شارپرێس:
دوو كۆمپانیای ژاپۆن، كە لەبواری بەكرێدانی ئۆتۆمبیل كاردەكەن باس لەوە دەكەن، لەم دواییە دیاردەیەكی نامۆ لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە، ئەویش بەكرێگرتنی ئۆتۆمبیلە لەلایەن خەڵكەوە ، بەڵام بێئەوەی بەهیچ جۆرێك لێیبخوڕن .
هەردوو كۆمپانیای "ئۆریكس" و " تایمز ٢٤ كوا" راپرسییەكیان لەناو ئەو كەسانە كردووە، كە لەلایان تۆماكراون و ئۆتۆمبیلەكانیان بەكرێگرتوون (١،٢ ملیۆن بەكارهێنەر لای دووەم كۆمپانیا) بۆ زانینی هۆكارەكانی پشت ئەو دیاردە نامۆیە .
بەگوێرەی رۆژنامەی "ئەساهی" هۆكارەكان جۆراوجۆرن ، هەندێكیان تەنیا بۆ ئەوە ئەو ئۆتۆمبیلانە بەكرێ دەگرن تا بۆچەند كاتژمێرێك تێیدا بخەون ، هەندێكی تر دەیانەوێت شوێنێكی تایبەتیان دەست بكەوێت تا بە ئارامی تەلەفۆنی تێدا بكەن ، هەندێكیان بۆ هەندێك كاری تر، كە پێویستی بە هێمنی و تەركیز هەیە ئەو ئۆتۆمبیلانە بەكری دەگرن .
لەناو راپرسییەكە هۆكاری لەوە نامۆتریان باس كردووە ، بۆ نموونە هەندێك كەس بۆ ئەو ئۆتۆمبیلیان بەكری گرتووە تا ژەمە خواردنێك یان بابۆڵەیەكی تێدا بخۆن ، بەتایبەت دوای ئەوەی لەناو چێشتخانەكە جێگای پێویستیان دەست نەكەوتووە .
بەگوێرەی رۆژنامەكە بەشێكی تریان وتوویانە تەنیا بۆ بارگاویكردنەوەی مۆبایلەكانمان یان بۆ هەڵگرتنی هەندێك كەلوپەل پەنامان بردووەتە بەر خزمەتگوزاری بەكرێگرتنی ئۆتۆمبیل .
دیاردەی بەكرێگرتنی ئۆتۆمبیل تەنیا بەمەبەستی بارگاویكردنەوەی مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لەدوای كارەساتی تسۆنامی لەساڵی ٢٠١١ سەریهەڵدا .
هەروەها بەگوێرەی پێگەی "زە فیرج" هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردە نامۆیانە بۆ جۆراوجۆری ئەو خزمەتگوزاریانەی بە ئۆتۆمبیلەكان دەكرێتو ئاسانی بەكارهێنانی و هەرزانی نرخەكەی دەگەڕێتەوە ، ئەوە سەرباری ئاسانی گێرانەوەی ئۆتۆمبیلەكان ، هەر بۆ نموونە یەكێك لەو كۆمپانیایانە ١٢ هەزار جێگای لەسەرانسەری ژاپۆن هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبیلەكانی.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی