"مردنی دادگای بێدەسەڵات"
وردەكاری نوێ لەسەر دۆسییەی نەجمەدین كەریم

کوردستان

23/06/2019‌ 5014 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "ئەخبار"ی لوبنانی وردەكاری نوێی لەسەر دۆسیەی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری كەركوك ئاشكرا كردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق داوای لە دەستەی دەستپاكی و ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كردووە لەدۆسیەی نەجمەدین كەریمدا پەلە نەكەن .

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت لەسەر ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوونی بۆ  دۆسییەی رادەستكردنەوەی نەجمەدین كەریم دەكرد ، بەڵام لەپڕ داوایان لێكراوە هەوڵەكانیان رابگرن ، كە تائێستاش ئەنجوومەنی وەزیران هۆكارەكەی ئاشكرا نەكردووە .

بەپێی راپۆرتەكەی ناو رۆژنامە لوبنانییەكە ئەوەش هاوكات بووە لەگەڵ وەرگرتنی یاداشتنامەی تۆمەتباركردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی لوبنانەوە، كە بەراورد بە پێشووتر  كۆمەڵێك تۆمەتی سووكی ئاراستەی نەجمەدین كەریم كرابوو وەك دەستگرتن بەسەر كۆمەڵیك ئۆتۆمبیل و ئامێری تردا ،  ئەوە لەكاتێكدا پێشووتر  تۆمەتی زیانگەیاندن بەئاسایشی نیشتمانی عێراقی ئاراستە كرابوو ، بۆیە دوای ئەوەی تۆمەتبار بەڵێنی گەراندنەوەی ئەو ئۆتۆمبیلانیداوە ئیتر بابەتەكە كۆتایی پێهینراوە ، بەوەش دوای ٢٠ رۆژ لە دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لە بەیرووت ئازادكرا .

رۆژنامە لوبنانییەكە بڵاویشیكردەوە، دەستەی دەستپاكی و ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەداواكاری عەبدولمەهدی بۆ راگرتنی بەدواداچوونی دۆسیەی نەجمەدین كەریم تووشی بێزاری و بیتاقەتی بوون ، بەڵام بەئازادبوون و بەدەركەوتنی نەجمەدین كەریم ئەو توورەییەیان دووقات بووە ، بەجۆرێك هەندێك لایەن داوایان دەكرد "مردنی دادگای بێدەسەڵات" رابگەیەنرێت .

رۆژنامەكە لە هەندێك سەرچاوەی نزیكی سەرۆك وەزیرانەوە گواستوویەتییەوە، كە سەرۆك وەزیران سەرەرای ئەوەی بەشێوەی دووبارە باس دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەكات ، بەڵام پێشیوایە لەژێر سایەی ئەو گرژیانەی لەناوچەكەدا هەیە گۆرەپانی عێراق پێویستی بەهێوری و ئارامی زیاتر هەیە .

هەروەها سەرچاوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە، كە سەرۆك وەزیران سوورە لەسەر بنیاتنانی پەیوەندی باش لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان ، پێشیوایە كە قبووڵكردنی هەریمی كوردستان بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق پێویستە.

ئامادەكردن، ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی