كارگەری سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران.. ئەمجارە خامنەیی بەئامانج گیراوە

جیهان

25/06/2019‌ 1332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، كۆمەڵێك سزای توندی تازە بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و ئەوجارە سزاكان نووسینگەی سەركردەی باڵای ئێران عەلی خامنەئیش دەگرنەوە.

دۆناڵد ترامپ راشیگەیاند، ئەو سزا تازانە لە وەڵامی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكە و كۆمەڵێك شتی تریشن، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

هەروەها رایگەیاند، ئەمجارە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەبب، كە بەرزترین دەسەڵاتی ئێرانە، دیاریكراوە چونكە ''ئەو بەرپرسیاری كۆتایی ڕەفتارە شەرانگێزەكانی ئێران''ـە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات ڕووی لە زیادبوون كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئەمریكا، ستیڤ منوچین، ڕایگەیاند بڕیارەكەی ترەمپ "ملیاران دۆلاری ئێران بلۆك دەكات" بەر لە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكە لە جێبەجێكردندا بووە.

چۆن سزاكانی پێشتر كاریان لە ئێران كردووە؟
لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەتنە ناوەكییەكەی ساڵی ٢٠١٥ و سەپاندنەوەی سزاكان لەساڵی ڕابردوودا ئێران ڕووبەڕووی سەختییەكی زۆر بووەتەوە.

سزاكان "بە تایبەت ئەوانەی بەسەر كەرتەكانی  وزە، گواستنەوە و داراییدا سەپێنراون" بوونە هۆی وشكبوونی وەبەرهێنانی بیانی و لاوازبوونی هەناردەی نەوت.

سزاكان ڕێگری لە بازرگانیكردنی كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەكەن لەگەڵ ئێران، هەروەها ڕێگری لە مامەڵەی بازرگانی كۆمپانیا و وڵاتانی بیانیش دەكەن لەگەڵ ئەو وڵاتە.

ئەمە بووەتە هۆی كورتهێنانی هاوردەی دەرەكی و كەمبوونەوەی ئەو بەرهەمانەی كە پشت بە كەرەسەی خاوی دەرەكی دەبەستن، دیارترینیشیان دایبی منداڵان.

دابەزینی نرخی دراوی ئێرانیش بووەتە هۆی بەرزبوونەوی تێچوونی ماددە خۆراكییەكانی ناوخۆی وەك گۆشت و هێلكە، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخیان زۆر بەرز ببێتەوە.

لە وەڵامی ئەو فشارە ئابووریەدا ئێران  دەستی كردووە بە پێشێلكردنی بەشێك لە بەندەكانی ڕێككەتنە ناوەكیەكە. هەروەها ئێران وڵاتانی ئەوروپی تۆمەتبار دەكا بە پابەند نەبوونیان بە بەڵێنەكانیان لە پاراستنی ئابووری ئێران لە سزاكانی ئەمریكا.

چی بەسەر فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە ئەمریكییەكە هات؟
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند ،ە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكە پەیامێكی ڕوونە بۆ ئەمریكا لەوەی كە سنوورەكانی ئێران هێڵی سوورن.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا سوورن لەسەر ئەوەی كە فڕۆكەكە لە كاتی كەوتنە خوارەوەیدا بەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەكانی گەرووی هورمزدا فڕیوە.

ئەمیر حیجازی كە بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانە وتی كە فڕۆكەیەكی تر كە ٣٥ سەرنشینی تێدا بووە لە نزیك فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكە فڕیوە. وتیشی گەر بیانویستبا دەیانتوانی ئەویش بخەنە خوارەوە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز




بەپەلە