ڕاكردن لەجەهەنمی ئەردۆغان.. كۆچكردنی توركەكان بەرەو ئەوروپا زیاد دەكات

جیهان

08/07/2019‌ 2135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەی داواكاری توركەكان بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا زیاد دەكات، بەهۆی ئەو دیكتاتۆرییەتەی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پیادەی دەكات لەسەر خەڵك و بەرهەڵستكارانی وڵاتەكەی، جگە لەوەی وڵات بووەتە شوێنێك بۆ هەژاری و برسێتی، هەزارانیش خراونەتە زیندانەوە لەدوای شانۆگەری كودەتاكەی تەموزی 2018، ئەڵمانیا لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە پێشوازی لە هەڵاتوەكانی جەهەنەمەكەی ئەردۆغان دەكات.

لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵەوە داواكاری پەنابەری بۆ ئەلمانیا زیادی كردوە بە بەراوردكردن بە ساڵی 2018، هەوەرها بە گوێرەی ماڵپەڕەكانی بەرهەلستكارانی توركیا، ئەو ولاتە لە ریزی پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە كە داواكاری بۆ پەنابەری پێشكەش دەكەن.

زیاد بوونی ئەو داواكاریانە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی فشارە ئابوریەكان و كێشە سیاسیەكان، سەرەرای خراپ بوونی مافەكانی مرۆڤ، ئەویش بەهۆی سیاسەتە سەركوتكارەكانی رژێمی ئەردۆغان پیادەی دەكەن.

پەنابەری بۆ ئەڵمانیا
زانیاریەكانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاشكرایان كردوە لە نێوان هەردوو مانگی یەنایەرو یۆنیۆ 72 هەزار 953 داواكاری بۆ پەنابەری پێشكەش كراون، و توركیا لە ریزی پێنجەمین ئەو وڵاتانەدا دێت لەو دۆسیەیەدا، لەدوای سوریا و عێراق و نەیجیریا و ئەفغانستان.

چوار هەزار 969 هاولاتی توركی داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا كردوە لە نێوان یەنایەرو یۆنیۆی 2019، لە بەرانبەر چوار هەزار 329 داواكاری لە هەمان ماوەدا لە ساڵی 2018، واتە جیاوازیەكەیان دەگاتە رێژەی 15%.

تۆڕی دویتچ فیلەی هەواڵی ئەڵمانی بڵاویكردەوە، داواكاری بۆ پەنابەری لەلایەن توركەكانەوە بۆ ئەڵمانیا لە نیشانی رابردوودا 729 ، و ئایار 989، و حوزەیران 751 داواكاری بوە. ئاماژەی بەوەش داوە توركیا بە پلەی سێیەم دێت لە نێوان ئەو وڵاتانەی داوای پەنابەرییان كردوە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو.

تۆرەكە باسی ئەوەی كردوە، لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016ەوە داواكاری بۆ پەنابەری رووی لە زیاد بوون كردوە.. بە گوێرەی زانیاریەكانی نوسینگەی یەكگرتوی ئەڵمانی بۆ كۆچ و كۆبەران، ژمارەی داواكاری پەنابەری بۆ 5 هەزار 742 لە ساڵی 2016 و 8 هەزار و 483 لە 2017 و 10 هەزار 655 لە ساڵی 2018 دا بەرز بۆتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا رایانگەیاندوە 851 كەس لە كانونی دووەمی 2019 داواكارییان پێشكەش كردوە لە مانگی شوباتدا ژمارەی داواكاریەكان گەیشتۆتە 702 كەس.

لە ناوەڕاستی كانونی دووەمی 2019، 50% ی داواكارانی پەنابەری مافی مانەوەیان بەدەست هێناوە، بە گوێرەی زانیاریەكانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا.

وەزارەتەكە لە وەڵامی كوتلەی پەرلەمانی راسترەو ی ئەڵمانیدا باسی لەوە كردوە، زیاتر لە 40% ی داواكارانی پەنابەری لە ولاتی توركیاوە لە مانگی ئەیلولی 2018 مافی پەنابەرییان وەرگرتوە، بەلام لە كۆتایی ساڵدا رێژەكە گەیشتۆتە 50%.

لە ساڵی 2017 دا 8483 هاولاتی توركی داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا كردوە بە تێكڕای 706 كەس لە مانگێكدا، كەچی هەمان ئەو ژمارەیە لە 2016 دا 5742 بە تێكرای 478 بوە لە مانگێكدا.

بەگوێرەی ئاماژەكانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ساڵی رابردوودا، 6 ملیۆن هاولاتی توركیا لە دەرەوەی وڵاتدا دژەین، 5 ملیۆنیان لە ولاتە ئەوروپیە جیاوازەكان و ئەوانی تر لە ئەمریكای باكور و ئاسیا و رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئوسترالیان، هەرچی ئەڵمانیایە بە تەنها 629 هەزار و 480 توركیی تێدا دەژی.

هەڵاتنی سەرمایە
ساڵانە بەهۆی خراپی مافەكانی مرۆڤەوە هەزارەها لە توركەكان و لە نێویشیاندا پیاوانی سەرمایەدار بەدوای ژیانێكی تردا دەگەڕێن لە وڵاتانی تر بە تایبەتی لە ئەوروپا.

راپۆرتێكی بانكی ئافرۆئاسیا دەربارەی گواستنەوەی سامانە جیهانیەكان بۆ ساڵی 2019 ئاشكرای كردوە، تەنها لە ساڵی رابردوودا چوار هەزار ملیۆنیر توركیایان بەجێهێشتوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر هەلاتنی بە كۆمەڵی سەرمایە لەو وڵاتە.

پاشەكشەو كێشەی ئابوری
لەگەڵ ئەوەی باری نائاسایی لە هاوینی رابردوەوە راگەیەنراوە لەدوای هەلبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی پێشوەخت، كەچی هەلاتنی سەرمایەو وەبەرهێنەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە.

شرۆڤەكاران هۆكاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ گرژی پەیوەندییە سیاسیەكانی ئەنقەرە لەگەڵ دراوسێكانی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، سەرەرای كێشە خنكێنەرەكانی ئابوری و پاشەكشەی ئابوری كە یەكەمجارە لە ماوەی دە ساڵدا روودەدات.

بارودۆخی سیاسی
ئەو كێشانەی رووبەرووی ئەردۆغان دەبنەوە تەنها لە بواری ئابوریدا نییە بەڵكو لایەنی سیاسیشی گرتۆتەوە، مانگی رابردوو گورزێكی كەمەر شكێن بەر پارتی دادوگەشەپێدان كەوت لە پاش شكستهێنانی كاندیدەكەیان لە بەرانبەر كاندیدی پارتی گەلی كۆماری بەهەڵستكار دوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەلبژاردنەكان لە شاری ئەستەمبول كە ماوەی ساڵانێكی زۆرە لە ژێر دەستی حیزبی دەسەلاتداردایە. ئەمەش وای كردوە رۆژنامەی فایننشال تایمزی بەریتانی دووپاتی ئەوە دەكاتەوە شكستەكە دەبێتە سەرەتای كۆتایی قەڵەمرەوی ئەردۆغان لەسەر توركیا.

لە شوباتی رابردوودا، یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا ئابڕوی سیاسەتی ئەردۆغانی بردو وتویەتی : ئێمە چاودێری گەندەڵی و سەركوتكردنەكانت دەكەین، ناكرێ ئەو پێشێلكاریانەت قبوڵ بكەین.

راپۆرتەكە ئەردۆغان سەركۆنەدەكات و پێشنیاری هەڵپەساردنی گفتوگۆكان دەكات بۆ چونە نێو یەكێتی ئەوروپا بە شێوەیەكی فەرمی ، رەشنوسی بەیاننامەكەش كە لەلایەن بڕیاردەری تایبەت بە توركیا لە پەرلەمانی ئەوروپی –هۆڵەندی – (كاتی بێری) رەتكراوەتەوە بە رەزامەندی 57 دەنگ و رەتكردنەوەی 7 ئەندام و دەنگنەدان لەلایەن دە ئەندامی ترەوە.

دۆخی سیاسی لە توركیا پاڵ بە زۆربەی دەوڵەمەندەكانی ئەو ولاتەوە دەنێت بەدوای شوێنی تردا بگەڕێن لە رێگەی كڕینی رەگەزنامەی وڵاتانی تر یاخود بەدەستهێنانی ڤیزای ئاڵتونی لەبەرانبەر وەبەرهێنان لە یەكێك لە وڵاتانی تری یەكێتی ئەوروپا لە نمونەی یۆنان. 

ئەم كۆچكردنەوەی دەوڵەمەندەكان بۆ ئەوەیە خۆیان و سامانەكەیان بپارێزن لە لێكەوتەكانی پەرەسەندنە نێگەتیڤەكان كە رووبەرووی توركیا دەبنەوە بەهۆی سیاسەتەكانی رژێم و سەرۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان.

لە راپۆرتێكی فراوانی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزدا بەناونیشانی كۆچكردنی توركەكان بۆ دەرەوە، دەڵێت: هۆكاری شەپۆلی كۆچكردنی عەقڵەكانی تورك دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری بڵاوبونەوەی سەركوتكردن و بەش بەشێنە، بەشێوەیەك ئەوانەی لەبەرانبەر دیدگاكانی ئەردۆغان دەوەستنەوە، دەڕۆن و لێهاتوویی و سەروەت و سامانەكەشیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن.

هەڵاتن روەو مردن
ئەدرۆغان لە میانی سیاسەتە سەركوتكەرانەكەیەوە سەركەوتوو بوو لەوەی ولاتەكەی بكاتە جەهەنەم بەشێوەیەك بەكەڵكی ژیان بەسەربردن نەیەت، لە گران بوونی كەل و پەلەكانەوە و دۆخی تاڵی ئابوری، تا زیندانی كردنی هەركەسێك كە رەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی دەسەڵاتدار دەگرێت، ئەمەش وای كردوە توركەكان لە جەهەنەمی دیكتاتۆریەتەوە روەو مردن ڕا بكەن.

بەرزبونەوەی ئاستی ژیانكردن لە توركیا وای كردوە ئاستی خۆكوشتن چەندین جار بەرز ببێتەوە، ئەمەش بە گوێرەی رۆژنامەی –یەنی تشاغ- لە مانگی رابردوودا، بە شێوەیەك ژمارەی ئەوانەی هەوڵی خۆ كوشتنیان داوە لە پێنج ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە نزیكەی 61 هەزار كەس.

سزاكان
گۆڤاری –دیر شبیگل- ی ئەڵمانی لە هەفتەی رابردوودا داوای لە یەكێتی ئەوروپا كردوە سزا بەسەر ئەردۆغاندا بسەپێنێ بۆ ئەوەی رێگە لەسەرۆك بگرێت وڵات بەرەو سەركوتكردنی زیاتر نەبات. لەم بارەیەوە گۆڤارەكە دەڵێت: بۆ ماوەی چەندین ساڵ حكومەتی ئەڵمانیا رووبەرووی سیاسەتەكانی ئەردۆغان بوەوە، بە دڵنیایەوە پێویستە كەناڵەكانی گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا بمێنێت، بەلام دۆخی ئێستا بە روونی ئەوە دەردەخات گفتوگۆكردن ‌ ستراتیجیەتێكی باش نیە لەگەڵیدا.

گۆڤارە ئەلمانیەكە هۆشداری ئەوە دەدات، ئەدرۆغان وڵات رادەكێشێت روەو میتۆدی سەركوتكردن، داوای لە حكومەتی ئەڵمانیاش كردوە هەلوێستێكی خێرای هەبێت، باس لەوەش دەكات، بەرتەسككردنەوەی دیموكراتیەت لەلایەن ئەردۆغانەوە تەنها بە دووبارە كردنەوەی هەلبژاردنەكانی شارەزانی ئەستەمبول دەستی پێنەكرد، بەڵكو چەندین ساڵە پێشێلی بنەماكانی دەولەتی یاسا و قۆرخ كردنی راگەیاندنەكان دەكات.

پێدەچێ ئەو گرفت و كێشانەی ئەردۆغان دەیەوێ دروستیان بكات بۆ دوورخستنەوەی چاو لەسەر رووداوەكانی نێو توركیا، بەشێوەیەك لێی نزیك بۆتەوە تا ئاشتی خنكاندن، لە كاتێكدا هیچی وای نەماوەی رووبەرووی ئەنجامەكانی كارەكانی خۆی ببێتەوە بۆیە پەنجەی تۆمەت بۆ ئەوانی تر درێژ دەكات، ئەمەش وا دەكات داواكاری پەنابەری بۆ ولاتانی ئەوروپا لە توركیاوە زیاتر ببێت؛ وەك هەلاتنیك لە دیكتاتۆریەتی ئەردۆغان و سیاسەتە هەڵەو سەركوتكاریەكانی لە ئیدارەدانی وڵاتەكەیدا.

سەرچاوە: Arab24
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا

بەپەلە