ئێران دەیەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بگەیەنێتە ٢٠ ملیار دۆلار

عیراق

21/08/2019‌ 261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرچاوە ئێرانییەكان باس لەوە دەكەن، كە كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق ساڵانە بگەیەنێتە ٢٠ ملیار دۆلار، لەكاتێكدا ئێستا ئاڵوگۆری ساڵانەی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ١٢ ملیار دۆلارە .

هەر لەو چوارچێوەیەدا محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا نووسیویەتی: عێراق هاوبەشێكی بازرگانی گەورەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە تاران هەوڵی بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانی لەگەڵ بەغدا دەدات.

لەلایەكی تر بەگوێرەی پێگەی "تەهران تایمز"،  روحوڵلا غولامی بەڕێوەبەری نووسینگەی گومرگی ئیلام باسی لەوە كردووە، كە لەماوەی چوار مانگدا زیاتر لە ٦٣٠ هەزار تۆن كەلوپەل لە دەروازەكەوە هەناردەی عێراق كراوە، كە بەهاكەی گەیشتووەتە ٤٠٤ ملیۆن دۆلار، جگە لەوەی بەقسەی دەسەڵاتدارانی ئێران هەناردەی ئەو وڵاتە لەڕێگای دەروازەی سنووری میهرانەوە گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی .

لای خۆشییەوە كاوە عەلی كەریم جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوە كردووە، كە ئێران  رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی هەر چوار دەروازەی (كیلێ، شووشمێ ، تەوێڵە ، سیخ ساڵح) بەفەرمی ببن بەدەروازەی نێودەوڵەتی بازرگانی و گەشتیاری، بۆ ئەوەش وابڕیارە هەردوو لایەنی عێراقی و ئێرانی لەسەر ئەو دۆسیەیە كۆبوونەوەیەك ساز بكەن .

بەرپرسە عێراقییەكانیش رایانگەیاندووە، كە دوای سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆسەر ئێران، واشنتۆن پێیراگەیاندوون دەتوانن بەردەوام بن لە هاوردەكردنی غاز و هەندێك كەلوپەلی تر لە ئێرانەوە .

لەو بارەشەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوكردەوە، واشنتۆن بەو مەرجە عێراقی لەهاوردەكردنی وزەی ئێرانی بەخشیوە بەهای ئەو هاوردەیەی ئێران بە دۆلار نەدات .

هاوكات بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی عێراقیش باسی لەوە كردووە، كە لەیەكێك لە بانكە حكومییەكان هەژمارێك كراوەتەوە بۆ ئەوەی نرخی ئەو شتانەی لەئێرانەوە هاوردە دەرێن بە دیناری عێراقی بدرێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە