تادێت بازنەی توڕەییەكانی دژ بەرەجەب تەیب ئەردۆغان فراوانتر دەبێت

جیهان

18/08/2019‌ 4124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت و بەتێپەڕبوونی كات، بازنە توڕەییەكانی دژ بەرەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا فراوانتر دەبێت، بە تایبەتیش لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە، كە ئەردۆغان بەمەترسی دەزانن بۆ سەر سەربەخۆیی دامەزراوەكەیان‌، ئەمەش‌ بەهۆی دوژمنكاری سەرۆكی توركیا بۆ ئەو دامەزراوەیەو دەستگیركردنی ژمارەیەك لەكارمەندەكانی.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، وەك نارەزاییەك بەرانبەر تۆماری ئەردۆغان لەدژایەتیكردنی ئەو دەزگا دادوەرییە، زۆرێك لە سەندیكاكانی پارێزەرانی توركی، ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە، كە بایەكۆتی ئاهەنگی ڕێوڕەسمی دادوەری مانگی ئایندەی كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا دەكەن.

ئەو پارێزەرانە داوایەكی دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەی وڵاتەكەیان ڕەتكردەوە بۆ ئامادەبوون  لە دەستپێكی وەرزێكی تازەی دادوەری لە مانگی سێبتێمبەری  ئایندە، كە سەرەتا پارێزەرانی ئەزمیر دەستپێشخەری ئەو هەڵوێستە بوون و دواتر دەیەها سەندیكای دیكە هاتنە پاڵییەوە. 

لە بەیاننامەیەكی سەندیكای ئەزمیر، كە ئاراستە سەرۆكی دادگایان كردووە هاتووە: شیمانەی (احتمال) ئەوە هەیە لەو وتارەی، كە لە بۆنە‌كەدا ئەردۆغان دەیخوێنێتەوە، باسكردن بێت‌ لەسەربەخۆیی دامەزراوەی داوەری، سوریش دەزانن، كە هەزارەها لەوانەی لە پێناو مافەكاندا خەبات دەكەن ڕاپێچی بەندیخانەكان كراون، تۆ باس لە ئازادی تاكە كەسی و سەلامەتی و ئازادی ڕادەربڕین و مافی دادبینییەكی دادپەروەر و ئازاد ڕۆنامەنووسی دەكەیت.

لە توركیا چەندەها پارێزەرو دادوەر لە پۆستەكانیان دورخراونەوە و بەگوێرەی یاسای باری نائاسایی‌ ساڵی 2016 و وەك دەرهاویشتەی هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكە دەستگیركراون.

لەبەیاننامەكەدا هاتووە، كە ڕووی لە سەرۆكی دادگایە، بە دڵنیاییەوە ئەو دووبارە و چەندجارە دەكەیتەوە، كە "ئێمە فرمان و ڕێنمایی لەكەس وەرناگرین و هیچ شتێكیش لەسەروو یاساوە نییە، تۆ ئەمە لە گۆڕەپانی كۆشك و لەبەردەم سەرۆكی جێبەجێكاردا دەڵێیت".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەو ساوە لەپارەوە پۆستی سەرۆكی جێبەجێكاری، بووەتە خاوەنی دەسەڵاتی مشتوماڵكەر زیاتر لەوەی دەزگای دادوەری و داواكارانی گشت هەیانە.

زۆر كات ئەردۆغان باسی لەڕێزگرتن دەزگای دادوەری كردووە، كە‌ دەسەڵاتدارانی تورك هەزارەها نوێنەری داواكارانی گشتی دادوەرانیان لەكارەكانیان دوور خستوونەوە، لە لە مارسی ڕابردوودا توركیا  126 كەسیان دەستگیر كردووە، تۆمەتبارن بە ئەندامییەتی و پەیوەندییان بەفەتحوڵا گولەنەوە.

ئەو دامەزراوانەش، كە ڕاستەوخۆ بەستراونەوە بە ئەردۆغانەوە بریتین لە سەرۆكایەتی ئەرشیفی دەوڵەت، ئەنجوومەن چاودێری دەوڵەت، سەرۆكایەتی كاروباری ئاینی، سەرۆكایەتی سوپاسالاری توركیا، سەرۆكایەتیپەیوەندییەكان، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئاسایش نەتەوەیی، دەزگای هەواڵگری، سەرۆكایەتی كارگێڕی بەڕێوەبردنی كۆشكە نیشتمانییەكان، سەرۆكایەتی پیشەسازی بەرگری، سەرۆكایەتی ستراتیژی و بودجە، سندوقی سەروەری توركی.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر