مەسرور بارزانی بەرووكردنە بەغدا دوو بەرەی شەڕی دژ بەخۆی كردووەتەوە

عیراق

06/08/2019‌ 10457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونییەوە، خواستی ئەوەی نیشاندا، كە چارەسەری كێشەكانی هەولێر لەبەغدایە، بۆیە دەستپێشخەری كردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەند كۆبوونەوەیەكی كرد.

لەئێستادا ئاماژەكان بۆ ئەوەن، كە پێناچێت بەئاسانی مەسرور بارزانی ئەو خواستەی بۆ بچێتە سەر، چونكە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان دژایەتی دەكرێت، هەروەها وڵاتی توركیاش بەربەستێكی گەورە دەبێت لەبەردەمی بۆ جێبەجێكردنی ئەو خواستە.

پێش مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، كە ئێستا سەرۆكی هەرێمە، سەرۆكی حكومەت بوو، لەماوەی دەسەڵاتی بەتەواوی بەغدای پشتگوێ‌ خستبوو، هەموو سێوەكانیشی كردبووە، سەبەتەكەی توركیا، بەتایبەتی لەبواری نەوت‌و دارایی.

ئەو هەوڵانەی نێچیرڤان بارزانی لەماوەی رابردوو بۆ نزیكبوونەوە لەتوركیا داویەتی، بەربەستێكی گەورەن لەبەردەم مەسرور بارزانی بۆ جێبەجێكردنی خواستەكەی، كە سیاسەتی كاركردنی ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم رێكبكەوێت، نەك ئەنقەرە.

رێككەوتنی 50 ساڵی‌و گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان
یەكێك لەگرفتە گەورەكانی بەردەم مەسرور بارزانی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا رێككەوتنێكە، كە ساڵی 2013 هەرێمی كوردستان لەسەردەمی حكومڕانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ توركیا واژووی كرد، هەروەها یەكێكی تریش لەگرفتەكان ئەنجامدانی چەند رێككەوتنێكە، كە ساڵانی رابردوو نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نەوتی ئەنجامیداون.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی 2013 دوای ئەوەی بیرۆكەی فرۆشتنی نەوتی بەشێوەی سەربەخۆ لای گەڵاڵە بوو، راستەوخۆ رێككەوتنێكی نەوتی لەگەڵ توركیا واژووكرد، كە ماوەی رێككەوتنەكە بۆ 50 ساڵەو بەپێی رێككەوتنەكەش، دەبێت هەرێم لەرێگەی توركیاو بەندەری جەیهانی توركی نەوت هەناردە بكات، لەبەرانبەردا ئەنقەرە، ئاسانكاری بۆ هەولێر دەكات، ئەوەش لەپێناوی كاركردنی چەند كۆمپانیایەكی توركی لەكەرتی نەوتی هەرێم‌و فرۆشتنی نەوت‌و غازیش بەو وڵاتە بەنرخێكی كەمتر لەبازاڕەكانی جیهان.

هەرچەندە تائێستاش ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بەتەواوی روون نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادارو بەرپرس لەئەنجوومەنی وەزیران، لەمیانی گفتوگۆی ناردنی شاندێك بۆ بەغدا بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر پرسی هەناردەی نەوت، مەسرور بارزانی باسی لەو رێككەوتنە كردووەو جەختیكردووەتەوە، ئەوە رێگرییەكی گەورەو دەبێتە بەربەست لەبەردەمیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق.

ئەوە لەكاتێكدایە، پێشتر توركیا ئامادەیی نیشاندابوو، كە ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بەمەرجێك عێراق‌و هەرێمی كوردستان هاوكاری سوپای توركیا بكەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەناو خاكی هەرێم بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەقەندیل‌و ناوچەكانی تر.

نێچیرڤان بارزانی هەر لەسەروبەندی دەسەڵات‌و لەكاتی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ، چەند گرێبەستێكی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نەوتی جیهانی لەوانە روسنەفت ئەنجامدا، كە سەرچاوەكە بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، ئەو رێككەوتننانە كۆمەڵێك پابەندی دارایی بۆ هەرێم دروست كردووەو هەولێریش ناتوانێت پابەند نەبێت پێیانەوە.

مەسرور بارزانی سوورە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ بەغدا
هەرچەندە ئەو بەربەستانە لەبەردەم مەسرور بارزانی هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، بۆ هەناردەی نەوت، بەڵام بەپێی سەرچاوەكە، ناوبراو سوورە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ بەغداو جەختیشیكردووەتەوە، دەبێت پێش سەری ساڵ بگەن بەرێككەوتن.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، سەرەڕای ئەوەی مەسرور بارزانی بەچوونی بۆ بەغدا دەستپێشخەری كردووە بۆ رێككەوتن، لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، چەند بەرپرسێكی راسپاردووە، بۆ ئەوەی درێژە بەگفتوگۆ بدەن لەگەڵ لایەنی عێراقی‌و چارەسەری كێشەكان.

توركیا نیگەرانە
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كرد، كە هەنگاوەكانی مەسرور بارزانی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەسەڵاتدارانی توركیا نیگەران كردووە، چونكە پێیانوایە سیاسەتەكانی ناوبراو بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئەنقەرەیە لەهەرێمی كوردستان.

جگە لەوەی مەسرور بارزانی بەئاراستەی ئەوە كاردەكات، كە هەولێر لەئەنقەرە دووربخاتەوەو رووبكاتە بەغدا، لەهەمانكات لەژێر ناوی چاكسازی دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە بۆ گۆڕانكاری لەئەنجوومەنی وەزیران، بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی لەنێچیرڤان بارزانی‌و توركیا نزیكن‌و بەرپرسیاری دارایی‌و وزەی هەرێمیان بەدەستەوە بووە.

هەنگاوی یەكەمی مەسرور بارزانی، دوورخستنەوەی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانەسروشییەكان بوو لەپۆستەكەی، كە بەپێی سەرچاوەكە ئەو هەنگاوە توركیای زۆر نیگەران كردووەو تەنانەت فشاری كردووە، بۆ ئەوەی ناوبراو لەئەنجوومەنی وەزیران پۆستی بێبدرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، كە فشارو نیگەرانییەكانی توركیا وای لەمەسرور بارزانی كردووە، پۆستی راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، بەئاشتی هەورامی، كە پێشتر بڕیاری ئەوەی هەبووە هیچ پۆستێكی پێنەداتەوە.

ئاشتی هەورامی لەساڵی 2006وە لەكابینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزارەتی سامانەسروشییەكانی وەرگرتووە، كە بەكەسێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی‌و لایەنی توركی ئەژمار دەكرێت‌و تەنانەت زۆربەی رێككەوتنە نەوتییەكانی وا ئەنجامداوە خواستەكانی توركیای تێدا جێگە بكاتەوە.

مەسرور بارزانی دەیەوێت كۆنتڕۆڵی دۆسییەی نەوت بكات
مەسرور بارزانی بەو هەنگاوانەی دەستیپێكردووە، دەیەوێت دۆسییەی نەوت بەتەواوی بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە، كە سەرچاوەكەی شارپرێس لەو بارەوە رایگەیاند، ئێستا سەرۆكی نوێی حكومەت دۆسییەی نەوتی لەژێر دەسەڵاتی خۆی كورتكردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە كەسی بۆ پۆستی وەزیری سامانەسروشییەكان یەكلانەكردووەتەوەو خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی كاروباری وەزارەتەكە دەكات.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، هەرچەندە سەرۆكی حكومەت پۆستی داوە بەئاشتی هەورامی لەژێر فشاری توركیا دانراوەتەوە، بەڵام دەسەڵاتی مۆركردنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیاكان، یان وەرگرتنی داهاتەكانی نەوت لێسەندووەتەوەو زۆربەی ئیشوكارەكانی لەكاری راوێژكاریدا هێشتووەتەوە.

هەروەها سەرچاوەكە ئەوەی راگەیاند، مەسرور بارزانی متمانەی بەئاشتی هەورامی‌و تیمەكەی نێچیرڤان بارزانی لەبواری نەوت‌و دارایی نییە لەبەر ئەوە دەستی بە كۆمەڵێك گۆرانكاری كردووە.

هـ ـ ح