شارپرێس: حلمى ره‌سول ره‌زا ئیسرائیل هێشه ئاسمانییه‌كانی بۆ سه‌ر سوریا ده‌ستپێكرد، وه‌زیرى هاوكارى هه‌رێمایه‌تى ئیسرائیل-یش رایگه‌یاند، جه‌نگى سه‌ربازى راسته‌وخۆ له نێوان ئیسرائیل و ئێران ده‌ستیپێكردوه. تساحى هنگبى له لێدوانێكى رادیۆییدا رایگه‌یاندووه، "ئێران تاوانباره به هێرشى سه‌دان فڕۆكه‌ى بێفرۆكه‌وانى پڕ ته‌قه‌مه‌نى بۆ سه‌ر ئیسرائیل به مه‌به‌ستى كوشتنى ئیسرائیلى و یه‌هودیه‌كان، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانى سوپاى ئیسرائیله كه ژماره‌ى فرۆكه بێ فرۆكه‌وانه‌كان به‌چه‌ند دانه‌یه‌ك ده‌خه‌مڵێنێت". وه‌زیره‌كه‌ى ئیسرائیل ده‌شڵێ، "ئێران ده‌یه‌وێت ئیسرائیل ماندوو بكات له میانى پاڵپشتى و پاره‌داركردنى گروپه تیرۆریستیه‌كان له‌سه‌ر سنورى باكورو باشور له ئاماژه‌یه‌كدا بۆ لوبنان و سوریا و كه‌رتى غه‌ززه، له هه‌مانكاتدا هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد ئه‌م رووبه‌رووبونه‌وه سه‌ربازیه ته‌نها به‌شێكى بچوكه و له سوریاوه ده‌ستى پێكردوه". هه‌نگبى ره‌تیكرده‌وه، هیچ پاڵنه‌رێكى سیاسى له پشت دانپێدانانى خێراى ئیسرائیل به هێرشه ئاسمانیه‌كانى شه‌وى رابردوو هه‌بێت، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌شىكرد ئه‌و بڕیاره بۆ هاندان و پشتگیریكردنى ده‌نگى به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى ئێرانه كه خۆپیشاندان دژى رژێمه‌كه‌یان ده‌كه‌ن له رێكاره دوژمنكاره‌كانى بۆ سه‌ر ئیسرائیل.