بەغدا هەوڵی دەركردنی هێزەكانی توركیا لە عێراق دەدات

عیراق

12/08/2019‌ 1895 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جوڵەیەكی حكومی بۆ كردنەدەری هێزە سەربازییەكانی توركیا لە خاكی عێراق هەیە.

عەلی غانمی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت: بوونی ئەو هێزە سەربازییەی توركیا لەباكووری عێراق هیچ پاساوێكی نییە و پێشێلكردنی سەروەری عێراقە.

ئەو دەشڵێت لەئێستادا هەموو شاندە ئەمنی و سەربازییەكان لەجوڵەدان بەرەو ئەنقەرە بۆ گەیشتنە رێككەوتنێك بەئامانجی چوونەدەری ئەو هێزانەی توركیا و هەنگاونان بەرەو هەماهەنگی هەواڵگری لەجیاتی بوونی سەربازی.

غانمی هەروەها دەڵێت: عەبدول مەهدی و عوسمان غانمی سوپاسالاری عێراق لەمیانی سەردانەكانی ئەم دواییەدا بۆ توركیا ئەردۆغانیان ئاگاداركردووەتەوە لەوەی عێراق سوورە لەسەر چوونەدەری هێزەكانی توركیا لەخاكی عێراق، هەروەك ئەوەشی ئاشكرا كردووە حكومەتی عێراقی لایەنی توركیان ئاگاداركردووەتەوە، كە بەغدا توانای ئەوەی هەیە هەماهەنگی هەواڵگری لەگەڵ توركیا بكات و زانیاری لەسەر ئامانجەكانی دوژمنیان پێبدات ، بەڵام لەبەرانبەردا توركیا ئەو كەسانە رادەستی عێراق بكاتەوە، كە لەلایەن بەغداوە داواكراون .

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا غانمی دەڵێت: لە ئەنجوومەنی نوێنەران واژووكۆكراوەتەوە بۆ گوشارخستنە سەر حكومەت بۆ كاراكردنی رۆڵە دیبلۆماسییەكەی لەپێناو كردنەدەری هێزە توركییەكان، لەبەر ئەوەی بوونیان ناشەرعی و بێپاساوە.

پێشتریش ، لیژنەی ئاسایش و بەرگری جەختی كردبووەوە، كە حكومەتی بەغدا مۆڵەتی ئەوەی بەلایەنی توركیا نەداوە بنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەهەرێمی كوردستان بۆردوومان بكات، لەبەرانبەریشدا حكومەتی هەرێم رەتیكردووەتەوە ریگە بە بەغدا بدات ڕێگری لە هاتنەناوی سوپای توركیا بۆناو خاكی هەرێم بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی