شارپرێس:
دوای زیاتر لەدوو دەیە شەڕ، کوشتنو تۆڵەسەندنەوە،
دیمەنێک لەئەنكەرە هەموو چاوی میدیای تورکیای بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛ سەدات شاهینو
بورهانەتین سارال، دوو کەسایەتیی سەرەکیی دوو گروپی ناسراوی تاوانکاریی ڕێکخراو،
دوای 22 ساڵ دوژمنایەتی لەبەردەم چاوی خەڵکدا دەستیان خستەناو دەستى یەکترەوە.
ئەم دیدارە لە26ی ئەیلولی 2026 لەناوەندی پارتى
مهههپه لەئەنكەرە ڕویداو بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حزبەکە،
ڕۆڵێکی گرنگی لەنزیککردنەوەی دوو لایەنەکەدا هەبوو.
ئەم دیمەنە تەنها نمایشکردنى وێنەیەکی ئاشتیانە
نەبوو؛ بەڵکو کۆتاییی هێڵێکی خوێناوی بوو کە لەساڵی 2004وه بەهێرش، کوشتنی پلان بۆدانراوو
تۆڵەسەندنەوە بەردەوام بوە.
22 ساڵ شەڕو خوێن
ناکۆکیی نێوان گروپی شاهینلەرو گروپی ساراللار
لەماوەی دوو دەیەدا بوەتە یەکێک لەناسراوترین ململانێکانی جیهانی تاوانکاریی ڕێکخراو
لەتورکیادا.
ئەم شەڕە تەنها لەسنوری تورکیادا نەماوەتەوە، بەڵکو
ئەوروپاشی گرتوەتەوە، تەقەکردن، هێرش بەچەک، کوشتنی کەسانی پەیوەندیدار بەهەردولایەنو
تۆڵەسەندنەوەی بەردەوام، بەشێکبون لەمێژوی ئەم دوژمنایەتییە.
بهگوێرهى زانیارى هەندێک ڕاپۆرتی نوێی تورکی،
لەچوارچێوەی ئەم شەڕە فراوانەدا لانیکەم 50 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەم پێیە، دەستدانەکەی
ئەنكەرە تەنها دەستدانێکی ئاسایی نەبوو؛ بۆ چاودێرانی جیهانی تاوانو سیاسەتی ناوخۆی
تورکیا، ئەوە دەتوانێت نیشانەی گۆڕانێکی گرنگ لەپەیوەندییەکانی نێوان تۆڕەکانی
تاوانکاریی ڕێکخراو بێت.
پلانى کوشتن بەر لەکۆبونەوەکە
سەرسوڕهێنەرترین بەشی چیرۆکەکە ئەوەیە کە تەنها
چەند هەفتە پێش ئەم دیدارە، هەواڵی پلانێکی گوماناوی بۆ کوشتنی سەدات شاهین بڵاوکرایەوە.
میدیای تورکی دهڵێن، پۆلیس لەئۆپەراسیۆنێکدا چەندینجۆر
چەکی قورسو پێشکەوتوی دەستبەسەرداگرتوە، لەوانە سەکۆى موشەک، چەکی دژە تانک، کلاشینکۆفو
چەکی MP5.
چوار ههزار کەس لەترابزۆن؛ پەیامی هێز لەپشت پەردەی
ئاشتیی
پێش دیدارەکەی ئەنكەرە، نزیکەی چوار ههزار کەس
لەکۆبونەوەیەکی گەورەی خێزانی سارال لەترابزۆن ئامادەبون.
قەبارەی ئەو کۆبونەوەیە تەنها بۆ نیشاندانی پەیوەندیی
خێزانی نەبوو، بەڵکو دەتوانێت وەک نیشانەیەک بۆ قەبارەی پشتیوانی کۆمەڵایەتیو تۆڕی
پەیوەندییەکانی ئەم خێزانەش سەیربکرێت.
لەجیهانی تاوانی ڕێکخراودا، کۆکردنەوەی ژمارەیەکی
زۆر لەئەندامانو هاوپەیمانان دەتوانێت پەیامی هێزو توانای ڕێکخراوبێت، تەنانەت ئەگەر
لەڕوی فەرمییەوە کۆبونەوەکە تەنها خێزانیش بێت.
ناوی سەدات پەکەر لەپشت پەردەکەدا
ناوی سەدات پەکەر، یەکێک لەکەسایەتییە ناسراوەکانی
جیهانی تاوانکاریی تورکیا، لەم ڕوداوەدا بەشێوەیەکی تایبەت دەرکەوت.
پەکەر کە لەئێستادا لەئیمارات دەژیی، بەشێوەیەکی
گشتیی سوپاسی دەوڵەت باخچەلیو ئەوکەسانەی کردوە کە هەوڵیان بۆ نزیککردنەوەی دولایەنەکە
داوە، هەروەها بهگوێرهى زانیارییەکان، تاجە گوڵێک بەناوی سەدات پەکەر بۆ کۆبونەوەیەکی
دواتر نێردراوە.
ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دروستدەکات، ئایا ئەو
ئاشتییە تەنها کۆتایی شەڕێکی خێزانی کۆنە، یان بەشێکە لەپرۆسەیەکی فراوانتر بۆ ڕێکخستنەوەی
تۆڕە تاوانکارییەکانی تورکیا؟
بۆچی ئێستا؟
گرنگترین پرسیار لەپشت ئەم ڕوداوەدا ئەوەیە، بۆچی
دوای 22 ساڵ شەڕ، ئێستا؟، ئاشتیی نێوان دوو گروپی تاوانکاریی بەهێز بەئاسانی ڕونادات،
بەتایبەتی کاتێک کە مێژوی دولایەنەکە پڕە لەخوێنو تۆڵەسەندنەوە.
لەڕوانگەی شیکارییەوە، ئەم گۆڕانە دەتوانێت پەیوەندیی
بەچەند هۆکارێکەوە هەبێت لەوانە فشارەکانی دەوڵەت، زیادبونی چاودێریی پۆلیس لەسەر
تۆڕە تاوانکارییەکان، گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەنێوان گروپەکانو هەروەها هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی
زیانو تێچوی شەڕێکی درێژخایەن.
ئاشتی یان ڕاگەیاندنى هێزێکی نوێ؟
ئەوەی لەئەنكەرە ڕویدا دەتوانێت دەستپێکی قۆناغێکی
نوێ بێت؛ بەڵام ئایا دوو بنەماڵەى دوژمن بەیەکەوه هەر لەڕاستیدا ئاشتییان کردوە، یان
تەنها شێوازی شەڕکردنیان گۆڕیوە؟، چاودێرانیش دهڵێن، ئەگەر ئاگربەستەکە جێگیربێت،
دەتوانێت یەکێک لەدراماتیکترین کۆتاییەکان بێت بۆ ناکۆکییەکی تاوانکاریی کە زیاتر
لەدوو دەیە درێژەی کێشاوە، بەڵام ئەگەر لەپشت ئەم دەستدانەوەدا ڕێکخستنەوەی تۆڕەکان،
دابەشکردنی بازاڕە نایاساییەکان یان دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ هەبێت، ئەوا ڕوداوەکە
تەنها کۆتاییی شەڕێکی 22 ساڵە نابێت؛ بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لەجیهانی مافیای
تورکیا دەبێت.
