هەولێرو بەغدا دوو لیژنەیان بۆ چارەسەری كێشەكان پێكهێناوە

عیراق

15/08/2019‌ 528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوای پشووی جەژن سەردانی بەغدا بكات و بەرپرسێكی پارتیش لەبەغدا ئاشكرایكرد، سەردانەكان لەلایەن ھەردوو حكومەتەوە بەردەوامییان دەبێت و دەشڵێت: دوو لیژنە بۆ چارەكردنی كێشەكان پێك ھێنراون.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەو بارەوە دەڵێت: لە چوارچێوەی دانوستانەكانی نێوان ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ، گەیشتوونەتە رێككەوتن دوو لیژنەی ھونەری و تەكنیكی پێك بێن بۆ ئەوەی سەردانەكان لەلایەن ھەردوولاوە بەردەوامییان ھەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەردوولا، واتا ناردنی شاند لەلایەن ھەردوولاوە بەردەوامییان دەبێت.

دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، شاندێكی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەردانی بەغدای كرد و ھەردوولا گەیشتنە ئەنجام بۆ چارەكردنی كێشەكان لە رێگەی دانوستانەوە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی دەشڵێت: سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیران بۆ بەغدا، بەرھەمدار بوون و كاریگەرییان ھەبووە لەسەر پێشوەچوونی پەیوەندییەكان، پێكھێنانی دوو لیژنەش بۆ چارەكردنی كێشەكان، یەكێكە لە ھەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و چارەسەركردنی یەكجارەكیی گرفتەكان.

هـ ـ ح