نزیكبوونەوەی توركیاو روسیا
پۆتین چۆن توانی ئەردۆغان لەرۆژئاوا دووربخاتەوە

جیهان

18/07/2019‌ 1689 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەكانی بەریتانیا باسیان لەژمارەیەك پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردوە، لە نیویاندا نزیكبوونەوەی توركیا و روسیا بەهۆی ئەوەی ئەنقەرە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە مۆسكۆ كڕیوە.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لەو بارەوە راپۆرتێكی هانا لوسیندا سیمس و برهان یوكوسكاسی لە ئەستەمبول بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش بەناونیشانی (پۆتین چۆن توانی ئەردۆغان لە رۆژئاوا دوور بخاتەوە؟).

بەپێی راپۆرتەكە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2015، فرۆكەوانە توركەكان فرۆكەیەكی روسییان لە نزیك سنووری سوریا توركیا خستە خوارەوە، كە ئەمە ناكۆكییەكانی نێوان مۆسكۆو ئەنقەرەی بەرەو خراپی برد.

بەڵام لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا لەو مێژووە، وەك رۆژنامەكە باسی كردووە، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا ئەو پرسەی بە لێهاتوویی بەكارهێنا، هاوردەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی توركیای بۆ وڵاتەكەی قەدەغە كرد بەمەش هەستا بەوێرانكردنی بازرگانی كردن بە تەماتە، ئەوانەی‌ لە داهاتەكانیان پشتیان بە هەناردەی بەرهەمەكانیان دەبەست بۆ روسیا.

لەهەمان كاتدا پۆتین سنوورێكی گەورەی دانا بۆ گەشتیارانی وڵاتەكەی بەوەی گەشت بۆ توركیا نەكەن، مەبەست لەم رێكارەكەش هەوڵدان بوو بۆ گۆڕینی دیدگای توركیا سەبارەت بەرۆژئاواو هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی و وەرگێرانی رووەو مۆسكۆ.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، دوای وەستانی گەورە بوونی درزەكە لەگەڵ توركیا لە ساڵی 2016، پۆتین رووداوە سیاسییەكانی قۆستەوە بۆ ئەوەی گرژی لە نێوان ئەنقەرەو ناتۆ دروست بكات.. هەوڵی كودەتا نەزۆكەكەش دژی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا‌و درەنگ كەوتنی پاڵپشتی ئەوروپی و ئەمریكی بۆ سەرۆكی توركیا وای كرد پۆتین لەئەردۆغان نزیكبكاتەوە.

لەلایەكی ترەوە لەگەل دەستپێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، روسیا و توركیا لە ئێران نزیكبوونەوە بۆ ئەوەی دەستی باڵایان لە سوریا هەبێت و بە رادەستكردنی سیستەمی ئێس-400 ی بەرگری رۆكێتی روسی بۆ توركیا ئینتیمای ئەردۆغانی بۆ رۆژئاوا كەمتركرد. 

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپیش لەو بارەوە وتی: توركیای لە بەرنامەی فرۆكە شەڕكەرەكانی ئێف-35 ی سەر بەناتۆ دوور دەخاتەوە و كڕینی سیستەمەكەش ئەنقەرە رووبەرووی سزا دەكاتەوە.

تایمز ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە ئەردۆغان پاساو بۆ كرینی سیستەمی بەرگری دەهێنێتەوە بەوەی رێكارێكی بەرگریە و ئەمریكاش تۆمەتبار دەكات بە لە خۆگرتنی ئەوانەی هەوڵی كودەتایان داوە لە دژی رژێمەكەی، بەڵام وای دەبینێ روسیا هاوكاری كردوە لە كۆكردنەوە بەڵگەنامەكان دژی ئەوانەی هەوڵی كودەتاكەیان داوە.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا

بەپەلە