زۆرێك لەخەڵكی لەوەرزی هاویندا تووشی پەتای سكچوون دەبن

تەندروستی

09/06/2019‌ 771 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماەی ڕابردوودا و لەچەند شارێكی كوردستان و بەتایبەت هەڵەبجە پەتای سكچوون لە حاڵەتەوە وەخت بوو ببێتە دیاردەو پزیشكێكی دەڤەرەكەش سەرچاوەی ئاو و خۆراكی ناتەندروست بۆ هۆكاری سەرەكی ئەو پەتایە دەگەڕێنێتەوە.

دكتۆر "هەرێم ستار عبدالقادر" پسپۆڕ لەنەخۆشییەكانی هەناو لە پارێزگای هەڵەبجە لەبارەی پەتا وەرزییەكان تایبەت بە "شارپرێس" دواو ڕایگەیاند، بەگشتی پەتای وەرزی بەونەخۆشیانە دەوترێت بەهۆی ڤایرۆسێكەوە بڵاودەبێتەوە، كە هەندێك كۆئەندامی جەستە گیرۆدە دەكات و لەكەسی تووشبووەوە بۆ كەسانی تر دەگوازێتەوە و بەزۆری پەتا بەربڵاوەكان بەجیاواز لەوەرزەكانی تر لە وەرزی زستاندا بەربڵاوانەتر دەبینرێت.

ئەو پسپۆڕە سەبارەت بە جۆری پەتاكان لەوەرزی هاوینیشدا دەڵێت: جیاواز لە وەرزەكانیتر وەك زستان و بەهار كە پەتای ئەنفڵۆنزا و هەستیاری پێست وكۆئەندامی هەناسە و دەبینرێت، لەوەرزی هاویندا پەتای سكچوون و زەحیری بەربڵاوترین جۆری پەتایە كەتاكەكان لە ناوچە جۆراوجۆرەكان بەدەستییەوە دەناڵێنن و بەپێی ژینگەو جوگرافیای ناوچەكان و سەرچاوەی ئاو وخۆراك لەدەڤەرەكان - بڵاوبوونەوەو كەمی و زۆری پەتاكە دەبینرێت.

دكتۆر هەرێم ستار، لەبارەی پەتای سكچوون و زەحیرییەوە، كە لەماوەكانی ڕابردوودا لەدەڤەری هەڵەبجەدا بڵاوبووەوە زیاتر دواو ڕایگەیاند، لەماوەكانی ڕابردوودا ئەم پەتایە وایكردووە ڕۆژانە بەنزیكی30تا40نەخۆش سەرانی نەخۆشخانەو بنكەكانی ئەمشارە بكەن و لەمەترسی بڵاوبوونەوەی ڕێنمایی پێویستیان لەبەشی خۆپاراستن بەهاوڵاتیان دەڤەرەكە داوە.

دەشڵێت، پەتای سكچوون هەوكردنی ڕیخۆڵەكانی بەدواوە دەبێت ڕەنگە 2 هەفتە تا مانگێك، كە سەرچاوەی نەخۆشییەكە (ئیتر خواردن بێت یان ئاوی پیس)، كە دەدۆزرێتەوە، بڵاوببێتەوە، كە ئەم پەتایەش لەكاتە زۆر گەرمەكاندا زیاتر بڵاو دەبێتەوەو بەپێی ناوچەكان و هۆشیاری تاكەكان دەگۆڕێت. 

لەبارەی ڕێنمایی گشتییەكانیش لەبارەی پەتای سكچوون و زەحیری، كە لەوەرزی بڵاوبوونەوەی نزیك دەبینەوە ئاماژەی بەوەدا، زۆر گرنگە ئاوێك بۆ خواردنەوە بەكاری دەهێنین بكوڵێنرێت، دەستەكان بە بەردەوامی پێش تەوالێت وپاش تەوالێت بەئاو و سابوون بشۆردرێن، خواردنەكان بەپێی پێویست لێبنرێت ونەمێننەوە و هەتا بشتوانرێت ئەو خواردنانەی كە لەدەرەوە بەبێ ڕەچاوكردنی مەرجە تەندروستییەكان لە دەستگێڕ وچێشتخانەكاندا ئامادەدەكرێن بەكار نەهێنرێت.

لەبارەی ئەو نیشانەشی كەنەخۆش لەكاتی تووشبوونی سكچوون دەبێت سەردانی نەخۆشخانە یان بنكە تەندوستییەكان بكات ڕایگەیاند، ئەگەر ژمارەی سكچوونی كەسەكە لە سەروو پێنج جار یان زیاتر لە 12كاتژمێردا بوو و لەگەڵ ئەوەشدا تاو و ڕشانەوە و خوێن لەپیساییاندا بەدیكرا، باشترە بێ ئەملاو لا سەردانی نزیكترین بنكەو نەخۆشخانەكانی شارەكان بكەن، تا دەرمان و ڕێنمایی پێویست لەبارەی چارەسەریی پێویستیانەوە وەربگرن.

ئامادەكردن: یاسین نادر