كۆمپانیای HTC مۆبایلێكی پێشكەوتوو بەنرخێكی كێبڕكێكارانە نمایش دەكات

هەمەڕەنگ

24/08/2019‌ 537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیای HTC خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی لەرێگای مۆبایلێكی زیرەك و پێشكەوتوو، كە نرخەكەی لە ٢٠٠ دۆلار تێناپەڕێت بگەڕێتەوە بۆ ناو بازاڕی ئامێرە زیرەكەكان.

بڕیارە مۆبایلی نوێی Wildfire X بۆدییەكی كەشخەی هەبێت‌و دژە ئاو و تۆز بێت و لە پلاستیك دروست بكرێت، ئەو بەرگە پلاستیكییە بە بەرگێكی شووشە، كە بەرگەی بەركەوتن و رووشان دەگرێت، هەروەك شاشەیەكی OLED لەسەرە، كە كوالیتییەكەی زۆر بەرزە و قەبارەكەی ٦،٢٢ ئینچە .

پرۆسێسەر (چارەسەركەر)ی مۆبایلەكە لەجۆری MediaTek Helio P2 و رامەكەی ٤ گێگابایتە و شوێنی خەزنكردنی ناوخۆیی 32/64/128 گێگابایتە و توانای پاترییەكەی ٣٣٠٠ میلی ئەمپێرە و تایبەتمەندی خێرا شەحنبوونەوەی لەگەڵە.

تایبەتمەندی پەنجەمۆر و خزمەتگوزاری MyBuddy لەسەر دەبێت، كە بەكارهێنەر دەتوانێت لەبارودۆخی لەناكاودا داوای بەهاناوەهاتن و بانگی هاورێ و كەسە نزیكەكانی بكات.

كامێرای سەرەكی سێ هاوێنەیی دەبێت بە كوالێتی (12+8+5) مێگاپێكسڵ ، كە دەتوانێت باشترین وێنە لەكەشی كەم رووناكیدا بگرێت ، كامێرای پێشەوەشی تایبەتمەندی ناسینەوەی رووخساری لەسەر دەبێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی