ئەو هۆكارانەی وادەكەن ترامپ بۆ خولێكی تر ببێتەوە بەسەرۆكی ئەمەریكا

جیهان

25/05/2019‌ 1385 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری "بیزنس ئینسایدەر"ی ئەمەریكی ٩ هۆكاری دیاریكردووە، كە وادەكەن سەركەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ بكەنە ئەگەرێكی بەهێز .

بەپێی گۆڤارەكە، ترامپ خاوەن گەلێك خاڵی بەهێزە، كە وادەكات بۆ خولێكی تر ببێتەوە بە سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا .

ئەو نۆ هۆكارەی گۆڤارەكە بۆ سەركەوتنی ترامپ دیاریكردوون ئەمانەن : 
كات 
ترامپ كاتی پێویستی لەبەردەستدایە تا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی تەرخان بكات ، ئەوە لەكاتێكدا ڕكابەرە دیموكراتەكانی دەبێت كاتێكی زۆر بەڕێبكەن تا دەتوانن كاندیدێك بۆ پارتەكەیان دەستنیشان بكەن .

كۆتایی هاتنی راپۆرتی لێكۆڵەری تایبەت (مۆلەر) بەئەنجامێك كە بەدڵی ترامپە 
راپۆرتەكە ئەستۆپاكی سەرۆكی ئەمەریكای پیشاندا بەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٦ دا ترامپ هیچ سات و سەوادایەكی نهێنی لەگەڵ رووسەكان نەبووە .

ئابووری ئەمەریكا باشترە 
ئەوە خاڵی جێی دڵخۆشی ترامپە ،لەوڕێگایەوە ترامپ دەتوانێت دەنگیكی زۆری دەنگدەران بۆخۆی رانكێشێت  ، بەجۆرێك رێژەی بێكاری لەماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا لە نزمترین ئاستیدایە ، ئەوە جگە لەوەی چەندین چاكسازی لەبواری باج و خەراجدا كردووە كە بونەتە هۆی گەشەی ئابووری ئەمەریكا.

بەپێچەوانەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ كە دابەش بووبوون ، ئەمجارە كۆمارییەكان بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ پشتیوانی لە ترامپ دەكەن .

لەهەموو سەرۆكەكانی تر زیاتر جڵەوی بنكەی جەماوەری پارتی كۆماری گرتووە، راپرسییەكان دەڵێن ٩٠% ئەندامانی حزبی كۆماری پاڵپشتی ترامپ دەكەن .

پارەی پێویست بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن 
لەماوەی سێ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاریان كۆكردووەتەوە ، ئەوە جگە لە ٥٠ ملیۆن دۆلاری تر كە لەلای لیژنەی نیشتمانی پارتی كۆمارییە .

هەلی كار 
بەپێی بلوومبێرگ دەستەبەركردنی هەلی كار لەناوچە گوندنشینییەكان كە پاڵپشتی كۆمارییەكانن لەچاو شارە گەورەكان كە پاڵپشتی دیموكاراتەكانن بە ئاستێكی زیاتر دەستەبەر بووە .

وۆڵ ستریت لەبردنەوەی ترامپ دڵنیایە 
راپرسییەكان دەڵێن بۆرسە و خاوەنكارە بەناوبانگەكانی نیوۆرك پێشبینی دەكەن ترامپ جاریكی تریش بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەربچێتەوە.

مێژوو لەبەرژەوەندی ترامپە ، بەجۆرێك لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا تەنیا دوو سەرۆك بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی دەرنەچوونەوە ئەوانیش جۆرج بووسی باوك و جیمی كارتەرن.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی