چۆن ملت لە بەكارهێنان‌و زیانەكانی مۆبایل دەپارێزیت؟

تەندروستی

20/06/2019‌ 921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێك لەو نەخۆشییانەی پێشتر نەبوو، تازەكی تەكنۆلۆژیا لەگەڵ خۆی هێناویەتی، نەخۆشی (كۆنیشانەی مل نامە- Text Neck Syndrome)ە، كە لە ئەنجامی چەماندنەوەی مل بۆ سەر شاشەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و بەتایبەت مۆبایل بۆ ماوەیەكی زۆر، روو دەدات.

مل یەكێكە لە هەستیارترین ناوچەكانی لەش، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێكهاتەیەكی ئاڵۆز لە كۆمەڵێك ئێسك و ماسوولكەی هەیە و چەندان دەمار و خوێنهێنەر و خوێنبەری پێدا تێ دەپەڕێت، بۆیە هەر فشارێك بكەوێتە سەر مل، زیانی زۆر بەر جەستە و ئەندامەكانی دەكەوێت.

ئەم حاڵەتە تەندروستییە زۆر باوە، بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانستی، لەم سەردەمەی ئێستادا 67،8%ی ئازارەكانی مل پەیوەندیی بەم حاڵەتەوە هەیە! ئەم نەخۆشییە یەكەم جار لەلایەن (دكتۆر دین ئێڵ فیشمان)ی ئەمریكییەوە لە ساڵی 2009 ناسێنراوە.

مل لە حاڵەتی ئاساییدا لەسەر هەمان هێڵی جەستەیە، بۆیە پەستانی كێشی كەللەی سەر لەسەر جەستە لە ئاستێكی دیاریكراودا دەهێڵێتەوە. بەڵام كاتێك مل بۆ لای خوارەوە دەچەمێنرێتەوە، بەپێی وتەی دكتۆر فیشمانی دۆزەرەوەی نەخۆشییەكە "لە هەر ئینجێك (2،54 سم) شۆڕكردنەوەی مل، كێشی سەر 100% زیاد دەكات". بەمەش (پەپكە-Disc)ی نێوان بڕبڕەكانی مل، كە لە هەموو لایەكەوە پانییەكەی یەكسانە، وای لێ دێت لای پێشەوە فشارێكی زۆری بكەوێتە سەر و لەلای دواوەشەوە بۆشاییەكی زۆری تێ بكەوێت، بەمەش پەپكەكە بەرەو لای دواوە دەخشێت. ئەمە جگە لە كشانی ماسوولكەكانی دواوەی مل، لە ئەنجامیشدا ئازاری ماسوولكە پەیدا دەبێت. ئینجا بەهۆی بەهۆی ئەوەشەوە كە دەمارەكانی دەست و قۆڵ و مل لە نێوانی بڕبڕەكانی ملەوە دەردەچن و فشار دەكەوێتە سەریان، ئازار لەو ناوچانەش دروست دەبێت.

ئەم باری چەمانەوەی ملە، زۆر درێژە بكێشێت، سەر دەكێشێت بۆ كۆمەڵێك كێشەی تەندروستی، وەك: كەم بوونەوەی هەواگۆڕكێی سییەكان بەڕێژەی 30% و بەمەش تەنگەنەفەسی، هەوكردنی جومگەكانی مل و لێكترازانی بڕبڕەكانی مل (ئینزیلاق)، كەم بوونەوەی ئەو خوێنەی دەچێت بۆ مێشك، ژانە سەر.

چارەسەری سەرەتایی ئەم حاڵەتەش ئاسانە، ئەوەیش بەوەی لەجیاتی ئەوەی سەر بۆ مۆبایل شۆڕ بكرێتەوە، مۆبایل بۆ سەر بەرز بكرێتەوە! رۆژانەش چەند كاتژمێر سەر بۆ لای پێشەوە بچەمێنرێتەوە، ئەوەندە كاتژمێرەش بە پێچەوانەوە و بۆ دواوە بچەمێنرێتەوە. لە حاڵەتی زۆر درێژە كیشان و توند بوونی نیشانەكانیشدا، سەر لە پزیشكی پسپۆڕ بدرێت.

ئامادەكردن: پەیام والی
مامۆستا لە زانكۆی (تیشك)ی نێودەوڵەتی