روسیا لەسەر ڕێككەوتنی لەگەڵ ئەمریكا سزای توركیا دەدات

جیهان

20/08/2019‌ 6024 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای چەند رۆژێك لە رێككەوتنی نێوان ئەمریكاو توركیا، لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریا، ئەنقەرە بڕیاریدا كۆمەكی سەربازی بۆ خاڵەكانی چاودێری خۆی لە گوندەواری ئیدلب بنێرێت تا ئاستی پابەندی روسیا بە ڕێكەوتننامەی "كەكەمكردنەوەی گرژییەكان" لە باكووری رۆژئاوای سوریا تاقیبكاتەوە .

لەو بارەوە سەرچاوە دیبلۆماسییە رۆژئاواییەكان بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"یان راگەیاندووە، رێكەوتنەكەی توركیاو ئەمەریكا بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی سەربازی بەدرێژایی ٧٠ بۆ ٨٠ كیلۆمەتر لەخۆدەگرێت  لەنێوان  هەردوو شاری سەرێ كانی و گرێ سپی ، كە قووڵاییەكەی لە ٥ كیلۆمەترەوە بۆ ١٤ كیلۆمەتر دەبێت و دەوریاتی  ئەمەریكی –توركی چاودێری دەكەن‌و ژوورێكی پرۆسە هاوبەشەكانیش دروست دەكرێت، ئەوە روسیای نیگەران كردووە، بۆیە تۆڵە لەئەنقەرە دەكاتەوە .

سەرچاوەكان راشیانگەیاندووە، ئەو شكڵە سەربازییە نوێیەی دروست دەكرێت هیچ پەیوەندییەكی نە بە ئیدارەی خۆجێی ناوچەكە و نە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هەیە و یەكێك لە خاڵەكانیشی بریتییە لە دورخستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل و دوورخستنەوەی چەكی قورس تا قووڵایی ٢٠ كم .

هەنگاوەكەی رۆژی دوو شەممەی توركیا تاقیكردنەوەی رەوشی نوێی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ بوو، بەجۆرێك ئەنقەرە كاروانێكی سەربازی لە پێنج تانك و ژمارەیەك ئۆتۆمبیلی سەربازی زرێپۆش رەوانەی سوریا كرد ، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی هێزەكە بۆ شاری مەعەررە نەعمان، كە ١٥ كیلۆمەتر لە باكووری خان شێخۆن دوورە، لەلایەن فرۆكەكانی سوریا و روسیاوە بۆردومان كران .

لەگەڵ ئەوەدا ، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا لە وەڵامی بانگەوازی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆككۆماری فەرەنسا بۆ راگرتنی ئاگربەست لەئیدلب وتی: ئێمە پشتیوانی هەوڵەكانی سوپای سوریا دەكەین بۆ دانانی سنوورێك بۆ هەڕەشە تیرۆریستییەكان، هەرگیز نەمانوتووە، كە تیرۆریستانی هەست بەئارامی بكەن ".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی