شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕێکی زۆر گەنمی قاچاغ هاوردە کراوە و دەیانەوێت بەناوی بەرهەمی خۆماڵییەوە لە سایلۆکاندا ساغی بکەنەوە.
لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق دوای داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی وەرگرتنی بەرهەمی ناوخۆیی، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لەبەردەم و لەناو گۆڕەپانی سایلۆ و ناوەندەکانی وەرگرتندا ماونەتەوە، لەسەر داوای سەرۆک وەزیران، سەرجەم ئەو گەنمانە لە جوتیاران وەردەگیرێت.
وەزارەتی بازرگانی ئاشکراى کردوە، زانیارییان هەیە بڕێکی زۆر گەنمی قاچاغ لە دەرەوە هاوردەکراون و هەوڵ هەیە لە چوارچێوەی بەرهەمی ناوخۆیی ساغ بکرێتەوە.
هەروەها ئەوەش روونکراتەوە، بۆ گرەنتی پاراستنی مافی جوتیاران فۆرمی تایبەت بە جوتیاران لەبارەی روبەری زەوی و بڕی داچێنراو پڕدەکرێتەوە، لەگەڵ ناوی خاوەن و ژمارەی ئەو دەڕاسانەی کە بەرهەمەکەیان دوریوەتەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان پارێزراوبێت.
س.هـ