شاسوار عەبدولواحید دەستوەردانی كردووە
هەوڵی كەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ گێڕانەوەی كارمەندە ناڕازییەكان شكست دەهێنێت

کوردستان

25/07/2019‌ 2336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوڵی كەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ گێڕانەوەی كارمەندە ناڕازییەكان شكستیهێناوەو بەو هۆیەشەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەستوەردانی كردووە.

رۆژی سێ‌ شەممە نزیكەی 50 كارمەندی كەناڵی ئێن ئارتی ئۆرگانی فەرمی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، وەك هەڵوێستێك دەستلەكاركێشانەوەیان راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەو رۆژەوە چەند هەوڵێك لەلایەن بەرێوەبەرایەتی كەناڵەكە دراوە بۆ گێڕانەوەی ئەو كارمەندانە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەوڵەكان لەرێگەی پەیوەندی كەسییەوە بووەو هەڵدراوە بەشێك لەكارمەندانی كەناڵەكە رازی بكەن بەوازهێنان لەدەستلەكاركێشانەوەكانیان‌و گەڕانەوە بۆ سەر كارەكان، بەڵام زۆربەی هەوڵەكان شكستیهێناوە.

كارمەندەكانی كەناڵی ئێن ئارتی بەهۆی دانانی مەرج بۆیان لەرۆژی سێ‌ شەممە دەستلەكاركێشانەوەیان راگەیاند، كە مەرجەكەش ئەوە بووە، دەبێت بەشداری تاقیكردنەوەیەكی هەڵسەنگاندن بكەن، ئەوانیش ئەوەیان قبووڵنەكردووەو ئەو هەڵوێستەیان راگەیاندووە.

شارپرێس ئەوەی زانیوە، ئەو تاقیكردنەوە بیانوویەك بووە بۆ ئەوەی بەشێك لەكارمەندەكان لەو رێگەیەوە كەمبكەنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەناڵەكە لەقەیراندایەو توانای ئیدارەدانی ئەو ژمارە كارمەندەی لەكەناڵەكە نەماوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، دوای شكستی هەوڵی بەرێوەبەرایەتی كەناڵی ئێن ئاڕتی، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەستوەردانی كردووەو هۆشداریشداوە بە بەرێوەبەرو جێگرەكەی، كە دەبێـت بەزوویی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن.

كەناڵی ئێن ئارتی سەر بەگروپی كۆمپانیاكانی نالیایە، كە خاوەنداری ئەو كەناڵە بۆ شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێـتەوەو ئێستا بەچەند هۆكارێكی جیاواز چ كەناڵەكەو چ جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەقەیرانی قووڵدایە.

هـ ـ ح