەی خەباتی سیاسی کاک نەوشیروان دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو. هەر بۆیە کاک نەوشیروان تەنها موڵکی یەک لایەن ‌و یەک پارچەی کوردستان نییە بەڵکو، موڵکی هەمو خەڵک‌ و خاکی کوردستانە.

ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کوردستان‌ و ناوچەکە بە بارودۆخێکی دژوار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ. گرژی‌ و ئاڵۆزی نێوان زلهێزەکان ‌و هێزە ئیقلیمییەکان ناوچەکەی خستووەتە بەردەم مەترسی ئەگەری زۆرەوە. بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی کۆمەڵایەتی مەدەنی دژی ئەوەیە هەرێم ‌و عێراق بکرێن بە مەیدانی شەڕی زلهێزەکان. لەلایەکی ترەوە قەیرانی ئابووری ‌و دارایی ژیان‌ و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێکداوە. سەرەڕای ئەمانەش ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان‌ هاونیشتمانیانی هێندەی تر نائومێد کردوە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەکی جیدی‌یەوە.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست…

بزووتنەوەی گۆڕان لە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی‌ و خەمخۆری بۆ خەڵکی کوردستان ‌و لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیکرد بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پارتی‌ و رێکەوتنێکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئیمزا کرد. لەو رێکەوتنەدا توانرا بەشێکی زۆر لە پاکێجەکانی چاکسازی، کە هەمووی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، بکرێ بە کارنامەی کابینەی داهاتوو. لە بەرامبەردا هەموارکردنەوە و کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پەسەند کرا، کە تێیدا سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی کورستانەوە هەڵدەبژیردرێ.

هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی یەکڕیزی نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەینەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات‌ و ئەوانەش کە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاوەکو بتوانین هەموومان بەیەکەوە رووبەڕووی ئەو ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوە و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزین‌ و ئەو ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە. هەر ئەمەش ماکی سەرکەوتنی گەلەکەمانە و دەبێتە رێگر لەبەردەم دووبارەبوونەوەی رووداوە نەخوازراوەکانی شەڕی ناوخۆ و  کارەساتی شنگال لە 3ی ئابی 2014 و لەدەستدانی کەرکووک ‌و زۆربەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە 16 ئۆکتۆبەری 2017 و لاوازبونی پێگەی کورد لە بەغدا.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی گۆڕان، جڤاتی نیشتمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەرکە گرنگەکانی کۆنفرانس بریتی دەبن لە پێداچوونەوە بە دەستووری گۆڕان و بەرنامەی سیاسی ‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکان ‌و رێکخستنەوەیان‌، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌ و هاوڵاتیانی کوردستان بێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەم رووەوە پێشوازی لە هەر سەرنج ‌و تێبینی و رەخنە و پێشنیارێک دەکات لە چوارچێوەی ئۆرگان‌ و پرنسیپە رێکخراوەییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ئامانجی پتەوکردنی ریزەکانی ‌و باشترکردنی ئەدای ئۆرگانەکانی گۆڕان‌ و بەهێزکردنەوەی متمانەی هەموو هاوڵاتیانی کوردستان بە پەیام ‌و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان.

لە کۆتاییدا بەڵێن بە هاونیشتمانیانی کوردستان ‌و رۆحی کاک نەوشیروان دەدەین کە داکۆکی لە ماف‌و داوا رەواکانی خەڵک بکەین‌ و درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەین ‌و پابەندبین بە پەیام‌ و بەرنامەکانی گۆڕان لەمەڕ هێنانەکایەی دادوەری کۆمەڵایەتی ‌و چەسپاندنی سەروەری یاسا و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی ‌و بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێم ‌و هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی ‌و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک‌ و ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان‌ و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها شێلگیرانە درێژە بەو کارو بەرنامانە دەدەین کە رەوانشاد لە پەیام‌ و نووسینەکانی‌‌ و بۆنە فەرمییەکاندا ئاماژەی پێکردوون. لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی ناوی کاک نەوشیروان ‌و بیروبۆچوونەکانی بۆ مەبەستی شەخسی رەتدەکەینەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک نەوشیروان ‌و هەموو ئەوانەی لە پێناوی رزگاری کوردستان‌ و دەستەبەرکردنی عەدالەتدا خەباتیان کردوە.

بزووتنەوەی گۆڕان
19-5-2019

بەپەلە