شارپرێس:
كۆمپانیای كەرتی تایبەتی ئەمەریكی Virgin Galactic رایگەیاند، لەكۆتایی ئەمساڵ دەست دەكات بە دامەزراندنی ناوەندێكی ئیدارەدان بۆ گەشتە گەشتوگوزارییەكان بۆ بۆشایی ئاسمان .
رۆژنامەی Albuqerque Journal لەسەر زاری جۆرج وایتسادس بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە گواستویەتییەوە، ناوەندكە دەكەوێتە نزیك شاری ئابام لەویلایەتی نیو مەكسیكۆی ئەمریكی، بەشێوەیەك فرۆكەخانەیەك بۆ هەستان و نیشتنەوەی ئەو فرۆكانە دروستدەكرێت، كە گالیسكە ئاسمانییەكان هەڵدەگرن، هەروەها ناوەندەكە چەند هۆڵێكی لێدەبێت بۆ گەشتیارانی بۆشایی ئاسمان و كەشتیوانە ئاسمانییەكان.
هەروەك پێگەی Engadjet.com بڵاویكردەوە، بەم نزیكانە گەشتە ئاسمانییە ئەزموونییەكانی ئەو فرۆكانە دەستپێدەكات، كە گالیسكە ئاسمانییەكان هەڵدەگرن، بەڵام گالیسكەی Unity، كە ٦ گەشتیاری بۆشایی ئاسمان هەڵدەگرێت بۆ خولگەی نزمی زەوی، لەكۆتایی ئەمساڵ بۆ فركەخانەكە دەگوازرێتەوە .
رۆژنامە ئەمەریكییەكان باسیان لەوە كردووە، كە بلیتی یەك گەشتی بۆشایی ئاسمان لەبەرزی ١٠٠مەتر لەسەر رووی زەوییەوە و بۆماوەی دوو كاتژمێر نرخەكەی ٢٥٠ هەزار دۆلارە .
دەوترێت هەردوو كۆمپانیای Blue Origin و SpaceX پلانی ئەوەیان داناوە، كە گەشتی گەشتیاری بەشێوەی بەردەوام بۆ بۆشایی ئاسمانی رێكبخەن .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی