جۆڵەی جینێكی هاوبەش لە ڕیخۆڵەو مێشكی منداڵانی ئۆتیزمدا دۆزرایەوە

تەندروستی

05/06/2019‌ 831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵەڕانی وڵاتی ئوسترالیا لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكیان تێگەیشتن، كە بازدانێكی جینەتیكی لە پەیوەندی نۆرۆنی لەمێشكی كەسانی تووشبووی ئۆتیزمدا كاریگەری دەنوێنێت و نەخۆشییەكانی ڕیخۆڵەش بەدوای خۆیدا دێنێت.

كەسانی تووشبووی ئۆتیزم بەڕێژەی لە90% كێشەی نەخۆشییەكانی ڕیخۆڵەشیان هەیە، بەڵام تائێستا هیچكەس بە هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییەی پێنەزانیبوو.

 لەئێستاشدا لێكۆڵەڕانی زانكۆی (RMIT) لە وڵاتی ئوسترالیا لەڕەوتی خوێندنەوەیەكیان تێگەیشتن، كە بازدان و بازڕەقەیەكی جینەتیكی، كە پەیوەندی نۆرۆنی لە مێشكدا هەیە و ئەم هۆكارە كە یەكەمجار وەكوو هۆكاری ئۆتیزم دەناسێت، دەبێتە هۆی كاركردنی خراپی ڕیخۆڵەی ئەمجۆر كەسانەوە.

ئەنجامەكانی ئەو لێكۆڵینەوە هەروەها بوونی سیستەمێكی دەماری ڕیخۆڵەو مێشك لەكەسانی تووشبووی ئۆتیزم پشتڕاستدەكاتەوە، كە ئەم پێگەیشتنەش ڕێڕەوێكی نوێی لەلێكۆڵینەوەی بۆ دۆزینەوەی دەرمانە باش و كاریگەرەكان دەكاتەوە.

لێكۆڵەران بەئاماژەدان بەوەی، كە مێشك و ڕیخۆڵە، نۆرۆنی هاوبەشی زۆریان پێكەوە هەیە، لەئێستادا بۆ یەكەمجار پشتڕاستیانكردەوە، كە ئەوان جووڵەی جینەتیكی پەیوەست بە ئۆتیزمیان بە شێوەیەكی هاوبەشانەش پێكەوە هەیە.

لێكۆڵەران ئاماژە بەوەشدەكەن، كەبەپێی ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیە، كێشەكانی ڕیخۆڵەی كەسانی تووشبوو بە ئۆتیزم دەشتوانێت بەهۆی جووڵەی جینەتیكییەوە بێت كە بەرپرسی كێشەكانی مێشك و هەڵسوكەوت لە كەسانی تووشبوو بە ئۆتیزمە.

ئۆتیزم نەخۆشییەكی ئاڵۆزی مێشكە و لە سێ ساڵی یەكەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی كێشەیەكی كۆئەندامی دەمار دەردەكەوێت، فرمانی ئاسایی مێشك تێكدەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی كەسەكە كەمدەبێتەوە.

پزیشكان دەڵێن: ئەو منداڵانەی لە قۆناخێكی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشاندەكرێن و دەست بەچارەسەریان دەكرێت، مێشكیان باشتر گەشە دەكات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان باشتردەبن. كە بەزۆری لە منداڵانی كوڕدا ئەم نەخۆشییە ڕەفتارییە دەردەكەوێت.

بەگشتیش هیچ پشكنینێكی تاقیگەیی نییە ئەم نەخۆشییە دەستنیشان بكات، بەڵكو سەرنجدان لە هەڵسوكەوت و سروشتی كەسەكە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی منداڵێك ئۆتیزمی هەیە. كوڕان پێنج هێندەی كچان زۆرتر تووشی ئۆتیزم دەبن.

دەرمانێكیش نییە بدرێتە منداڵ بەمەبەستی چاكبوونەوەی، بەڵكو پێویستی بە خولی راهێنان و پەروەردەی تایبەت هەیە تاوەكو فێری هەڵسوكەوتی تاڕادەیەك ئاسایی ببێت و بەشێوازی جیاكەرەوەی خۆیشی زانیاری پێبدرێ.

وەرگێڕان: یاسین نادر