جوگرافیای ونبوی کورد لەسوریا؛ بەڵگە مێژوییەکان ناسنامەی 164 گوندی کوردی لەبەرزاییەکانی جۆلان ئاشکرادەکەن

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 483 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەدۆسیەیەکی هەواڵگریی‌و مێژویی گرنگدا سەبارەت بەگۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێکۆڵینەوەو بەڵگەنامە فەرمییەکان پەردە لەسەر مێژویەکی شاردراوەی 100 ساڵەی بونی کورد لەبەرزاییەکانی جۆلان لادەدەن؛ ئیسماعیل حەساف توێژەری باڵای مێژوو ئاشکرایکرد، پێش جەنگی ساڵی 1967، زیاتر لە164 گوندی تەواو کوردی لەناوچەکەدا ئاوەدان بون کە خاوەنی پانتاییەکی یەکجار بەرفراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بون پێشئەوەی بەهۆی جەنگ‌و کۆچی ناچارییەوە بەرەو دیمەشق‌و ناوچەکانی دیكه‌ ڕابگوێزرێن.


لەنوێترین بەدواداچونە مێژوییەکان‌و دۆکیۆمێنتە دۆزراوەکان، گۆڕانکاریی جۆریی لەتێڕوانینی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆسیەی بەرزاییەکانی جۆلان دروستدەکەن، بەوپێیەی سەلمێنەری بونی پڕۆفایلی نەتەوەیی کوردین لەم ناوچە ستراتیژییەدا زیاتر لەچەندین سەدە لەمەوبەر.

فۆکەسی داتاکان؛ 164 گوندی ئاوەدانی کوردی پێش جەنگ
ئیسماعیل حەساف توێژەری دێرینی بواری مێژوو ده‌ڵێت، "تەواوی ئەو تێڕوانینە باوانەی دەیانەوێت مێژوی جۆلان تەنها لەچوارچێوەی یەک پێکهاتەدا کورتبکەنەوە، لەڕوی زانستییەوە هەڵەن، به‌گوێره‌ى نەخشەو سەرژمێرییە کۆنەکان، بەر لەهەڵگیرسانی جەنگی ساڵی 1967 (جەنگی شەش ڕۆژە)، بەوردی 164 گوندی تەواو کوردی لەناوچەی جۆلاندا هەبون؛ ئەم گوندانە خاوەنی ژێرخانێکی ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆبون‌و پێکەوە تۆڕێکی جوگرافیی بەهێزیان پێکهێنابوو کە ڕەگ‌و ڕیشەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕایەوە.

هێزی ئابوریی‌و خاوەندارێتیی ڕەهای زەوییەکان
به‌وته‌ى حه‌ساف، بەڵگەنامە یاسایی‌و تۆمارەکانی خاوەندارێتی (تابۆ) کە پشتیان پێبەستراوە، نیشانیدەدەن کە هاوڵاتیانی کورد لەو قۆناغەدا هێزی سەرەکیی کەرتی کشتوکاڵ‌و ئابوریی جۆلان بون، کوردەکان خاوەنی پانتاییەکی یەکجار گه‌وره‌و بەپیت لەزەوییە کشتوکاڵییەکان‌و مێرگ‌و باخەکانی ناوچەکە بون؛ ئەم هێزە دارایی‌و جوگرافییە وایکردبوو کە پێگەی کورد لەجۆلاندا ببێتە فاکتەرێکی جیۆپۆلەتیکی گرنگ کە حسابی وردی بۆ دەکرا لەهاوکێشەکانی نێوان دەوڵەتانی دەوروبەردا.

کۆچی ناچاریی‌و پلانی گۆڕینی ناسنامەی دیمۆگرافی
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى حه‌ساف ئاشكرایكردوه‌، پەردە لەسەر قۆناغی کۆچپێکردن‌و ڕاگواستنەوەی کتوپڕ دوای جەنگی 1967 لادەدات، پاش تەقینەوەی شەڕو کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، دۆخێکی نائاسایی دروستبوو کە بوە هۆی کۆچکردنی بەکۆمەڵی زۆربەی هەرە زۆری کوردانى نیشته‌جێى جۆلان بەرەو دیمەشقی پایتەختى سوریاو ناوچە جیاوازەکانی دیكه‌ى سوریاو وڵاتانی دەوروبەر.

توێژەرەکە جەختدەکاتەوە، لەئێستادا تەواوی ناو، ناسنامە، پێکهاتەی خێزانی‌و ناوی تاک بەتاکی ئەو گوندە کوردییانە لەناو لێکۆڵینەوەو بەڵگەنامە فەرمییە مێژوییەکاندا بەوردی پارێزراون‌و ڕێگەنادەن ئەم ناسنامە نیشتمانییە لەناو نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهیچ شێوازێک بسڕێتەوە.