داوا لەبەغدا دەكات ئەو قەرزە بداتەوە
پارتی بانگەشەی ئەوە دەكات هەرێم ٣٠ ملیار دۆلار قەرزدارە

عیراق

23/07/2019‌ 2496 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێبین سەلام پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان قەبارەی ئەو قەرزە ئاشكراكرد، كە لەسەر هەرێمی كوردستانە و دەڵێت: هەرێم ٣٠ ملیار دۆلار قەرزدارە، كە حەقدەستی ئەو كۆمپانیا نەوتیانەیە، كە نەوت لە هەرێمی كوردستان دەردەهێنن .

رێبین لە لێدوانێكیدا دەشڵێت: كەمتەرخەمی حكومەتی بەغدا لەوەی بۆماوەی ٤ ساڵ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكات ، پاڵی بە هەریمەوەنا، كە بیر لەدەرهێنان و فرۆشتنی نەوتەكەی بكاتەوە.

ئەو باسی لەوەش كردووە، كە ئەو ماوەیەی بەغدا بودجەی كوردستانی بڕی هەزاران كەس لەناوچەكانی تری عێراقەوە روویان هەرێمی كوردستان دەكرد ، ئەوەش هەرێمی خستە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە.

هەروەها دەڵێت: بەپێی پێدراوەكان دەبێت حكومەتی بەغدا ئەو قەرزەی كۆمپانیا بیانییەكان بداتەوە ، لەبەر ئەوەی ئەو قەرزە بریتییە لەو بودجەیەی لەساڵانی رابردوو بەغدا لەهەرێمی كوردستانی بڕیوە.

لای خۆیەوە حەسەن فەدعەم پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتمانی دەڵێت: حكومەتی ناوەندی یەك دیناری لە داهاتەكانی نەوتی هەرێم و كەركوك  بەدەست نەگەیشتووە.

ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات داهاتی ئەو كێڵگانە دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی هەرێمەوە ، ئەوە لەكاتێكدا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی چەند مانگیان وەرنەگرتووە. 

فەدعەم دەشڵێت: بەلامانەوە سەیرە حكومەت بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ زیادەرەوییەكانی هەرێم لەسەر دەستوور و یاساكان دەكات، بەوەی پابەند نابێت بە پابەندییە دارایی و نەوتییەكانی بەرانبەر بە بەغدا.

هەرچی موختار موسەویی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتحە ، بەرپرسیارییەتی پابەندنەبوونی هەرێم بە رێكەوتنی نەوتیی لەگەڵ بەغدا دەخاتە ئەستۆی حكومەتی عادل عەبدول مەهدی .

موسەوی دەڵێت: دەبێت حكومەتی ناوەند گوشار لە هەرێم بكات بەوەی بەندەكانی بودجە جێبەجی بكات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، سەردانی شاندی حكوومی هەرێم بۆ بەغدا هەر بۆ دیزەبەدەرخۆنەكردنی ئەو دۆسیەیە بوو .

عودەی عەوادیش، كە پەرلەمانتاری كوتلەی سادیقونە دەڵێت: بیدەنگی لە دزینی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەلاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە ناپاكییە"، داواش لە عادل عەبدول مەهدی دەكات كە یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجی بكات ، تەنانەت ئەگەر ئەوە پێویستی بەكارهێنانی هێزیش هەبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی