قوباد تاڵه‌بانی: ئەمڕۆ ڕۆژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیمانە لەگەڵ پارتی و گۆڕان نه‌ك ئاڵۆزتركردنی دۆخی سلێمانی

کوردستان

11/07/2019‌ 2319 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاپرێس:
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، " چوار ساڵی زۆر قورس و پڕ لە قەیرانی سەختمان تێپەڕاند، بە باش و خراپییەوە لەو ماوەیەدا شانم دایە بەر ئەرکێکی یەکجار گران، بەڵام من وەکو قوباد تیایدا بووم بە قوربانی".

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێی زمانحاڵی حزبه‌كه‌ی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، "با لاپەڕە کۆنەکان ھەڵنەدەینەوە، ھەموومان ئەمڕۆ لە ژێر سێبەرەکەی مامین. دەستمان خستۆتە ناو دەست بۆ بەھێزکردنەوەی یەکێتی و باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەمڕۆ ڕۆژی ئیش و خەباتە، نەک خۆپەرستی و شکاندنی ئەوانەی کەیفمان پێیان نایە. ئەمڕۆ رۆژی یەکخستنەوەی کوردستانە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیمانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، نەک کەرتکردنی کوردستان و ئاڵۆزترکردنی دۆخی ناو سلێمانی بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی".

ده‌شڵێت:"ئەم دۆخە کاتی دەستبەکاربوونمان لە کابینەی ھەشتم بیر دێنێتەوە کە بەشێکی ناڕازی لە ناو حیزبی خۆمان تووندتر لە ئەوانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوون، رەخنەیان لێ دەگرتین و ھەموو ھەوڵێکی باشیان بێ بەھا دەکرد. ھەر ئەوەش بوو کە چەکی دایە دەستی نەیارەکانمان لە دژمان بەکاری بھێننەوە".


ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌

جارێکی تر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەرفەت و شەرەفی ئەوەیان پێدام وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم دەستبەکاربم و لەگەڵ چەند ھەڤاڵێکی تر نوێنەرایەتی یەکێتی بکەین لە حکومەتدا، لەپێناو ئەوەی لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا پڕۆگرام و دیدی یەکێتی لە کاری حکومەت و خزمەتگوزاری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاوڵاتیان شان بەشانی لایەنە بەشدارەکانی دیکە بەرجەستە بکەین.

بەردەوامبوونم وەک جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە بەرامبەر خواو خەڵک و حزبەکەشمدا، پێشتریش چوار ساڵی زۆر قورس و پڕ لە قەیرانی سەختمان تێپەڕاند، بە باش و خراپییەوە لەو ماوەیەدا شانم دایە بەر ئەرکێکی یەکجار گران، بەڵام من وەکو قوباد تیایدا بووم بە قوربانی و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی رەوا و ناڕەواش بوومەوە، ئاساییە ڕەنگە منیش ھەندێک ھەڵەم کردبێت (ئەوەی کار نەکات، ھەڵە ناکات).

دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم ئەرکی داھاتووم بە ھاوکاری تەواوی کابینەی وەزاری ئەوە دەبێت کۆتایی ئەو قۆناغە پڕ لە قەیرانە کە لەکابینەی رابردوو بەشێکیمان چارەسەرکرد، بەسەرەتای قۆناغێکی تازەتر ببەستینەوە کە قۆناغی دەستپێکردنی بووژانەوە و خزمەتگوزاری بێت، قۆناغێک بێت لەبری گلەیی و تلانەوە بەدەست گرفتەکانەوە، سەرگەرمی چارەسەرکردنی گرفتەکان و دەستپێشخەری و دروستکردنی ھەلی کار و گەشەپێدان بین.

بۆ ئەم ئەرکە داوا لە دڵسۆزانی یەکێتی دەکەم پشتی کادرەکانی خۆیان بگرن. بە متمانەوە تەماشای راسپێردراوەکانیان بکەن. ھێشتا دەستبەکارنەبووین، ھێشتا نەیارەکانمان دەستیان نەکردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، بەڵام ھەندێک لە ھەڤاڵانی خۆمان، ھەندێک راستەوخۆ، ھەندێک لە پشت پەیج و ئەکاونتی سێبەرەوە، قەڵەمەکانیان خستووەتە گەڕ، بۆ مەرامێک کە نەک ھەر ناکۆکە بە پرەنسیپی چەپکەگوڵەکەی مام، بەڵکو سنووری ڕەخنە ‌و رەچاوکردنی گیانی ھەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت.

ئەم دۆخە کاتی دەستبەکاربوونمان لە کابینەی ھەشتم بیر دێنێتەوە کە بەشێکی ناڕازی لە ناو حیزبی خۆمان تووندتر لە ئەوانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوون، رەخنەیان لێ دەگرتین و ھەموو ھەوڵێکی باشیان بێ بەھا دەکرد. ھەر ئەوەش بوو کە چەکی دایە دەستی نەیارەکانمان لە دژمان بەکاری بھێننەوە.

تکا لە ھەڤاڵانی یەکێتی دەکەم، سەبرتان ھەبێت لەبڕیاردان، ئەم تەشکیلەیە نموونەیەکە لە کۆکەرەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی یەکێتی، کە ئەگەر ھان بدرێت، نەک لێی بدرێت، پشتیوانی لێ بکرێت، نەک ھەڕەشەی لێ بکرێت، وا دەکات کابینەی نۆ، لە ژینگەیەکی تەندروست دەستبەکار بێت. ئەمەش زیاتر ھانمان دەدات بەرەو یەک ئاڕاستە کار بکەین. ئەویش ئاڕاستەی خزمەتی خەڵک و جێبەجێکردنی بەرپرسیاریە نیشتمانی و ئەخلاقیەکانە.

با لاپەڕە کۆنەکان ھەڵنەدەینەوە، ھەموومان ئەمڕۆ لە ژێر سێبەرەکەی مامین. دەستمان خستۆتە ناو دەست بۆ بەھێزکردنەوەی یەکێتی و باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەمڕۆ ڕۆژی ئیش و خەباتە، نەک خۆپەرستی و شکاندنی ئەوانەی کەیفمان پێیان نایە. ئەمڕۆ رۆژی یەکخستنەوەی کوردستانە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیمانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، نەک کەرتکردنی کوردستان و ئاڵۆزترکردنی دۆخی ناو سلێمانی بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی. ئەمڕۆ رۆژی ناساندنەوەی یەکێتییە بە خەڵکی خۆمان، ئاشتکردنەوە و قوڵکردنەوەی پەیوەندیی یەکێتییە بە خەڵکەوە. سەردەمی بەھێزکردن و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدایە، بە لایەنە سیاسییەکانی عیراق، بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە لەو مێژووە دوورو درێژە پڕ لە سەروەرییەی یەکێتی. با ھەوڵ بدەین لە ئاستی چاوەڕوانی ھاوڵاتیان بین، کارێک بکەین کە ڕەوتی شەپۆل و ئاوەکە بەرەو ئاشی خەڵک و خزمەتی ھەمووان ئاراستە بکەین، دوور لە توڕەیی و ھەڵچوونی میزاجی کەسیی. چونکە من ھەمیشە بڕوام وابووە سیاسەت بە لێبوردەیی و میھرەبانی دەکرێت، ئەوەش وانەیەکە لە مامەوە فێری بووم. بۆیە وەرن قەڵەمە ژەھراوییەکانمان فڕێ بدەین. بۆ یەکێتی و بۆ سەرکەوتن، با ھەموومان پشتیوان و ھاوکاری پرۆژەی چاکسازی حکومی و خەمی خاک و خەڵک بین.

ڕ . ج