وردەكاری دانپێدانی سیخوڕێكی میت لەناو گەریلاكانی پەكەكە

کوردستان

10/08/2019‌ 10760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گوڵفیدان ئاكتاش، خەڵكی نسێبین لەباكوری كوردستانە، لە بەرانبەر هەڕەشەكانی هەواڵگیری توركیا مل كەچ دەكات و دەبێتە سیخوڕ، دژی بەرخۆدانی خۆبەڕێوبەری باكوور و بزووتنەوەی ئازادی، دەچێتە ڕیزی دوژمنەوە، لە ئەنجامی زانیارییەكانی ئەو سیخوڕە چەندین هێرشی سەربازی و سیاسی لەدژی گەریلا و وڵاتپارێزان ئەنجامدراوە.

بەشی سێیەمی بەرنامەی "كرمی دار"، كە چوارشەممەی ڕابردوو لەتەلەفزیۆنی ستێرك بڵاوكرایەوە، دانپێدانانەكانی دوو سیخوڕ بەناوەكانی تەكین ساداك و گوڵفیدان ئاكتاشی خستەڕوو، ئاژانسی ڕۆژنیوز دوێنێ دانپێدانەكانی تەكین ساداكی بڵاوكردەوە و ئەمڕۆش دانپێدانانەكانی گوڵفیدان ئاكتاش دەخاتەڕوو.

گوڵفیدان ئاكتاش خەڵكی شاری نسێبین-ی سەر بەپارێزگای مێردینی باكووری كوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە سیخوڕی بۆ میت دەكات، لە ئەنجامی ئەو زانیارییانەی ئەو سیخوڕە داویەتە دەوڵەتی توركیا چەندین هێرشی سەربازی و سیاسی لەدژی گەریلا و وڵاتپارێزان ئەنجامدراوە و كادر و خەباتكارانی ئاشكراكردووە.

ئەو سیخوڕە هەم لەدژی خۆبەڕێوبەری باكووری كوردستان لەگەڵ میت كاری كردووە هەم چالاكییەكانی گەریلا دژی داگیركاریی ئاشكرا كردووەو شوێنی گەریلاكانی داوەتە دەزگای هەواڵگیری میت.

سیخوڕی میت گوڵفیدان ئاكتاش سەرەڕای ئەوەی لەناو خانەوادە و خزم و كەسوكارێكی وڵاتپارێز گەورە بووە، بەڵام چونكە لەبەرانبەر هەڕەشەكانی هەواڵگیری تورك بەرخۆدانی نەكردووە و ئیرادەیەكی بەهێزی نەبووە، خۆی بەدەستەوە داوە و بۆ دوژمنی خۆی كاری كردووە.

گوڵفیدان ئاكتاش وەها خۆی دەناسێنێت: ساڵی ١٩٨٧ لە ئیزمیر لەدایكبووم، هەر لەوێ گەورە بووم، بە ئەسڵی خۆم خەڵكی نسێبینیم، خوێندنگای سەرەتاییم لەكادیفەكالەی ئیزمیر خوێند، تا ساڵی ٢٠١٠ لە گەڕەكی كادیفەكالە ژیانم كرد، دوای ئەوەی باوكم خانەنشین بوو، گەڕاینەوە بۆ نسێبین، لە خەباتی گەنجان جێیم گرت، بەشداریم لە ڕێپێوان، میتینگ و كەمپەینەكانی واژوو كۆكردنەوە دەكرد، سەرەتا لە ڕێگەی خزمەكانی دایكمەوە ئەم ڕێگەیەم ناسی، لەسەر دۆسییەی خۆشكەكەم بەناوی سوكران ئاكدوغان، ئاسایش بۆ وەرگرتنی ئیفادە منیان بانگ كرد، باوك و خۆشكەكەشمیان بانگ دەكرد، جارێكی دیكەش بۆ ئیفادەدان منیان بانگ كرد، دوای ئەوەی ئیفادەم لێوەرگیرا، پۆلیسەكان چوونە دەرەوە و دوو ئەندامی هەواڵگیری بە ناوەكانی "كەنعان و هاكان" هاتنە ناو ژوورەكە، دەستپێك لەسەر گلەییەكانی سەر من قسەیان كرد، دوایی بابەتی گەنجانی نسێبینیان كردەوە، باسی ئەو چالاكییەیان كرد و وتیان: كێ لەوێ هەیە ئێمە ئاگادارین، بە منیان وت: تۆش لەناویاندا بوویت و تۆش خەباتكاری ئەوانیت، هەڕەشەیان لەمن كرد و وتیان 'ئەگەر داوای ئێمە قبوڵ نەكەی لێپرسینەوەت لێ دەستپێدەكەین'.

گوڵفیدان ئاكتاش كاتێك كار بۆ میت دەكات لە بواری خەباتی ناوچەیی بزووتنەوەی ئازادی چالاك دەكرێتەوە، كاتێك دەستگیر دەكرێت، هەر لەوێ دەستدرێژیی دەكرێتە سەرو ڤیدیۆی ئەو دەستدرێژییەش تۆمار دەكرێت، هەڕەشەی لیدەكرێت ئەگەر داوای سیخوڕیكردن بۆ ئەوان قبوڵ نەكات ئەو ڤیدیۆیە بڵاودەكەنەوە، گوڵفیدان لە بەرانبەر ئەو هەڕەشەیە مل كەچ دەكات و وەها باسی دەكات: ساڵی ٢٠١١ بوو، كە دەستدرێژییان كردەسەرم بە منیان وت، خانەوادەكەت ئاگادار دەبنەوە، منیش چونكە خانەوادەو كەسوكارم پێی چارەسەر نەدەكرا و یەكەمجار بوو وەها شتێكم دەبینی، ترسام، بۆیە زستانی ٢٠١٥ داواكارییانم بۆ سیخوڕی قبوڵكرد.

گوڵفیدان ئاكتاش لەكاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوبەری دیموكراتی زانیاری ئەو شتانەی لە نسێبین ڕوودەدات خولەك بە خولەك دەداتە دەوڵەتی توركیا، هەوڵدەدات ئەو بەرخۆدانە پوچەڵ بكاتەوە، ئاكتاش وەها باسی كارەكانی دەكات: دوای ئەوەی قبوڵم كرد، كە سیخوڕی بكەم، ئیدی زانیاریم كۆدەكردەوە و دەمدایە ئاسایشی نسێبین، ئەو زانیاریانەم بەتایبەت لە ڕێگەی تەلەفۆن، یان ڕاستەوخۆ دەدایە دوو كەس بە ناوەكانی كەنعان و هاكان، لە مێردینیش لەناو ئۆتۆمبیل لەگەڵیان دادەنیشتم، لە مێردین قەت نەچوومەتە ناو بینای ئاسایش، ئەوان لەكناری جادەیەك یان لە ناو كۆڵانەكان جێیكیان دیاری دەكرد، منیش دەچوومە ئەوێ.

گوڵفیدان زانیاری لەسەر گەنجان و شەڕڤانانی یەپەسە، كە لە نسێبین داگیركەرانی توركیان دەكردە ئامانج دەدایە دەوڵەت و لە بەردەوامی قسەكانی وەها باسی دەكات: زۆرجار بە تەلەفۆن زانیاریم دەدایە هەواڵگیری، بەڵام من هەمیشە بە ئەوانم دەوت پێویستە بێمە لاتان و ڕاستەوخۆ زنیارەكانتان پێبدەم، ئەوانیش دەیانوت، كاتێك لەسەر تەلەفۆن قسە دەكەیت پێویستە زۆر لەسەر زانیارییەكان قسە نەكەیت و كورت قسە بكەیت، من ئەو زانیاریانەم بە هەواڵگیری دابوو: 'باران ئاسلان'م ئاشكرا كرد، باران ئاسلان كێیە؟ چ دەكات؟ لە كام بەش خەبات دەكات؟ ئەوانەم وت و وتم: خەباتكارە، دوایی ئەوانیش چەند وێنەیەكی هەڤاڵانێك لە گەڕەكی فرات خەباتیان دەكرد نیشانی منیاندا و دەیانپرسی لەناو گەڕەكەكەن یان نا؟ منیش ناوی هەڤاڵانم دەوت، ناوی هەڤاڵ فرات، كە فەرماندەی گەڕەكەكە بوو، ناوی هەڤاڵ جانفیدا و هەڤاڵ عەلی شێرم دایە ئەوان، هەڤاڵ دەڤریم، ڕۆستەم، كەندال و بەشێك لەهەڤاڵان، كە لەناو خەباتی گەنجان كاریان دەكرد ناوی ئەوانیشم دایە ئاسایش، من تەنیا دەمزانی، كە هەڤاڵان فرات، كەندال و دەڤریم كادری شاخن، هەروەها زانیاریشم لەسەر خەندەقەكان دەدایە ئاسایش، لە كام گەڕەك و كۆڵان خەباتی خەندەق هەبوو بە ئەوانم دەوت، ژمارەیان لە بیرم نەماوە، هەڤاڵ عەلی فرات جارێكیان داوای لاپتۆپێكی لە من كرد، منیش بە ئەندامانی هەواڵگیری كەنعان و هاكانم وت، ئەوانیش وتیان ئامادەی دەكەین، دوای ١٠ ڕۆژ بانگی منیان كرد، وتیان ئامادەیە وەرە بیبە، منیش چووم وەرمگرت و هێنام و دام بە هەڤاڵ عەلی فرات، بەڵام نازانم شتێكیان لەو كۆمپیوتەرە كردبوو یان نا.

گوڵفیدان دوای بەرخۆدانی شارەكان بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ میت-دا، زانیاری لە بزووتنەوەی ئازادی كوردستان كۆدەكاتەوە و یەك بە یەك دەیداتە میت، ئەو ڕیسكانەی ملیسەكان "خەباتكارەكان" ناتوانن بگرنە ئەستۆ گوڵفیدان لەژێر چاودێری میتدا دەیگرێتە ئەستۆی خۆی، گوڵفیدان ئەمجارە لەگەڵ گەریلا پەیوەندی دروست دەكات، هەموو ئەو زانیارییانەی لە گەریلاكان دەستی دەكەوێت دەداتە میت، گوڵفیدان وەها باسی پەیوەندی كردن لەگەڵ گەریلا دەكات: كاتێك لە باگۆك چوومە لای هەڤالان، من ئەو چاوپێكەوتنەم لەگەڵ هەواڵگیری باس كرد، دەستپێك نەمدەزانی ئەو چاوپێكەوتنانە بۆ چییە، دوایی تێگەیشتم، كە بە نیازن ١٥ی ئاب چالاكی بكەن، ئەو زانیاریەشم دایە هەواڵگیری، پلانی چالاكییەكە و چونییەتی ئەنجامدانی هەموویم بۆ هەواڵگیری باس كرد، بە ئەوانم وت، ئۆتۆمبیلەكە لە لیدل بەناوی هەڤاڵ عەدنانەوە وەردەگیرێت، ژمارە و ڕەنگی ئۆتۆمبیلەكەشم بە هەواڵگیری میت وت، ئەو هەڤاڵانەی لەباگۆك لەگەڵیان دانیشتم، هەڤاڵ زنارین، هەڤاڵ لیلڤا و دوو هەڤاڵی كوڕ بوون، من زانیاری ئەو هەڤاڵانەشم دایە ئەوان، كاتیك ئۆتۆمبیلەكەمان وەرگرت ئەوان ئاگادار بوون.

بۆ ئەوەی چالاكی گەریلا سەركەوتوو نەبێت هەوڵدانێكی گەورە دەكەن، ئاكتاش وەها باسی دەكات: بە منیان دەوت، بۆ هەر ئەگەرێك پێویستە چاو و گوێت كراوە بێت و هۆشیار بیت، باش چاودێری دەوروبەرت بكە، چونكە لەوانەیە بێ ئاگاداری تۆ ئۆتۆمبیلی چالاكییەكە بگۆڕن، یان ئەوەی بە تۆ بڵێن، زوو ئێمە ئاگادار كە هەمیشە ئەو قسانەیان دەكرد، بۆ كڕینی ئەو ئۆتۆمبیلە ٣٠ هەزار دۆلارمان لە هەڤاڵ زنارین وەرگرتبوو، منیش وتم ئەوەندە پارەمان وەرگرتووە و عەدنانیش لەناو پلانی چالاكییەكە جێی گرتووە، ئەگەر چالاكییەكە بكرابا، ڕیگەی دەرچوونی ئەوانیشم دەدایە هەواڵگیری، هەڤاڵان لەسەر ڕێگایەك كە ئێمە تێدا تێپەڕ دەبین باسیان دەكرد، یان دەبوو لە ڕێگەی "هەوریشم" (ئیپەك)ـەوە تێپەر بواین یان لە ڕێگەی عومەریان، تا خولەكی كۆتاییش دیار نەبوو، بۆیە ئەو هەردوو ڕێگاكەم بۆ هەواڵگیری ئاشكرا كرد.

هـ ـ ح