زانایان بە مەبەستی لێكۆڵینەوە بۆ ماوەی ساڵێك لە جەمسەری باكووردا دەمێننەوە

هەمەڕەنگ

06/07/2019‌ 422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانایانی حەڤدە وڵات گەشتێكی بێپشینە بەرەو جەمسەری باكوور دەكەن‌و لەوێ وا دەكەن كەشتییەكەیان بۆ ماوەی ساڵێك لە بەفری جەمسەرەكەدا بیبەستێ، ئەمەش بە مەبەستی لێ كۆڵینەوە لە گۆڕانی كەشوهەوا.

تیمەكە گەشتەكە بە تێچووی ١٥٨ ملیۆن دۆلار لە مانگی ئەیلولدا دەستپێدەكات و بە كەشتی بەفرشكێنی ئەڵمانی، RV Polarstern، خۆیان بە شاخە سەهۆڵێكی گەورەی زەریای باكووردا دەبەستنەوە و چاوەڕێ دەكەن تا ئاوی دەوروبەریان بیبەستێ. پاش ئەوەی كە لە بەفرێكی ئەستووردا گیر دەخۆن، ڕووبەڕووی سەرما كوشندەكە دەبنەوە و بەپەلە كامپی لێكۆڵینەوە لەسەر بەفرەكە دروست دەكەن و لێكۆڵینەوە ئەنجام دەدەن لە كاتێكدا بەفرەكە بەرەوە جەمسەری باكوور دەڕوات.

كەشتییەكە هەموو پێداویستی و كەلوپەلێكی زانستی لەگەڵ خۆی دەبات. پلەی گەرمی دەشێت تا ٥٠ پلەی ژێر سفر دابەزێت و بۆماوەی ١٥٠ ڕۆژیش شەو دەبێت. تیمەكە پلانی هەیە كە پەرژینێك بە دەوری كامپەكانیاندا دروست بكەن كە لە دۆخێكدا گەر ورچی جەمسەری لێیان نزیك بووەوە، زەنگ لێ بدات و بەلای كەمیشەوە شەش كەس چاودێریكردنی ورچی جەمسەریان پێ دەسپێردرێت.

تیمەكە زانایانی هەر یەك لە وڵاتانی ئەمریكا، ڕووسیا، چین و یابان و چەند وڵاتێكی تریش لەخۆ دەگرێت.

لەم گەشتەدا زاناكان دەیانەوێت لە گۆڕانی ئاووهەوای جەمسەری باكوور و كاریگەریانی لەسەر جیهان بكۆڵنەوە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز