شارپرێس: رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمەریكی و بەرپرسانی هەواڵگری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست گواستوویەتییەوە ، بەلایەنی كەم ئیسرائیل یەك جار هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی لەناو عێراق . رۆژنامەكە قسەی بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری لەرۆژهەڵاتی ناوەراست گواستووەتەوە، كە بەپێی قسەی بەرپرسەكە ئیسرائیل لە تەمموزی رابردوو هێرشی كردووەتە سەر بنكەیەكی سەربازی لەباكووری بەغدا ، هەروەك دوو بەرپرسی تریش وتوویانە: لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل چەند جێگایەكی لەناو عێراق بۆردومان كردووە . ئەوە لەكاتێكدایە، كە مانگە دەستكردەكانی ئیسرائیل شوێنەواری بۆردومانكردنی كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبیان لە باكووری بەغدا و لەنزیك بنكەیەكی ئاسمانی دەرخستووە، هەروەك ئیسرائیلیش پەنجەی بۆ بەرپرسیاری خۆی لەو هێرشە درێژ كردووە . سەرچاوە رۆژنامەوانییە ئیسرائیلییەكانیش بڵاویانكردووەتەوە، ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لەناو عێراق لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە، كە ئیسرائیل دەیاندات بۆ پچراندنی ئەو پردە وشكانییەی ئێران بەكاریدەهێنێت بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ سوریا دواتر بۆ لوبنان بۆدەستی هێزەكانی حیزبوڵڵا . لای خۆیشییەوە ، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا بۆ دووەم جار ئاماژەی بە بەرپرسیاری وڵاتەكەی لەهێرشكردنە سەر بنكەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق كرد . ئیسرائیل چەندین جار ئامانجە ئێرانییەكانی لەناو خاكی سوریا بۆردوومان كردووە ، بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٨١، كە ئێسرائیل كورە ئەتۆمییەكانی عێراقی بۆردومان كرد ، ئەوە یەكەم جارە ئیسرائیل لەناو خاكی عێراق بۆردوومانی ئامانجەكانی ئێران دەكات . لەبەرانبەردا ئەبو مەهدی موهەندیس ، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی، كە لە لیستی رەشی ئەمەریكادایە ، بەهۆی دوژمنایەتی توندی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ، واشنتۆن تۆماتبار دەكات بەوەی ئەو بەرپرسی یەكەم و كۆتایی ئەو هێرشانەیە كە دەكرێنە سەر بنكەكانی حەشدی شەعبی. موهەندیس دەڵێت: ئەمەریكییەكان چوار فرۆكەی بێفرۆكەوانی ئیسرائیلییان هێناوەتە ناو خاكی عێراق، تا بارەگا سەربازییەكانی عێراق بۆردوومان بكات ، هەڕەشەی ئەوەشی كرد هەر فرۆكەیەكی بیانی بەسەر ئاسمانی بنكە سەربازییەكانیاندا بسورێتەوە بەئامانج دەگیرێت و وەك فرۆكەی دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت . هەرچی فالح فەییازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی حكوومەتی بەغدایە لە رادەدەی توندی ئەو تۆمەتانەی كەمكردەوە . فەییاز سەرەرای ئەوەی وتی: لێكۆڵینەوە بەراییەكان دەڵێن ئەو رووداوە بە پرۆسەیەكی دەرەكی پلان بۆدارێژراو ئەنجام دراوە ، بەڵام جەختیشی كردەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوام دەبن تا بەوردی لایەنی بەرپرس دەستنیشان بكەن و بتوانن هەڵوێستێكی گونجاوی لەبەرانبەر وەربگرن. هەرچی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكایە ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە و وتەبێژەكەی لە وەڵامی پرسیارێكی میدیای فەرەنسیدا رایگەیاند "ئێمە بەرپرس نین لەو تەقینەوانەی لەم دواییە لە عێراق روویانداوە "، جەختیشی كردەوە بوونی ئەمەریكا بۆ پشتیوانیكردنی هێزە عێراقییەكانە لە جەنگی دژی تیرۆر . ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی