شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی جەیمس جیفری نێردەی ئەمەریكی بۆ كاروباری سوریا، چاوەڕێ دەكرێت لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەیەك وڵاتی ئەندام لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بڵاوكردنەوەی هێزە وشكانییەكانیان لە سوریا رابگەیەنن ، تاوەكو شوێنی ئەو هێزانەی ئەمەریكا بگرنەوە، كە لە سوریا پاشەكشە دەكەن .
جیفری كە قسەی بۆ پێگەی "دیفەنس وان" كردووە، كە پێگەیەكە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەربازی ، رەتیكردەوە ناوی ئەو وڵاتانە بێنیت هێزەكانیان دەنێرنە سوریا و وتوویەتی ئەوە بۆ حكوومەتەكانی خۆیان بەجێدەهێڵم ئەوە رابگەیەنن .
لەبەشێكی تری قسەكانیدا جیفری وتوویەتی، لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا لەو بارەیەوە زیاتر كراوە دەبین ، رەنگە هەندێ وڵات بیانەوێت بەنهێنی بەشداری پرۆسەكە بكەن ، ئێمەش لەوبارەیەوە هیچ گرفتێكمان نییە.
لێدوانی ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە لەدوای ئەو كۆبوونەوانە هات كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە برۆكسل و پاریس لەنێوان بەرپرسە سیاسی و سەربازییەكانی وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتی دژی داعش بەڕێوەچوون و تێیدا هاوپەیمانان پابەندی خۆیان لەبەردەوامی شەڕی دژی داعش و كۆتاییهینانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە و ئایدۆلۆژییەتەكەی دووپاتكردەوە .
لەكانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند كە دەیەوێت سەرجەم هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە سوریا بكیشێتەوە ، بەڵام دواتر لە بڕیاری بەخێرایی كێشانەوەی هێزەكانی لە سوریا پاشگەز بۆوە.
جیفری هەروەها وتی: پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا بەردەوامە و سەرۆك ترامپیش پابەندە بەهێشتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ، گوتیشی پاشەكشەی هێزەكان تەنیا هیزەكانی ئەمەریكا دەگریتەوە نەوەك وڵاتانی تری هاوپەیمانان .
نیردەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سوریا گوتی وڵاتە یەكگرتووەكان چاوەرێ دەكات وڵاتانی تری ناو هاوپەیمانی دژی داعش بۆ ئەو بۆشاییە پڕبەكەنەوە كەبەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكاوە درووست دەبێت .
لەلایەكی ترەوە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جەختی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لە چاودێری ئاسمانی بەسەر ناوچەكانی باكوور ی رۆژهەڵاتی سوریا و بوونی سەربازیانە لە ناوجەی تەنەف ، ئامادەشە هێزی سەربازی بۆ راودوومانی ئامانجی تیرۆریستی دیاریكراو رەوانە بكات .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
