عێراقییەكان نایانەوێت وڵاتەكەیان ببێتە جێگەی ململانێی ئەمریكاو ئێران

عیراق

25/05/2019‌ 418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەو كاتەی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە كەنداوی فارسدا دەستیپێكردووە، ڕێبەرانی سیاسی عێراق جەخت دەكەنەوە لەوەی نە شەڕیان دەوێت و نە دەشخوازن وڵاتەكەیان ببێتە بەشێك لەو ئاڵۆزییانەی ناوچەكە و تەواوی هەوڵەكانیشیان تەرخانكردووە بۆ پاراستنی بێلایەنی خۆیان لەم ئاڵۆزی و قەیرانەدا.

حازم ئەلشەممەری، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا دەڵێت: ئەوەی بەغدا بیەوێت دووربێت لەم ململانێ بەردەوامەی نێوان تاران و واشنتۆن بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە، شتێكی زۆر قورسە چونكە لەناوخۆی عێراقدا تایبەتمەندی سیاسی هەیە و بریتییە لەوەی لەم وڵاتەدا ژمارەیەك نێوەندی سیاسی هەن.

حازم ئەلشەممەری بۆ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: جێی مەخابنە زۆریی ئەو نێوەندانەی بڕیاری سیاسی لە عێراقدا دەبنە مایەی تێكدانی ئەو هاوسەنگییەی ڕێبەرانی عێراق باسی دەكەن و ئەو هاوسەنگییەش دوور دەخەنەوە بە ئاڕاستەی دروستكردنی ژینگەیەكی پڕ لە دڕدۆنگی نەك هەر بۆ هەبوونی هاوسەنگی لە ئاوەها قەیرانێكدا بەڵكو بۆسەر ئایندەی عێراقیش.

ئەم پسپۆڕە سیاسییەی زانكۆی بەغدا نكوڵی ناكات لەوەی ئەگەری شەڕ زیان لە وڵاتەكەی دەدات، بەڵام دەڵێت: بە دوور نازانرێت كاریگەرییە نەرێنیەكانی شەڕی ئابوری، زۆر زیاتر بێت وەك لە شەڕێكی ڕاستەقینەی لەشكریانە.

حازم ئەلشەممەری هەروەها دەڵێت: لە ئێستادا زۆر ڕێگەی تر هەن، كە خێراتر ئامانجەكان دەپێكن و بە تایبەتیش ئامانجە سیاسییەكان و دەشڵێت ئا لەم سەروەختەدا شەڕە ئابوریەكان كاریگەری زۆر زیاتریان هەیە وەك لە شەڕە لەشكرییەكان.

هـ ـ ح