ئەردۆغان ئامادەكاری بۆ ئەوە دەكات ناوی باباجان بخاتە "لیستی ناپاكەكان"ەوە

جیهان

24/08/2019‌ 2594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاگەیاندنەكەی عەلی باباجانی بەرپرسی‌ دۆسییەی ئابووری و ئەندامی دامەزرێنەری پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا، بە دامەزراندنی پارتێكی تازە و كۆكردنەوەی سەركردە مێژووییەكان لە دەوری خۆی، بووەتە‌ هۆی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندنێكی زۆر لەناو ڕیزەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا، بەتایبەتی لای رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پارتەكە.

سەرچاوە سیاسییەكانی توركیا باسیان لەوە كردووە، كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە عەلی باباجان و ئەوانەی لەدەوری ئەو كۆبوونەوە خۆش نابێت، بەوەی بڕیاریانداوە پارتێكی تازە دابمەزرێنن، كە خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكات بە "ناپاكیان" لە قەڵەم بدات.

ئەوەی ئەردۆغانی نیگەرانتر كردووە ئەوە بووە، كە ئەحمەد داود ئۆغڵۆی سەرۆك وەزیرانی پێشوو پارتێكی سیاسی تازە رادەگەیەنێت، بەمەش جاڕی جیابوونەوەی یەكجارەكی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغاندا ڕاگەیاند.

سەرچاوەكان ئەوە دووپاتدەكەنەوە، كە ئەردۆغان دوودڵی ناكات لەوەی ئەوانەی لێی جیابوونەوە بە "عەبددوڵڵا گویل"یشەوە بە :ناپاك: لە قەڵەم بدات.

سەركردەكانی پارتی داد و گەشەپێدان (گویل و باباجان و ئۆغڵۆ)یان بانگهێشتی بۆنەی دامەزراندنی پارتەكەیان نەكرد، كە هەفتەی پێشوو سازدرا بە وسیفەتەی ئەوان لە دامەزرێنەرانی پارتەكە بوون.

لەو ساوەی باباجان دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی پارتی داد و گەشەپێدان كردووە، میدیاكان  سانسۆریان خستووەتەسەر كاروچالاكی و لێدوانەكانیشی لە لایەن میدیاكانی سەر بە حكومەتە‌وە فەرامۆش كردووە.

بەڵام ئەو پرسە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناو كۆبوونەوەی بەرپرسان گەرموگوڕە، باسیش لە پلانەكانی داود ئۆغڵۆ دەكرێت، كە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت.

لەو بارەوە چەند كەسایەتییەكی توركی بۆ "ئەحوال توركیا" رایانگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت پارتە تازەكەی باباجان تا كۆتایی ئەمساڵ یان زووتر دابمەزرێت. 

چەند كەسایەتییەكیش ڕەشبینی خۆیان لەو هەنگاوە دەربڕی سەبارەت بەوانەی دە‌بنە ئەندامی ئەو پارتە تازەیە، ئەمەش بە هۆی هەڕەشەكانی ئەردۆغان بە "ناپاك" لە قەلەمیان دەدات‌و لێپێچینەوەی توند لەوانە دەكات لێی جیابوونەتەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت زۆر كەسی ئەكادیمست و دیار و بەرچاو، هاریكاری باباجان بن لەدامەزراندنی پارتەكەی. 

زۆر لە ئەكادیمییەكان دەستیان داوەتە لێكۆڵینەوە لە بارەی سیاسەتی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتەكانی دیكە، ئەمەش‌ داتای گرنگی لێدەكەونەوە بۆ دامەزراندنی پارتێكی سیاسی تازە، چاوەڕوانیش دەكرێت ژمارەیەك كەسی بیروكراسی ئابووری، كە ئامانجیان چاكسازییە بۆ چارەسەری گرفتە ئابوورییەكانی وڵات لە پشت باباجان بن.

كەسایەتییە نزیكەكانی باباجان، كە هەندێكیان پێشتر لەگەڵ ئەردۆغان بوون، دەڵێن خەڵكی نەیانزانیووە ئەوانیش ڕەخنەیان لە سیاسەتەكانی پاتی داد و گەشەپێدان هەبووە، ئیستاش پێیان وایە ئەو حیزبە، كە یادی 18 ساڵەی دەكاتەوە لە بنەما سەرەكییەكانی خۆی لایداوە. 


لەبەرانبەردا پاتی داد و گەشەپێدان بە وردی چاودێری جوڵەكان ئەو پارتە تازەی باباجان دەكات، ڕاپۆرتە میدیاییەكانی سەر بە حكومەتیش باس لەوە دەكەن، كە حیزبەكەی ئەردۆغان پێیان باشە بەخێرایی حیزبە تازەكەی باباجان دابمەزرێت، تا تۆكمە نەبێت و هەر بە مردووی لەدایك بێت. لایەنگرانی باباجانیش هۆكاری سستیان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە دەیانەوێت ڕێكخراوبن و خاوەنی پلانی سیاسیبن بۆ چارەسەركردن گرفتەكانی توركیا، دەشڵێن ئامانجیان دژایەتیكردن پارتەكەی ئەردۆغان نییە.

چاودێرانیش پێیان وایە،‌ سەختە ئەو حیزبە تازەیە بێ بەزاندنی پارتی داد و گەشەپێدان دەستی بگاتە‌ كورسی فەرمانڕەوایی توركیا. 

ڕاپۆرتەكان دەشڵێن، عەبدوڵڵا گویلی سەرۆك كۆماری پێشووی توركیاش چووەتە رێزەكانی حیزبەكەی باباجانەوە، بەڵام سەرچاوە حیزبییەكان ناو حیزبە تازەكە ئەوەیان پشتڕاستنەكردووەتەوە. 

هەروەها سەرچاوەكان دەڵێن: چاوەڕێ ناكرێت گویل ڕۆڵێكی فەرمی لەو حیزبە تازەدا بگێڕێت، بەڵام ئامۆژگاری و ڕاوێژی خۆی پێشكەش دەكات.

ناوەندە سیاسییە توركییەكانیش دەپرسن و بە تایبەتیش ئۆپۆزسیۆنی دژ بە ئەردۆغان، ئاخۆ پێودانگەكانی ئەندامبوون لەو حیزبە تازەیە چۆنە و چۆن نییە.

كەسایەتییە سەركردەكانی حیزبەكەی باباجان پلانیان هەیە لە هەموو چین و تویژەكانی توركیا كادر بێننە ناو ڕیزەكانی حیزبەكەیانەوە، ترسی ئەوەش‌ هەیە حیزبە تازەكە كۆپییەكی تازەی پارتەكەی ئەردۆغان بێت و بە هەمان ڕیتم و شێواز سیاسەت بكات.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر