بەرهەم ساڵح لەبەریتانیاوە هەوڵی رێگری لەهەڵگیرسانی شەڕی ئەمریكاو ئێران دەدات

عیراق

26/06/2019‌ 1768 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق، سەردانێكی فەرمی بۆ شانشینی یەكگرتووی بەریتاینا دەستپێكرد، لەو سەردانەدا چاوی بە تیریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتاینا كەوت و دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتییان تاوتوێكرد.

بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لە ئەجێندای سەردانەكەی بەرهەم ساڵحدا، وا چاوەڕوان دەكرێت چاوی بەهەر یەك لە  لە شاژنە ئیلیزابێسی دووەم، جیرمی هانتی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سەرۆكی ئەنجومەنی لۆردات و ژمارەیەكی دیكەی گەورە بەرپرسانی بەریتانیا بكەوێت.
 
سەرچاوە عێراقییەكانیش دەڵێن كە دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و ترسان لە جەنگێكی ئایندە لە ئاكامی هەڵكشانی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن، سەرتۆپی ئەجێندای كارەكانی ئەو سەردانەی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت بۆ لەندەن. 

ئەمەش لە پێناو كوژاندنەوەی ئاگری جەنگ لە ڕێگەی پێوەهەستانی بەغدا بە كاری نێوانگیری لە نێوان تاران و واشنتۆن، هەرچەندە چاودێران گومان لە توانستی عێراق دەكەن كە نێوانگیرییەكی لەو شێوەی پێ بكرێت.

سەرباری ئەمەی سەرەوە، چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەردانەكەی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا وتیان، گوێگرتنی لەندەن لە دید و بۆچوونی عێراق سەبارەت بە دۆسییەی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان تاران واشنتۆن، تەنیا كارێكی ڕواڵەتییە، چونكە بەریتانیا خاوەن بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی لەمەڕ ئەو پرسە سەبارەت بە دۆسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، دیدگای بەریتانیاش پێشدەستییەكی هەمواركراوە بە گوێرەی ئاراستە  و بەرژەوەندییەكان خۆی".

بەڵام هێشتاش سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ لەندن سوودبەخشە بۆ خودی خۆی، چونكە خزمەت بە ئاراستەی كاركردنی دەكات لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی عێراق، هەوڵێكیشە بۆ گێڕانەوەی شانوشكۆ بۆ ئەو دامەزراوەیە. 

سەرچاوە: عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر