شارپرێس:
کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا دژ بەگروپى تیرۆریستى داعش لهعێراق، چەندین پرسیاری جدی لەسەر
چارەنوسی کۆنترۆڵکردنو چاودێریی هێڵە سنورییە درێژەکانی نێوان عێراقو سوریا هێناوەتە
ئاراوە؛ بەوپێیەی پسپۆڕان دەڵێن، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەرەو ئوردن، زۆربەی
باری قورسی ڕوبەڕوبونەوەی داعش دەخاتەسەرشانی بەغداو دیمەشق، سەرهڕای ئەوەی واشنتۆن
بەشێک لەڕۆڵی زانیاریی گەیاندنی نهێنیو مەیدانیی خۆی دەپارێزێت.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (میدیا لاین
ـ Media Line)ی
ئەمریکی، سەرەتا وتەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەبیردەهێنێتەوە کە
کشانەوەکە تەنها گۆڕینی ئاڕاستەیە بەرەو پەیوەندییەکی بەرگریی دوقۆڵیی نێوان واشنتۆنو
بەغداو پڕۆسەی هێزی پۆڵایین هێشتا چالاکەو تەنها بارەگاکەی گواستوەتەوە بۆ ئوردن
تا لەوێوە بەردەوامی بەکارەکانی دژ بەچەکدارەکان لەسوریادا بدات.
کشانەوەی ئەمریکا لەتەنەفو گۆڕانی هاوکێشەکە
لەلایەنی سوریاوە، ئەم گۆڕانکارییە پاش وەرچەرخانێکی
گەورە دێت؛ بەوپێیەی هێزەکانی ئەمریکا لەشوباتی ڕابردودا بەتەواوی لەبنکەی سەربازیی
(تەنەف) لەباشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشانەوە لەچوارچێوەی سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی هێزەکانیاندا.
ڕاپۆرتەکە پرسیارێکی بنچینەیی دەوروژێنێت؛ ئایا
هێزەکانی هەردولا لەسەر سنور دەتوانن چاودێرییەکی کاریگەرو گۆڕینەوەی زانیاریی نهێنیی
بکەن پاش گۆڕانی سروشتی سەربازیی هاوپەیمانان؟.
لایەنی عێراقی؛ سیستەمی بەرگریی فرەچینو ئامادەیی
بەرزتر
عەلی خەزعەلی ڕۆژنامەنووسی عێراقی نیشتەجێی ئەستەمبوڵ ئاماژە بەوەدەکات، گەورەترین گۆڕانکاریی پاش نەمانی
ئەرکی هاوپەیمانان، زیادبونی ژمارەی هێزەکان نەبوو، بەڵکو بەرزبونەوەی ئاستی ئامادەییو
لێپرسراوێتیی هێزە عێراقییەکان بوو.
عێراق پێش کشانەوەی هاوپەیمانان، سیستەمێکی بەرگریی
چەند ئاستیی لەسەر سنوری سوریا دروستکرد کە پاسەوانانی سنور، سوپاو هێزەکانی حەشدی
شەعبی تێیدا بەشدارنو بەدیوارە کۆنکرێتییەکان، خەندەق، تێلی دڕکاوی، کامێرای گەرمی
بینو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پاڵپشتیدەکرێت، بەڵام خەزعەلی هۆشداریدەدات، ئەم کەرهستە
جێگیرانە ناتوانن بەتەواوی شوێنی ئەو لایەنە تەکنیکیو زانیارییە پێشکەوتوە بگرنەوە
کە ئەمریکییەکان پێشکەشیاندەکرد.
لایەنی سوری؛ نەبونی هێزی پێویستو چەتری زانیاریی
دەرەکی
فیراس عەلاوی پسپۆڕی سیاسیی سوری، نیگەرانیی هاوشێوەی هەیەو دەڵێت، هیچ نیشانەیەکی
ڕون نییە کە سوپای سوریا هێزێکی یەکجار زۆری لەسەر سنوری عێراق بڵاوکردبێتەوە.
عەلاوی ئاشکرایدەکات، لێکتێگەیشتنو گۆڕینەوەی
زانیاریی پارێزگاری لەنێوان بەغداو دیمەشقدا هەیە، بەڵام نەگەیشتوەتە ئاستی هاوبەشییەکی
هەمەلایەنەی بنچینەیی؛ بەڵکو ئەو چاودێرییەی لەپشت پەردەوە دەکرێت زیاتر لەژێر چەتری
زانیاریی بەرفراوانی واشنتۆندایە نەک بەهۆی پەیوەندییەکی قوڵو ڕاستەوخۆی سوریا-عێراق،
چونکە هێشتا جۆرێک لەوریاییو نەبونی متمانە لەنێوان هەردولادا هەیە.
گۆڕانی سروشتی هێرشەکانو گرێکوێرەی دەشتاییەکان
ڕاپۆرتە ئهمریكیهكه سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشێت
کە نەیارەکان لەدوای 2014وه شێوازی کاریان گۆڕیوە؛ ئەوان چیتر پێویستیان بەجوڵاندنی
کاروانی گەورە یان گرتنی شارو دەروازەکان نییە، بەڵکو لەڕێگەی تاقمی بچوک، ڕێڕەوە
دەشتییەکانو تۆڕی دارایی شاردراوەوە کاردەکەن.
ههر لهبارهى مهترسیهكانهوه خەزعەلی جەختدەکاتەوە،
گەورەترین مەترسی ئێستا نەک بڕینى هێڵە سنورییەکان، بەڵکو بونی کەلێنی زانیارییە لەنێوان
هەردولای سنورەکەدا؛ بەتایبەت ڕێڕەوە دەشتییەکانی نێوان پارێزگای ئەنبارو ناوچەی دێرەزور
کە بەهۆی فراوانیی خاکەکەیەوە، باشترین ژینگەن بۆ قاچاخچێتیو جوڵەی تیرۆریستان.
عەلاوی لەکۆتاییدا ئاماژە بەوەدەکات، دەشتاییەکانی
بادیەی سوریا هەمان خاڵی لاوازیان هەیەو کۆنترۆڵکردنی بەردەوامیان یەکجار ئەستەمە؛
بۆیە پاراستنی تەواوی ئەم کەناراوە وشکە پێویستی بەهاوکارییەکی بەرفراوانتر هەیە لەنێوان
عێراق، ئەمریکا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیو ئوردن، نەک تەنها پشتبەستن بەبڵاوەپێکردنی
سەربازیی سوریا، جیالەوەی لەئێستادا عێراق لێپرسراوێتیی هەزاران دەستبەسەرکراوی چەکدارانی
کەوتوەتە ئەستۆ کە لەبەندیخانەکانی سوریاوە گوازراونەتەوەو دیمەشقمش دەبێت ڕێگریی
لەخۆڕێکخستنەوەی پاشماوەکانیان بکات.
