CIA هۆشداریی لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی لە ئیسرائیل دەدات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە ڕاپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بە ناونیشانی "دابەشبون لە ناوەوە"، هۆشداری دراوە کە ئەگەر دابەشبونە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل قووڵتر ببنەوە، ئەو وڵاتە ڕوبەڕوی "ململانێی ناوخۆیی" یان داڕمانی سیاسی و دامەزراوەیی ببێتەوە.


ڕاپۆرتەکە لە ئابی 2026 لەلایەن پسپۆڕانی یەکەی "خانەی سوور"ی CIA ئامادە کراوە؛ یەکەیەک کە ئەرکی پێشکەشکردنی شیکاریی جێگرەوە و ئاشکراکردنی خاڵە نادیارەکان لە ناو سیستەمی هەواڵگرییدا.

بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان کە لەگەڵ "درۆپ سایت نیوز" قسەیان کردوە، ئامادەکەرانی ڕاپۆرتەکە پسپۆڕی کاروباری ئیسرائیلن و ئەوەی تێیدا هاتوە تەنیا سیناریۆی خەیاڵی نییە، بەڵکو هۆشدارییە لەوەی ئیسرائیل لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵێک فشاری پێکەوە گرێدراو، "تەنیا بە یەک پریشک" لە ململانێی ناوخۆیی دورە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە بەرزبونەوەی نرخی خواردن و تێچوی ژیان و زیادبونی خەرجییە سەربازییەکان دەکات، هەروەک باس لە گەڕانەوەی سەربازانی یەدەگ و ئەو سەربازانە دەکات کە لە جەنگی درێژخایەنی غەززە، لوبنان و ئێران گەڕاونەتەوە و هەندێکیان توشی کێشەی دەرونیی دوای جەنگ بون.

لە هەمان کاتدا، ناڕەزایییەکان لە لێخۆشبوونی پەیوەست بە خزمەتی سەربازیی بۆ حەریدیمەکان، توندوتیژیی نیشتەجێبوان لە کەناری ڕۆژئاوا و ململا‌نێی بنیامین نەتانیاهۆ بۆ مانەوە لە دەسەڵات، فشارە ناوخۆییەکان زیاتر کردوە.

ڕاپۆرتەکە هەروەک ئاماژە بە قەیرانی دەستوریی و کەمبونەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی و ئەمریکی بۆ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت کە ئەم کۆمەڵە فشارە سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییە لە کاتی نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی 27ی ئۆکتۆبەر، مەترسییەکانی دابەشبونی ناوخۆیی زیاتر کردووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی