ئایا گروپەكانی حەشدی شەعبی خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ سوپای عێراق

عیراق

31/07/2019‌ 656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مشتومڕو پێشبینییەكان دەربارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی تایبەت بەگروپەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەردەوامە، كە لە فەرمانی دیوانی ژمارە 237 دا هاتووەو كاتی جێبەجێكردنەكەی دیاریكراوە، بەجۆرێك سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی 31 ی تەموزی ئەم مانگەی داناوە وەك كۆتا رۆژ بۆ جێبەجیكردنی بڕیارەكە.

بریارەكەی حكومەت فۆكەس دەخاتە سەر رێكخستنی گروپەكانی حەشد لەناو ریزەكانی هێزە چەكدارەكان و وازهێنان لەنا وو نازناوەكانیان و ملكەچبوونیان بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (سەرۆك وەزیران).

بڕیارەكە كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، لە كاتێكدا گروپە سەرەكییەكانی وەك "سرایا سلام" و "عەسائیبی ئەهلی حەق" پێشوازییان لێكرد، كەچی هەندێك گروپی تر خۆپارێزی، یان رەتكردنەوەیان پیشاندا، لەوانە بەیاننامەی "كتائبی حزب الله"، هەروەها هەڵوێستەكانی "كتائب سید الشهدا" و "خوراسانی" و "انصار الله الاوفیا" و "نجبا" و "سرایا الجهاد".

ناڕەزاییەكان بۆچی؟
پاساو هێنانەوە بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكە جۆراوجۆرن لە نێویاندا ملكەچ بوونی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بۆ ماسجەكانی دەرەكی، هەروەك لە بەیاننامەی "كتائب حزب الله" دا هاتووە، سەرەرای ئەوەی تا ئێستا مەترسی ئەمنی بوونی هەیە، هەروەك شیخ عادل كەرعاوی وتەبێژ بەناوی بزووتنەوەی "انصار الله"ەوە قسەی بۆ ئاژانسەكان كردووە.

كەرعاوی وای داناوە جێبەجێكردنی بڕیارەكە پێویستی بەساڵێك زیاتر هەیە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی دیدگایەكی یەكگرتوو نییە لەنێوان فەرماندەكانی سوپا و حەشدی شەعبی، داوای ئەوەشی كرد حەشد بكرێتە چوارچێوەی دامەزراوە سەربازییەكانی ترەوە، جەختی لەوەش كردووە راستەوخۆ پەیوەندییان بەفەرماندە گشتی هێزە چەكدارەكانەوە هەبێت.

دەربارەی ئەم بابەتە، شرۆڤەكاری سیاسی مەناف موسەوی پێیوایە حكومەت تا رادەیەكی زۆر دەتوانێت گروپەكانی حەشدی شەعبی لە كۆسیستەمی ئەمنی و سەربازیدا جێبكاتەوە، بەدوریشی زانی بەریەككەوتن لە نێوان گروپەكان و حكومەتدا رووبدات، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد سەردانیكردنی ئەم دوایەی عەبدولمەهدی بۆ تاران پاڵپشتی كردنی فەرماندە ئێرانیەكانی بەدەست هێناوە بۆ جێبەجیكردنی بڕیارەكانی تایبەت بە حەشدی شەعبی.

گرێیەك لە بریارەكان
ناوەڕۆكی فەرمانە دیوانیەكەی عەبدولمەهدی دەریكردووە جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوەی حەیدر عەبادی ساڵی 2018، لە بەندەكانیدا ناوەڕۆكی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی هاتووە، كە ئەنجوومەنی نوێنەران لە 26ی تشرینی دووەمی 2016 دا پەسەندی كردووە و دەقەكەی بریتییە لەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەفەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەجوڵێن و ملكەچن بۆ یاسا سەربازیە جێبەجێكراوەكان، جگە لەوەش رێگەیان لێدەگیرێت لە كاری سیاسی ، ئەمەش لە فەرمانەكەی عەبادیدا هاتوەو و باس لە پەیكەربەندی حەشدی شەعبی و داخستنی بارەگای گروپەكانی دەكات.

شێخ كرعاوی لەو بارەیەوە دەڵێت: وەك ئەوە وایە عەبدولمەهدی بڕیاری پێش خۆی جێبەجێكات، بەڵام پێی باش بووە بۆ حكومەتەكەی ئەو ئەژمار بكرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە هیچ شتێك نەگۆڕاوە تەنیا هەندێك وردەكاری نا كرۆكی نەبێت.

لەو چوارچێوەیەدا، وتەبێژی فەرمی عەسائیبی ئەهلی حەق محمود روبەیعی وتی : فەرمانی دیوانی حكومەت هەنگاوێك نییە بۆ خێراكردنی دانانی یاسای حەشدی شەعبی و جێبەجێكردنی.

شەڕكردن لە دەرەوەی سنوور
حكومەتی عێراق رووبەرووی كێشەیەك دەبێتەوە لەلایەنەكانی رێكخستنی حەشدی شەعبی كە خۆی لەو جەنگاوەرانەدا دەبینێتەوە لە دەرەوەی سنوری وڵات شەڕ دەكەن. دیارە لە سوریادا شەڕكەری عێراقی هەبوون و بەشدار بوون لە جەنگەكاندا وەك پاڵپشتیەك بۆ رژێمی بەشار ئەسەد.
\
مەحمود روبەیعی روونیكردەوە پێویستی چوونی چەكدارە عێراقیەكان بۆ سوریا كۆتایی هاتوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی رژێمی سوریا رووبەرێكی زۆری ئەو ولاتەی وەرگرتەوە؛ هۆكاری چوونی گەنجەكان بۆ بۆ شەڕ كردن بە پاساوی بەرگری كردن بوە لە پیرۆزیەكان و بەتایبەتی مەزارگەی سیدە زینب لە دیمەشق.

شرۆڤەكاری سیاسی مەناف موسەوی لەم بارەیەوە وتی : دۆخی ئێستای سوریا پێویستی بە شەڕكەری عێراقی نییە، ئەمەش لە بەرژەوەندی عبد المهدی دایە بۆ جێبەجێكردنی بریارەكەی. لە كاتێكدا شارەزای بواری ئەمنی ئەحمەد شەریفی پێی وایە حكومەتی عێراق توانای ئەوەی نیە رێگە لە چوونی چەكدار بگرێت بۆ دەرەوەی سنور و وتی : كێشەی‌ رۆیشتنی چەكدار بۆ دەرەوەی سنوور ئالۆزەو و حكومەت توانای ئەوەی نیە رێگەیان لێ بگرێت.

سەرچاوە: الجزیرە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا