كارتەكان تیكەڵاوبوون.. جێبەجێكردنی "مامەڵەی سەدە" بۆ ساڵی 2020 دوادەخرێت

جیهان

07/06/2019‌ 1669 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شكستی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسڕائیل لەپێكهێنانی حكومەتەكەی، لەرزەیەكی سیاسی بەهێز بوو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و بگرە ئەمریكاش، كە گەوەرەترین مامەڵەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی پەكخست.

ئیدارەكەی دۆناڵد تڕەمپ، هەموو كەش و هەوایەكی ناوخۆیی و دەوروبەری بۆ ڕاگەیاندنی ئەو مامەڵەیە " مامەڵەی سەدە"  لە دوای مانگی ڕەمەزان ڕەخساند، بەڵام هەموو كارتەكان دووبارە تیكەڵاو بوون و ڕاگەیاندنەكەی دووبارە دواخرا.

هۆكارەكانی دواخستنی
سەرچاوە فەڵەستینییە باڵاكانی ڕامەڵا لە لێواری ڕۆژئاوا ئەوەیان بۆ " خەلیج ئۆنلاین" ئاشكرا كرد كە چەند ڕۆژێك لەمەوپێش و لەژێر پەردەوە، كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی نێودەوڵەتی و ئەوروپییە نزیكەكان لە ئیدارەكەی تڕەمپ گرێدراوە، باسی دۆخی فەڵەستینیان كردووە، تاوتوێی لێكەوتەكانی پلانی ئاشتی فەڵەستین - ئیسڕائیلیان كردووە كە بە " مامەڵەی سەدە" ناسراوە.

سەرچاوەكان دەڵێن بەرپرسان بە لایەنی فەڵەستینیان ڕاگەیاندووە كە واشنتۆن بە شێویەەكی نیمچە فەرمی بڕیاری داوە پرسی خستنەڕووی "مامەڵەی سەدە" لەو وادەیە داوابخات كە غاری كۆشنەری زاوا و گەورە ڕاوێژكاری تڕەمپ ڕایگەیاندبوو، كە بڕیار بوو لە مانگەدا ڕایبگەیەنێت.

سەرچاوەكان ئەوەشیان ئاشكرا كرد ئەوروپییەكان ووتوویانە دۆخی ناوخۆیی و دەرەكی بۆتە هۆكاری گۆڕانكاری دیدگای تڕەمپ سەبارەت بە وادەی خستنەڕووی مامەڵە سیاسییەكەیان، بە تایبەتیش كە فەڵەستینییەكان بە ڕەهایی ئەوەیان ڕەتكردۆتەوە ئەو مامەڵەیە قبوڵ بكەن.

بەڵام هۆكاری ڕاستەقینەی خستنەڕووی مامەڵەكە پەیوەستە بەو لەو لەرزە سیاسییەكەی تووشی ئیسڕائیل بوو، ئەمەش دوای شكستی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆكی پارتی لیكود لە پێكهینانی حكومەتەكەی و داوای فەرمی بە هەڵوەشاندنەوەی كنیست و دەزگاكانی هەڵبژاردن.

وتیشی "شكستەكەی نەتەنیاهۆ كە فیگەرێكی كاریگەری مامەڵەی سەدەیە لە پێكهێنانی حكومەتەكەی و پێدانی پۆستێكی وەزاری بە ئیفغیدۆر لیبەرمانی وەزیری سوپای پێشوو، بووە هۆی تێكەوپێكەڵكردنی كارتەكانی تڕەمپ سەبارەت بە مامەڵە سیاسییەكەی" ئەو دۆخە پشێویەش كە لە ناو ئیسڕائیلدا ڕوویداوە، گونجاو و لەبار نییە بۆ ئەو كۆششە ئەمریكییەی كراوە لە ناوچەكەدا".

هەمان سەرچاوە فەڵەستینییەكان باس لەوەش دەكەن كە هۆكارێكی دیكەی نەخستنەڕووی مامەڵەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵویستی دەوڵەتە عەرەبییەكان و بە تایبەتیش ئوردون كە بە هۆی ناڕەزایی فەڵەستینییەكانەوە ئامادە نییە دانی پێدا بنێت.

وا بڕیار بوو لە كۆتایی ساڵی 2018 مامەڵەكە بخرێتەڕوو، بەڵام لە پێناو پێدانی كاتی زیاتر بە نەتەنیاهۆ بۆ پیكهێنانی حكومەتەكەی و پرسەكانی هەڵبژاردن، خستنەڕووی پرسەكە دواخرا، بەڵام ئەمجارە نەتەنیاهۆ شكستیهێنا، ئەمەش ئاستەنگ دەخاتە بەردەم خستنەڕووی مامەڵەكە تا وادەی دوای هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی حكومەتەكەی، سائیب عرێقاتی ئەندامی لیژنەی جیبەجێكاری ڕێكخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینیش  لە تویتێكدا ووتی "مامەڵەی سەدە لە ئایندە دەخرێتەڕوو".

فەڵەستینییەكان پێیان وایە پێش ئەوەی مامەڵەكە بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، ئیدارەی ئەمریكا پەنا بۆ چەند پلانێكی فرتوفێڵاوی و قوتوقولاپ دەبات لە جێبەجێكردنی بەندەكانی مامەڵەی سەدە، چونكە مامەڵەكە پەیوەستە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیلەوە.

ئەوشەیان ڕونكردەوە كە ئیدارەكەی تڕەمپ لە ماوەی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئیسڕائیلدا، چەند یاسا و بڕیارێكی گرنگ پەسەند دەكات كە پەیوەست بە پرسی فەڵەستینەوە، دیارترینیان چەسپاندنی سەروەری تەواوی ئیسڕائیلە بەسەر لێواری ڕۆژئاوا و نیشتەجێكردنی فەڵەستینییەكان لەو دەوڵەتانەی ئامادەن میواندارییان بكەن. 

لە كۆتایی قسەكانیشدا ئاماژەی بەوەدا كە مامەڵەی ئیسڕائیل لەگەڵ سەودایەكی سیاسی وا گەورەدا، بێ ئەوەی حكومەتێكی جێگیر و سازاولەسەركراویان هەبێت، كارێكی مەحاڵە، ئاماژەی بەوەشدا كە واشنتۆن  بۆ خستنەڕی فەرمی پلانی خۆیان لەمەڕ ئەو پرسە، ئەمجارەیان تا ساڵی 2020 چاوەڕوان دەكات، وەبەرهێنانیش لە كۆنگرەكەی بەحرێندا دەكات كە وا بڕیارە لە 25 و 26 ی ئەم مانگە ببەسترێت.

ئیدارەی ئەمریكا وای نیاز بوو پلانە فەرمییەكەی دوا چەند ڕۆژێك لە ڕاگەیاندنی حكومەتی تازەی ئیسڕائیل بە سەرۆكایەتی نەتەنیاهۆ ڕابگەیەنێت، بەڵام نەتەنیاهۆ سەركەوتوو نەبوو لە هەوڵەكانی و كنیست بە زۆرینەی 74 دەنگ بەرامبەر 45 دەنگ خۆی هەڵوەشاندەوە و ڕووەو هەڵبژاردنی ئایندە هەنگاوی نا.

بەزۆریش وایە كە ئیسڕائیل لە ماوەی هەڵبژاردنەكاندا، دەست وەرناداتە پرسی دانوستانە سیاسیە یەكلاییكەرەوەكان.

چاودێران دۆخی ئیسڕائیل پێشبینی ئەوە دەكەن كە سەرۆكی ئەمریكا ئارەزووی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزی ئیسڕائیلی دەكات بە سەرۆكایەتی نەتەنیاهۆ ، تاوەكو بتوانێت مامەلەی سەدە بخاتەڕوو.

ئیدارەی ئەمریكا لە هاتنەسەركاری تڕەمپەوە لە ساڵی 2017، لەژێر ناونیشانی " مامەڵەی سەدە " كار لەسەر داڕشتنی پڕۆژەیەكی سیاسی دەكەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستاش بەندەكانیان ئاشكرا نەكردووە، ئەم مامەڵەیە پشتیوانی سعودیە و میسر و و ئیماڕات و دەوڵەتانی دیكەی عەرەبی هەیە، باسی ئەوەش دەكرێت كە فەڵەستینییەكان ناچار دەكرێن داشكاندنی ستەمكارانە بۆ ئیسڕائیل بكەن لە بارەی دۆخی شاری قودس و مافی گەڕانەوەی ئاوارەكان.

سەرچاوە: خەلیج ئۆنلاین 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر