سیروان بارزانی كۆنتڕۆڵی كۆمپانیاكەی كردووە
دوو كۆمپانیای بیانی لەپشكەكانی كۆرەك بێ‌ بەش دەكرێن

کوردستان

24/05/2019‌ 2188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی بەڵگەیەك، كە دەست ئاژانسی "بلوومبێرگ" ی ئەمەریكی كەوتووە ، دەستەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی عێراقی كۆمپانیای "ئۆرەنج"ی فەرەنسی بێبەش كرد لەو پشكەی، كە لە كۆمپانیای كۆڕەك بۆ پەیوەندیەكان هەیبوو، كە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرا  و دراوەتە هەندێك وەبەرهێنەری ناوخۆیی .

ئاژانسی بلوومبێرگ باسی لەوە كردووە، كە دەستەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی عێراقی فەرمانێكی كارگێری دەركردووە بەپێی ئەوە رێژەی ٤٤% ، كە پشكی كۆمپانیای كۆرەك ، كە هی كۆمپانیای ئۆرەنجی فەرەنسی و كۆمپانیای "ئەجیلیتی"  كوێتی بووە دراوەتە سێ وەبەرهێنەر، كە یەكیكیان ئەندامی سەرپەرشتیاری كۆمپانیای كۆرەك سیروان بارزانییە .

بەپێی ئاژانسەكە حكومەتی هەرێم فەرمانەكەی جێبەجێكردووە و خاوەندارێتی ئەو پشكانەی بۆ سەر ئەو وەبەرهێنەرە ناوخۆییانە گواستووەتەوە ، بەوەش ئێستا سیروان بارزانی خاوەنی ٧٥% پشكەكانی كۆرەكە .

هەردوو كۆمپانیای ئۆرەنجی فەرەنسی و ئەجیلیتی كوێتی لەساڵی ٢٠١١ بەشێكی كۆمپانیای كۆرەكیان كڕییەوە ئەویش لەڕێگای ٨١٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەو كۆمپانیایە ، بەڵام دەستەی رێكخستنەكانی عێراق ئەو گریبەستەی بە بەتاڵ و نایاسایی هەژمار كرد و رایگەیاند، ئەو دوو كۆمپانیایە شكستیان هێناوە لەوەی پابەندێتییەكانیان لە خەرجكردن و بنیادنانی تۆڕەكان بەجێبگەیەنن .

لای خۆشییەوە وتەبێژی كۆمپانیای ئۆرەنجی فەرەنسی رایگەیاندووە، ئەو پشكەی هەردوو كۆمپانیای ئۆرەنج و ئەجیلیتی هەیانبووە بەشێوەیەكی نایاسایی دەستی بەسەرداگیراوە ، بۆیە كۆمپانیای ئۆرەنج هەموو ڕێگایەك دەگرێتە بەر تا قەرەبووی ئەو هەنگاوە وەربگرێتەوە.

هەروەك كۆمپانیای ئەجیلیتی كوێتی رایگەیاندووە، كۆمپانیاكەیان بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕیوشوێنی یاسایی لە هەریەكە لە دوبەی و نیویۆرك و ناوەندی یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكانی وەبەرهێنان تا ئەو پشكەی خۆی لەو كۆمپانیا عێراقییە وەربگرێتەوە .

لای خۆیەوە سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری كۆمپانیای كۆرەك بۆ پەیوەندییەكان بەرگری لەو بڕیارەی دەستەی پەیوەندییەكان كرد و وتی: داداگای عێراقیش پشتیوانی بڕیارەكەیە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی