نەبوونی تێگەیشتن.. دۆناڵد ترامپ بەدەست تەنیاییەوە دەناڵێنێت

جیهان

24/06/2019‌ 817 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"تەنیایی ترامپ" ناونیشانی بابەتێكە ئیدوارد لۆزانسكی لە رۆژنامەی "ئیزڤیستا " لەسەر لەسەر نەبوونی تێگەیشتن لەواشنتۆن لەپێویستی گفتوگۆ لەگەڵ روسیا و ترسی سەرۆكی ئەمەریكا لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ مۆسكۆ نووسیویەتی .

نووسەر لە بابەتەكەدا دەڵێت: ئەگەری زۆرە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا لەلوتكەی بیست لە ئۆساكا چاوی بە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت . لەكاتی چاوپێكەوتنیشی لەگەڵ كەناڵی Fox News ی ئەمەریكی دۆناڵد ترامپ وتی: ئەو چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین دەكەوێت ، بەڵام روونی نەكردەوە ئەو دیدارە بەچی میكانیزمێك دەبێت ، ئەوە جگە لەوەی سەرۆكی رووسیا چەند جارێك ئامادەیی خۆی بۆ دیدارێكی لەو جۆرە نیشانداوە ،بۆیە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆكی ئەمەریكادایە،  لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی دژ بەیەك لە واشنتۆنەوە دێن .

هەڵوێستەكان لە وڵاتە یەكگرتووەكان دژبەیەكن ، كاتێك قسە لەسەر پەیوەندی نێوان رووسیا و وڵاتە یەكگرتووەكان و پێویستی گفتوگۆ  لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دەكرێت سەرۆكی ئەمەریكی بەتەنیا دەمێنیتەوە ، ترامپ بەشێوەیەكی بەردەوام باس لەپێویستی گفتوگۆكردن لەگەڵ رووسیا دەكات و پێشیوایە كە ئەو توانای ئەوەی هەیە ، بەڵام لەهەنگاوێكی لەو جۆرەدا نەوەك هەر نەیارەكانی بەڵكو نزیكترین نزیكەكانیشی هاورای نین .

ئەو شەڕە سیاسییەی ئێستا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت دوو پرۆسەی هاوتەریبن لەگەڵ یەكتر، یەكێكیان هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی ترامپ ، بەڵكو خراپرتیش لەوە و بەگوێرەی قسەی نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت ترامپ زیندانی بكرێت .

ئەوەی تریان ویلیام بار داواكاری گشتی و هەندێ ئەندامانی كۆنگرێس لەسەر پارتی كۆمارییەكان و كۆمەڵێك ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لێكۆڵینەوە لە هەڵسوكەوتەكانی هیلاری كلینتۆن و بارەگای هەڵبژاردنەكەی و سەركردەكانی پارتی كۆماری و گرنگترین دەزگاكانی هەواڵگرییەكان لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەن لەماوەی هەـڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ .

بەو شێوەیە تۆمەتباركردنی یەكتر هەموو رووبەرووبوونەوە سیاسییەكانی پێشووتری لە ئەمەریكا تێپەراندووە ، هەروەك وشەی "پۆتین " و "رووسیا" بەردەوام لەو جۆرە ململانێیانەدا باس دەكرێت ، لە رەوشێكی لەو جۆرەدا دەبێت ترامپ بەدریژایی كات خەریكی یاریكردن بێت وەك ئەو كەسەی لەسەر گوریسێكی ڕاكیشراو ڕێدەكات لەنێوان قسەكردن لەسەر گرنگی وتووێژ لەگەڵ رووسیا و هەرەشەلێكردنی بە سەپاندنی گەنارۆی زیاتر بەسەریدا و پڕچەككردنی ئۆكرانیا بە چەكی ئەمەریكی .

ئەگەر لە ئۆساكا دیداری نێوان ترامپ و ڤلادیمێر پۆتین بەڕێوەچوو ، ئەوە دەبێت بە دوا دەرفەت بۆ دۆزینەوەی لانیكەم هەندێ چارەسەری مامناوەند ، وەكو زانراویشە لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەئەمەریكا ، هەر هەنگاوێك بۆ باشكردنی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا بە ناپاكی مەزن هەژمار دەكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی