نووسینگەی نەجمەدین كەریم روونكردنەوە لەسەر 50 ملیۆن دۆلارەكە دەدات

عیراق

30/05/2019‌ 1485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك روونكردنەوە لەسەر ئەو 50 ملیۆن دۆلارە دەكات، كە گوایە هی پارێزگای كەركوكەو لەسەر ئەژماری تایبەتی ناوبراو لەبانكی كوردستان دانراوە.

نووسینگەی نەجمەدین كەریم لەروونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، چەند ڕۆژێكە لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێكی بزووتنەوەی گۆڕان، كە ھەریەك لە (عەلی حەمە ساڵح ئەندام پەرلەمانی كوردستان و كاوە محەمەد ئەندام پەرلەمانی عێراق) ھێرشێكی ناڕەوا و دوور لەراستیان دەست پێكردووە دژ بە ( دكتۆر نەجمەدین كەریم)، كە گوایە بڕی (٥٠) ملیۆن دۆلار بەشە پارەی پترۆ دۆلاری كەركوك خراوەتە سەر ئەژماری تایبەتی و بۆ ئەم ھەواڵە درۆینە جەند دەزگایەكی راگەیاندن بێ ئەوەی لە ڕاستی بابەتەكە بكۆڵنەوە بە شێوەیەكی راستی بۆ ھاووڵاتیانی كوردستان و شاری كەركوكی بخەنەڕوو بەداخەوە ئەو دەزگایانەش كەوتنە ھەلەی خۆیانەوە".

نووسینگەكە راشیگەیاندووە ، دیارە ئەم بابەتانەش زیاتر بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و شەقامی كوردییە بەرانبەر بە نەجمەدین كەریم ، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم راستیانە بخەینە ڕوو:
لەگەڵ دروست بوونی گروپی تیرۆرستی داعش لەمانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤ و لەلایەن حوكمەتی عێراق ھەموو ئەو پارانەی كە بۆ كەركوك تەرخان كرابوو ڕاگیرا وە شاری كەركوك تووشی قەیرانی دارایی بوو ، بەلام دوابەدوای ھەوڵێكی زۆر و جوھدێكی زۆری بەرێز پارێزگاری كەركوك ( دكتۆر نەجمەدین كەریم ) لەگەڵ حوكمەتی ھەرێمی كوردستان وە سوپاسی بەرێز حوكمەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین بەتایبەت سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كاك ( نێچیرڤان بارزانی )كە بەتێگەیشتن و دڵسۆزیەكی تەواوەوە دەیڕوانیە شاری كەركوك گەیشتینە ڕێكەوتنێك كە مانگانە بری ١٠ ملیۆن دۆلار وەك پشكی كەركوك لە پترۆدۆلار بدرێت بە ئیدارەی كەركوك ئەم ڕێكەوتنە لەلایەن بەرێزان ( حوكمەتی ھەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك ) لە بەرواری ١/١/٢٠١٦ كرایە بواری جێ بەجێكردنەوە 

ئیدارەی كەركوك توانی دەیان پرۆژەی گەورەو ستراتیجی لەشاری كەركوك پێ جێ بەجێبكات وەك پردی شەھید شێركۆ لە ناوچەی شوان و پردی شەھید علی عەسكەری لە ناو شار و بەرزە پردی شوھدا لە خوارووی كەركوك وە دروست كردنی دەیان پەیمانگای تەندروستی و قوتابخانەی نموونەیی و سەردەمیانە وە دروستكردنی دەیان باخچە لەناو شار وە لە زۆر بواری تردا سوودمان لەم بڕە پارەیە بینی،

لێرەدا بەنوسراو و بەڵگەی فەرمی چەند ڕاستیەك دەخەینەڕوو
١-بەھیچ جۆرێك ھیچ ئەژمارێكی تایبەتی بەناوی بەرێز دكتۆر نەجمەدین كەریم نەبووە لە بانكی كوردستانی نیودەوڵەتی لەھەولێر بەڵكو بەڕەزامەندی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وە بە نوسراوی فەرمی پارێزگای كەركوك ژمارە ( ٨٠١ لە ١/٢/٢٠١٦ وە نوسراوی ژمارە ١٦٦٧ لە ١/٣/٢٠١٦ ) كە ئاراستەی نوسینگەی بەڕێز وەزیری دارایی حوكمەتی عێراق كراوە وە ئاگاداركراونەتەوە لە وەرگرتنی ئەو برڕە پارەیە كە لەلایەن حوكمەتی ھەرێمی كوردستان وەك پشكی كەركوك لەپارەی پترۆ دۆلار دەدرێت بەئیدارەی كەركوك كە دەخرێتە سەر ئەژماری تایبەت بەپارێزگای كەركوك نەك پارێزگار.

٢-ھەموو رێكارێكی یاسایی و ئیداری كراوە بۆ كردنەوەی ئەژماری تایبەت بە پارەی پترۆ دۆلار لەبانكی كوردستان وە دواتر گواستنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بانكی رەشید لقی یەكی حوزەیران لەكەركوك كە بانكێكی حوكومیە سەر بە وەزارەتی دارایی حوكمەتی عێراقە.

٣-ھەموو ڕێكارێكی یاسایی و ئیداری كراوە بۆ چۆنیەتی سەرفكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و ستراتیجیەكان كە مانگانە لە حوكمەتی ھەرێمی كوردستان وەردەگیرا.

٤-بەنوسراوی فەرمی بانكی ناوەندی عێراق فەرمانگەی ژمێریاری بە نوسراوی ژمارە ( ٤٨٦٠ لە ١٥/٨/٢٠١٨ ) كە بڕی ( ٥١١٧٤٩٢٠ ) پەنجاو یەك ملیۆن و سەت و حەفتاو چوار ھەزار و نۆسەت و بیست دۆلار مابوو لە سەر ئەژماری پارێزگای كەركوك گواسترایەوە بۆ بانكی ناوەندی عێراق دواتر دەگەرێتەوە بۆ پارێزگای كەركوك .

لێرەدا رایدەگەیەنین كە بەرێز ئەندام پەرلەمانی عێراق ( كاوە محمد مولود ) لە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان یاخود زۆر بێ ئاگایە یان لەكاری پەرلەمانتاری خۆی نازانێت یان ئاگادار نیە كە یەكێكی تر لە ھاوڕێكانی لەپەرلەمانی كوردستان بەرێز ( عەلی حمەسالح ) پێشتر ھەمان ھەواڵ و زانیاری نادروستی بڵاو كردەوە دەربارەی ئەو بابەتە بۆیە رێكاری یاساییمان بەرامبەر گرتەبەر لەدادگای ھەولێر وە بەبڕیاری بەڕێز دادوەری دادگای تێھەڵچونەوەی ھەولێر بە بڕی ( ٢٠ ) ملێۆن دیناری عێراقی سزادرا وە دۆسیەكە لەبەرژەوەندی بەرێز دكتۆر نەجمەدین كەریم یەكلابووەوە وە ناوبراو ئاگادار كرایەوە كە چیتر ھەواڵی ناراست و نابەجێ بڵاو نەكاتەوە ،

لێرەدا بۆڕای گشتی ڕایدەگەیەنین كە ڕیكاری یاسایی  بەرامبەر پەرلەمانتاری عێراق لە سەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بەرێز ( كاوە محمد مولود ) دەگرینەبەر وە سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین  بۆ ئەوەی چیتر نەتوانێت ھەواڵی ناڕاست و زانیاری نادروست بڵاو بكاتەوە.

وێنەیەك لە نوسراوەكان