حكومەتی عێراق ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە وەریدەگرێتەوە

عیراق

17/07/2019‌ 5895 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح جەخت دەكاتەوە، كە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بڕگەیەك جێگیردەكرێت خۆی لە بڕینی شایستەداراییەكانی ئەو نەوتەی هەرێم دەبینێتەوە، كە بەپێی ریكەوتن دەبوو لەساڵی ٢٠١٩ رادەستی بەغدای بكات.

فەتلاوی لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" دەڵێت: بودجەی ساڵی ٢٠٢٠  بڕگەیەكی تێدا دەبێت، كە خۆی لە بڕینی پارەی ئەو  ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە دەبینێتەوە هەرێم رێگری كرد، كە بەپێی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ رادەستی بەغدای بكات.

ئەو جەخت دەكاتەوە ئەو پارانە لە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دەبردرێن .

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: لەم رۆژانەی داهاتوودا هەرێمی كوردستان لەسەر رادەستنەكردنی نەوت و كۆمەڵێك دۆسیەی هەڵپەسێردراوی تری نێوان هەردوولا سەردانی بەغدا دەكات.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەگەر پێش ئامادەكردنی پرۆژە یاسای ساڵی ٢٠٢٠ هەرێم ئامادەبێت ئەو نەوتەی ڕێكەوتنی لەسەركراوە رادەستی بەغدای بكات ، ئەوە ئەو برگەیە لادەبرێت، كە باس لە گێرانەوەی ئەو پارەیە دەكات كە لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ هەرێم نێردراوە.

پێشتر ، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوە كردبوو لە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو هیچ برگەیەكی تێدا نابێت حكوومەتی فیدراڵ ناچار بكات بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات ، روونیشی كردبۆوە كە دانانی ئەو بڕگەیە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ وەك دەربڕینی نیازباشییەك بوو لەلایەن بەغداوە بەرانبەر بە هەرێم ، بەڵام هەرێمی كوردستان ئامادە نەبوو بەرپرسیارێتییەكانی خۆی بەرانبەر بە بەغدا جێبەجی بكات . 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی